خێوەتی مامۆستا
2/5/2025 11:43:00 AM
مەلا فەرمان محەمەد
هەموان پەروەردەی بەردەستی مامۆستاین، بەشێکیشمان
مامۆستاین، مامۆستا خۆی گەورەیە بۆیە رۆڵی لە کۆمەڵگە بە گشتی و پەروەرد و خوێندن
بەتایبەتی دەبێت گەورەتربێت لەو کاریگەریە کەمەی ئێستا هەیەتی. راستە دەسەڵاتی حیزبی
و بنەماڵەیی لەم رۆڵەی کەمکردۆتەوە و یەکڕیزی مامۆستایانی وەک یەکڕیزی حیزبەکان لێکردوە،
لای خوێندکار و کۆمەڵگە لە شکۆی داون، بەڵام بیرمان نەچێ بەشێک لە مامۆستایان خۆیان
رادەستی حیزب کردوە و بەرپرسن لە کەمکردنەوەی ئەو شکۆیە، سەرەتای کەمکردنەوەی پێگەی
مامۆستا لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە بێدەنگبون
لە ئاست:
١- ساختەکردن
و فرۆشتنی بڕوانامە، پێدانی بەو کەس و بەرپرسانەی کە شایەنی ئەو بڕوانامەیە نین.
٢- دانانی
بەڕێوەبەر و جێگر و دابەشبونی مامۆستا لەسەر بڕیاری حیزب.
٣- خراپی
ناوەڕۆکی بابەتەکانی پەروەردە.
٤- خراپی
باڵەخانەی قوتابخانەکان لە روی چۆنایەتی و کەمی ژمارەیان.
٥- زۆربونی
زانکۆی ئەهلی و قوتابخانەکان.
٦- کەمبایەخکردنی
زمانی خوێندن.
٧- بێدەنگی
لە ئاست کەموکوڕیەکانی خوێندکاران.
٨- بە
حیزبیکردنی یەکێتی مامۆستایان.
بێدەنگیان لەو کێشانەی سەروە و نە هاتنە سەر شەقام
هۆکارنگەلێکن لەوەی خوێندکاران و باوک و دایکی خوێندکاران و جەماوەر لەگەڵ مامۆستایان
نەیەنە سەر شەقام. چونکە پێیان وایە سبەی ئەگەر بارودۆخی موچە باشبێت ئیتر کۆتایی
بەمانگرتن دێنن و دێنەوە پۆل و بارودۆخی پەروەردە بە خراپی دەمێنێتەوە.
جگە لە بواری پەروردە و خوێندن ئەرکی مامۆستا بە
تایبەتی لە زانکۆکان بێدەنگنەبونە لە ئاست ئاڵۆزبونی ژیانی ئاسایی و سیاسی کۆمەڵگە،
هەرێم وێرانەیە، جومگەکانی ژیان توشی نیمچە ئیفلیجی هاتون، کەچی خەباتی مامۆستا لە
کێشەی موچە کورتکراوەتەوە. بۆیە دەسەڵات بایەخی پێنادا و بەخۆیان سەردانی خێوەتەکانیان
دەکەن یان بوێری ئەوەیان هەیە داوای کۆتاییهێنان بە مانگرتن بکەن. کەموکوڕیەکی تری
ئەم خەباتە ئەوەیە نیوەی هەرێمەکەی گرتۆتەوە و وەک ئەوەی لە نیوەکەی تر بوبێت بە بەهەشتی
مامۆستایان. ئەمەش کاریگەری و ترس لە دەسەڵات و ئاستی جیاجیای وشیاری مامۆستایان دەردەخات. کاتێکیش مامۆستایان و سەندیکا
و یەکێتیەکەیان دەبن بە بەشێک لە حیزب، ئیتر شتێک نامێنێ بە ناوی شکۆ و کاریگەری
مامۆستا.
دوای چەندین ساڵ لە نادادپەروەری لە حوکمڕانی دەسەڵاتی
هەرێم نەک تەنها جومگەی پەروەردە و ژیانی مامۆستا توشی شەلەل بوە، بەڵکە تەواوی
جومگەکانی وەک: بژێوی، کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، کەلتوری ئایینی ..... ژیانی کۆمەڵگەی
تەنیوە، لە هەمو ئەمەش خراپتر ناپاکی و گوێلەمشتی دەسەڵات بۆ بێگانە لە لوتکەیە و
نەک تەنها کەرکوک و باشور بەڵکە تەواوی کوردستانی گەیاندۆتە لێواری داڕوخان. بۆیە
ئەرکی ئەم قۆناغە کارکردنە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی ئەمەش بە لادانی ئەم دەسەڵاتە
دەکرێ. بۆ ئەوەی هەموان پشتیوانی خەباتی مامۆستایان بین پێویستە مامۆستایان بەر لە
خەمی زکی خۆیان خەمی ژیانی میللەت و نیشتمان بکەن بە هی خۆیان و خاوەندارێتی گۆڕانکاریەکان
بکەن. بە کورتی خەمی نیشتمان، خەمی میللەت، پەروەردە و مامۆستا بکەن بە ٤ چوار
راگری خێوەتەکەیان.
کەرکوک، ٥/٢/٢٠٢٥