12وتار

پشتیوانی مانگرتوان ناکەم !

2/5/2025 1:31:00 PM
هۆمەر محەمەد

هەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتداران نیازی دەوڵەتدارییان نەبووە، لەیەکەم هەڵبژاردندا کە ناوی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمیان لێنا دەیانگوت حکومەتەکەمان ساوایە و هەرگیز گەورەنەبوو، هەروەک دەسەڵاتی دوو بنەماڵە مایەوەو نەبوو بەحکومەت.

مامۆستایان دروشمێکیان بڵندکردەوە (سەری بەرز بۆ موچەی رژێم نەوی ناکەین) ! ئەوساش دەسەڵاتداران نرخی بڵندیان بۆ مامۆستاو فەرمانبەران نەوی نەکرد. ئەو دەستەمۆکردن و ملکەچییەی ئەمرۆی خەڵک دەرهاویشتەی ئەو دۆخ و رۆژگارەیە. ئەوساش وەک ئێستا لەبەرانبەر داوای ڕەوای خەڵکدا بێشەرمانە دەیانگوت: حکومەتەکەمان ساوایەو (تابوری پێنج) وگێرەشێوێن بەفیتی داگیرکاران دەیانەوێ ئەزموونەکەمان لێ تێکبدەن !

ئەوساش مانگرتنێکی هاوشێوەی ئەم مانگرتنەی ئێستای مامۆستایان لەشاری سلێمانی و لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدرا. بەڵام لەم سەردەمەی ئەمرۆدا کە ئەندازیارەکانی ئەومانگرتنە خۆیان دەسەڵاتداری ڕەهای ئەم هەرێمەن و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان هەڵدەلوشن ئامادەنین ئاوڕ لەو مانگرتنە بدەنەوە چونکە بەهەمان لۆژیکی بەعس پێیانوایە بەدەنگەوە چونی خەڵک غروریان دەشکێنێ  !

بەڵام مانگرتنی ئەمجارەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دۆخیکی تەواو جیاوازدایەو زۆریش مەترسیدارە، راستە شایان بەڕێز و پشتیوانین، بەڵام ناشێت بەناوی پشتیوانیەوە بەرەو مەرگ پاڵیان پێوە بنێین. ئێمە پشتیوانی داواڕەواکانیانین، نەک پشتیوانی (بەرەومەرگ چوونیان) دەی مادام داوای ئەوان داوای هەموومانە دەبێت ژیانیان بەگرنگ بزانین نەک مەرگ. هەرهیچ نەبێت نەبن بەقوربانی ئەوانەی (موچەخوراون) و پشتیوانیان ناکەن.

مانگرتنێک بۆ ژیانی هەمووان بێت چۆن دەبێت بهێڵین بمرن ؟ ئەوەی دەڵێت مردنی مانگرتوان ئازایەتیە بەهەڵداچووە چونکە بەهەدەردانی ژیانی مرۆڤی هۆشیارو ئازا زیانێکە قەرەبووناکرێتەوە بەتایبەتیش لەبەردەم دەسەڵاتێکی دڵرەق وبێباکدا، ئەوە هەمان ئەو لۆژیکەیە کە پێیوایە هەتا روبەری گۆڕستانەکانمان فراوانتربن ئازاترین ! بەڵام ئەو لۆژیکە ئەگەر بەرهەمێکی هەبێت مەرگدۆستیەو دەرەنجامەکەی زۆر مەترسیدارە بەو مانایەی هەتا چوارکەس دێنەمەیدانی بەرەنگاری سەدکەسی تر بەچۆکدادێن، سەرئەنجام دەسەڵات سودی لێدەبینێتەوە چونکە نەوەیەکی دڵشکاوو بێ ئومێدو ترسنۆک بۆ داهاتوو بەرهەمدەهێنێتەوە.

دەسەڵاتێک ئامادەبێت لەسەرجادە شەق لەمامۆستا هەڵدات باکی بەمردنیشی نییە، لەسەرجادە خۆپیشاندەر بداتە بەردەستڕێژی گوللە مەرگی مانگرتوان لەلای چ بەهایەکی هەیە ؟ بۆیە ئەوەی دەیەوێ مامۆستاکان لەژێر خێمەیەکدا بەبەرچاوی مێدیاو کامێراکانەوە نەمرن نابێت ڕێگە بەمردنیان بدات. ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەیانەوێ موچەکانیان بەرێک وپێکی و بەبێ فڕوفێڵ و لێبڕین و دواکەوتن وەربگرن ئەوا عەیبە بهێڵن ئەوان لەپێناویاندا بمرن چونکە ڕێگەی ترهەیە، نابێت بهێڵن ئەو مامۆستایانە لەبرسان بمرن چونکە ئەوەی پێویستە بەرەنگاریی وداکۆکییە لە ژیانی ئەو مامۆستایانە نەک مردنیان، مردن لەبرسان لەبەردەم دەسەڵاتێکی دڵڕەق و بێ رەحمدا هێمای بەپێوە وەستان و بەرگری نییە بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو مانگرتنی سەراسەریی لەتەواوی شارەکاندا بەدوکان و بازاڕەکانیشەوە هەم مامۆستاکان لە مەرگ دەپارێزێ و هەم قارەمانێتیەکی دەستەجەمعی مێژوویش تۆمار دەبێ و کەسیش تۆمەتی پاڵەوانبازی ناخرێتە پاڵ و کەسیش تۆمەتبار ناکرێت بەدەستی (بێگانە) ئەوسا ئەگەر ئازایەتیە هی هەمووانەو ئەگەرنا باقایل بێت هەتا خوادەرویەکی لێدەکاتەوە بێ موچەبمێنێتەوە. ئەگەر کۆمەڵگە بخوازێ نەوەیەکی کاراو هۆشیار و کاریگەر پێشکەش بەئایندە بکات، ئەوا دەرگای ماڵ و دوکان و فەرمانگەکان دادەخات و ئەم مامۆستایانەی ژێر خێمەکانیش رزگار دەکات و خۆشی لەم مەینەتی و زەلیل بوون و کوڕوزانەوەی بەردەم مایکەکان و سەرشاشەکان رزگار دەکات و فڕوفێڵ و ساختەچێتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداش کۆتایی پێ دێنێت.

ئیدی نیشاندانیان لە مێدیاوە بەزیان دەگەڕێتەوە، هەتا ئێرە باش هاتووە ئیدی ئەگەر بگۆڕێت بۆ شێوازی زەلیل نیشاندان و بەزەیی پێداهاتنەوە هەمووان زیانی تێدادەکەن بێ ئەوەی بەرهەمێکی باشی هەبێت. ئەگەر وابێت چیدی پشتیوانی مانگرتوان ناکەم، ئامادەم بچمە بن باڵیان بۆ بەپێوە وەستان نەک بەمۆبایل وکامێراکەم وێنەی دواهەناسەیان بگرم.

بەهیوام مانگرتووەکان وردتر تەماشای دۆخەکە و ژیانی خۆیان بکەن، نابێت ڕێگە بدەن گیانبازییان لەلایەک هەل ودەرفەت بۆ کەس و لایەنی هەلپەرست و لەلایەکی تریشەوە بۆ دەسەڵاتدارانی بێباک بڕەخسێنی هەتا مەرگی ئەوان بۆسیناریۆی قێزەون ومەترسیدار بقۆزنەوە. بۆیە هەرگیز پشتیوانی مانگرتوان نابم، بۆمردن بەڵکو پشتیوانی داوا رەواکانیانم بۆ ژیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن