12وتار

گۆڕانكاریی لەناوچەكە بەڕێوەیە، پێشبینی دەكرێت ئەم بەهارە، بەهاری كوردی بێت

2/5/2025 1:29:00 PM
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر


پێدەچێت خۆپێشاندانەكانی سلێمانی زیاتر تەشەنە بستێنێ، پێشبینی دەكرێت گۆڕانكاریی لەناوچەكە رووبدات و كوردستانیش بەدەرنەبێت لەوگۆڕانكارییانە، پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتوو بەهاری كوردی بێت.

لێدوان و قسەی بەشێك لەبەرپرسانی كوردستان لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لەبارەی مانگرتووان و خۆپێشاندەرانی سلێمانیی لەبری موساهەمەبكات لەدامركاندنەوەی ئەو توڕەییەی خەڵك، بووەهۆی گەشاندنەوەی پشكۆو و ئاگری دڵی خەڵك كە زوڵم و ستەمكاریی دەسەڵاتدارێتی كوردستان دایپۆشیوە، بەپێچەوانەوە توڕەیی و خەڵكی زیاتر كرد.

لێدوانی جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و وتەبێژی حكومەت لەپارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانی ئەو دەربارانە دەچوو كە بەرلەرووخانی رژێمەكانیان بێمنەتانە لەبری داننان بەستەمكاریی و خراپی حوكمڕانیی، تۆمەتی خراپیان خستەپاڵ مانگرتوان و خۆپێشاندەران.

لەمێژووی نوێی گەلان نمونەی زۆر لەوشێوەیە هەبووە، ئەنجامەكەی زۆر خراپ بووە. ئەوەی جێی سەرنجە، هەموو ستەمكارەكان هەمان رێچكەی یەكتر دەگرن و لەبری چارەسەری كێشەو گرفتەكان و كەمكردنەوەی ستەمكارییەكانیان، غرور بەری چاویان بەرنادات و سود لەرابردووی خۆیان نابینن و سەرئەنجام لێكەوتەكانی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی چاوەڕێی دەكەن.

لەوڵامی توڕەیی خەڵك، چاوچیسكۆ (نیكۆلای چاوچیسكۆ) لەكۆتایی 1989 دەیان هەزار هاوڵاتیی بەزۆر هێنایە شەقام و لەبەردەم كۆشكە گەورەكەی راگرت تا هەڕەشە لەخەڵكی مەزلومی وڵاتەكەی بكات، بەڵام دوای تەنها 10 خولەك هەر ئەو خەڵكەی ئەو بەزۆر هێنابوونیە جادە لێی راپەڕین و پەلاماریاندا، ئیدی وتارەكەی بۆ تەواونەكراو رایكرد. دوای سێ‌ رۆژ دەستگیركراو لەدادگاییەكی چەند خولەكی بڕیاری گولەبارانكردنی درا.

ئەو مانگرتن و خۆپێشاندانانەی سلێمانیی، خۆپێشاندانی هەموو خەڵكی كوردستانە نەك ناوچەیەكی دیاریكراو. خۆپێشاندانی ئەو خەڵكەیە كە دەیان ساڵە لەچاوەڕوانیی باشتربوونی حوكمڕانین. خۆپێشاندانی ئەو خەڵكەیە كە بەبەرچاویانەوە رۆژانە سەدان تەنكەر نەوت دەڕوات و ملیۆنەها دۆلاری داهاتی سنورەكان نازانن بۆكوێ دەچێت. پەرلەمانەكەیان داخراوەو حكومەتەكەشیان بووە بەحكومەتی كەمینەیەكی دەستڕۆیشتوو، لەبری ژیاندنی خەڵك، دەست بۆ گیرفانی خەڵك دەبات و لەهەموو كون و قوژبنێكەوە پارە لەخەڵك وەردەگرێت.

خۆپێشاندانەكەی سلێمانیی، خۆپێشاندانی خەڵكە نەك هیچ هێزێكی ئۆپۆزسیۆن. ئەگەر دەسەڵات و دەسەڵاتداران بەردەوامبووبن لە ستەم و ستەمكارییان، بەداخەوە زۆربەی ئۆپۆزسیۆنیش هەوڵدان بووە بۆ لەخشتەبردن و خاپاندنی خەڵك بەدروشم و موزایەدەی بریقەدار، بگرە بەشێك بوون لەئەجێندای بێئومیدكردنی خەڵك. ئۆپۆزسیۆن تائێستا خاوەنی ئەجێندایەكی سیاسی و نەخشەڕێیەكی روون نین، بۆیە خەڵك ئەگەر دەنگیشی پێدابن لەبەرخاتری ئەوان نەبووە، بەڵكو لەبێچارەیی بووە، تەنانەت حزبی ئۆپۆزسیۆن هەیە ئامادەنییە یەك هەواڵیش لەتەلفزیۆنەكەی لەسەر خۆپێشاندەران بڵاوبكاتەوە.

كورتیەكەی، فشاری بەرەو گۆڕانكاریی زۆر زیادیكردووە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیەنە ژێرباری گۆڕانكاریی دۆخەكە لەگرێژنە دەردەچێت. هەمیشە پێشوەختە خەڵكانێك پێشبینی و ئامۆژگاریی دەسەڵاتدارانیان كردووە، بەڵام ئاسان نییە گوێگرتنیان، چونكە ئەوان لەناو چواردیوارێكی قایم، یان لەبەرزاییەكن نازانن لەخوارەوە چی دەگوزەرێت، ئەوەندەیان دەربارو بەرژەوەندیخواز بەدەورەوەیە رێنادەن بەرچاویان ببینن، سەرئەنجام كارلەكار دەترازێت و ئەنجامی هەموو ستەمكارانیش ئەوەیە كە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن