14وتار

رونکردنەوەیەکی گرنگ بۆ سەرجەم خانەنشینانی هەرێم

2/5/2025 1:33:00 PM
د. یوسف محەمەد

د. یوسف محەمەد

سەرەتا پێویستە سڵاو بنێرین بۆ خۆڕاگریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوی هەرێم کە بەردەوامن لەسەر خەباتی مەدەنیی خۆیان لەبری سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم و هەمو هاونیشتیمانییانی تریش کە بە هەر شێوەیەک بێت ژیانیان بەستراوەتەوە بە موچەوە. ئەوان مانیان گرتوە بۆ ئەوەی نەهامەتیی دە ساڵی رابردو کۆتایی پێبێت و، قوتی هاونیشتیمانییان بە دور بگیرێت لە هەر ململانێیەکی سیاسی و، خەڵکی کوردستانیش ژیانێکی کەرامەتمەندانە بژین و، ئەمەش جێگەی پێزانینێکی ئێجگار گەورەیە.

خانەنشینانی ئازیز، ئەزانم چەند رۆژێکە بە هۆی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە کێشەی موچەی خانەنشینانەوە بڵاو ئەکرێتەوە توشی دڵەڕاوکێ بون. پاش بەدواداچون نوسراوێکم دەست کەوت کە لە لایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە وەک وەڵام ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. دیارە کە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پرسیاریان لە دادگا کردوە سەبارەت بە کاتی جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢) سەبارەت بە دروست نەبونی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە و، پابەند کردنی هەرێم بە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموار کراو و، پرسی ئەوەی کە پێویستە لە چ بەروارێکەوە جێبەجێ بکرێت بۆ رێگری کردنی تێچونی دارایی بۆ رابردو؟ لە وەڵامدا ئەمینداری گشتیی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئاماژەی بە مادەی (٣٧- دووەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا کردوە کە باس لەوە ئەکات کە بڕیارەکانی دادگا جگە لە دەقە سزاییەکان لە رۆژی دەرچونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە مەگەر لە بڕیارێکدا پێچەوانەی ئەمە دەقنوس کرا بێت).
دیارە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ئەم دەقەی قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی ئەوە بسەپێنێت کە تەنها ئەوانەی کە لە دوای دەرچونی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە لە (٢٣- ١١- ٢٠٢٢) خانەنشین بون موچەکانین هاوتا بکرێت لەگەڵ یاسای خانەنشینیی ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو کە ئەمە دروست نییە.

دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیاری (٢١٢- فیدڕاڵی- ٢٠٢٢) دو حوکمی دەرکرد کە ئەمانەن:
1.دروست نەبونی جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی هەڵوەشاوە ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن هەر دو داوالەسەرکراوان (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران)ی هەرێمی کوردستان و (وەزیری دارایی و ئابوری)ی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کارەکانیان؛
2.پابەند کردنی هەر دو داوالەسەرکراوی سەرەوە بە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراو.

بۆیە لە بەرواری دەرچونی ئەو بڕیارەوە واتە لە (٢٣- ١١- ٢٠٢٢)، دەسەڵاتی هەرێم پابەندە بەجێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی بەرکار کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ی هەموارکراوە و، مادەی (٣٥- سێیەم)ی ئەم یاسایە ئاماژە بە سەرلەنوێ هەژمار کردنەوەی موچەی خانەنشینان و پاشەوارەکانیان ئەکات بەپێی مادەکانی ئەم یاسایە بەوانەی تەنانەت پێش دەرچونی یاساکەش خانەنشین بون:

(المادة ٣٥/ ثالثا: يعاد احتساب الرواتب التقاعدية للمتقاعدين المحالين الى التقاعد قبل نفاذ هذا القانون او خلفهم بموجب معادلة احتساب الراتب التقاعدي المنصوص عليها في المادة (21 ) من هذا القانون وكما يأتي:...)
تەنانەت یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشیینی یەکگرتوش لە مادەی (١٤) دا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرلەنوێ موچەی خانەنشینان بەپێی مادەکانی یاسای هەموارەکە هەژمار ئەکرێتەوە بەو مەرجەی هیچ تێچونێکی دارایی نەبێ بۆ پێش بەرکار بونی یاسای هەموارەکە.

بۆیە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەندن لە رۆژی دەرچونی بڕیارەکەوە موچەی سەرجەم خانەنشینان و پاشەوارەکانیان هاوتا بکەنەوە نەک تەنها ئەوانەی دوای ئەو بەروارە خانەنشین بون. رونکردنەوەی دادگاش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە بۆ پێش دەرچونی بڕیارەکە ناتوانرێ داوای هیچ قەرەبویەک بکرێت. چونکە بەپێی بڕیارەکە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی ژمارە(٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە نادروست بوە، بەڵام خانەنشین ناتوانێ بۆ ئەو ماوەیە داوای قەرەبو بکاتەوە. ئەم پرسەش ئاساییە و لە مادەی (٤٠- چوارەم)ی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی بەرکار ئاماژەی پێکراوە کە:

(رابعا ـ لا يترتب على تنفيذ احكام هذا القانون صرف اي فروقات ماليه عن الفتره السابقة لنفاذه.) هەمان شت لە مادەی ١٤ی یاسای ژمارە (٢٦)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشیینی یەکگرتوش ئاماژەی پێدراوە.
کەواتە ئەو رونکردنەوەیەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بە مانای ئەوە دێت کە پێویستە لە بەرواری دەرچونی بڕیارەکەوە موچەی سەرجەم خانەنشینان بەپێی یاسای بەرکار هەموار بکرێتەوە بەتایبەت کە داواکاران ژمارەیەک خانەنشینی ساڵانی پێشو بون، نەک بەمانای ئەوەی تەنها ئەوانەی دوای ئەو بەروارە خانەنشین بون و ئەبن هاوتاکردن ئەیانگرێتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی لە ٢٠١٤ەوە تا دەرچونی بڕیارەکەی دادگا بە نادروست موچەکەیان بەپێی یاسایەکی هەڵوەشاوە هەژمار کراوە، ناتوانن داوای قەرەبوی ئەو ماوەیە بکەن.

تێگەیشتنەکەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەک نادروستە بەڵکو زۆر نالۆژیکیشە، چونکە بە واتای ئەوە دێت کە ئەیانەوێت یاسایەکی هەڵوەشاوە بەسەر زۆرینەی خانەنشینانی هەرێم جێبەجێ بکەن و، بۆ هەندێکی کەمیش یاسای خانەنشینی بەرکار جێبەجێ بکەن کە ئەمەش رێک پێچەوانەی حوکمی یەکەمی  بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییە کە جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەڵوەشاوەی بە نادروست لە قەڵەم داوە. لە هەمان کاتدا ئەمە پێچەوانەی مادەی (١٤)ی دەستورە و ئەبێتە هۆی هێنانەکایەی نایەکسانی لەنێوان هاوڵاتییانی عێراق بە هەرێمیشەوە.

ئێستا بەپێی زانیارییەکان بۆ مانگی (١)ی ئەمساڵ سەرجەم خانەنشینانی هەرێم و پاشەوارەکانیان موچەکانیان هەر بە هاوتاکراوی وەرئەگرن و، بۆ مانگەکانی داهاتوش لەگەڵ دڵسۆزان لە هەرێم و بەغداش کار ئەکەین کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن