24وتار

سوکان بادان

2/4/2025 1:02:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

دەڵێن مەرگ و ژیان و روحکێشان بەدەست ئیزرائیلە، هەرکاتێ هات گەڕانەوەی نیە، بەڵام مرۆڤە ژیر و دونیا دیدەکان وا دەبینن ئەم روحکێشانە لە خۆوە نایەت و دەبێت هۆکارگەلێکی لە پشتەوەبێت. وەک چۆن مانونەمانی سەرنشینەکانی نێو فرۆکە بە دەست ئەو کەسەیە کە سوکانەکەی گرتوە و بای دەدات، لە سیاسەت و حوکمڕانیشتا چۆنیەتی سوکانگرتن و بادانی کاریگەری لەسەر ژیان و دواڕۆژی تاکبەتاکی هاوڵاتیان هەیە.

لەو رۆژەوەی سوکانی نەوتی هەرێم بە دەستی دو کاپتنی نەشارەزا لە بواری جیهانی نەوت، دو کاپتنی خاوەن رابردوی سیاسی  خویناوی و دڵ پڕ لەقین سوڕێندرا، شارەزایانی بواری جیهانی نەوت پێشبینی دواڕۆژێکی مەترسیداری خراپیان کرد،یار و نەیار ئامۆژگاریان کرد، باسیان لەوەکرد، باشترە ئەو سوکانبادانە دوابخەن بۆ دوای رزگاری و بۆ نەوەکانی داهاتو. وا دابنێ کە دو شۆفێر  سوکانی ئۆتۆمبێلێک بادەدەن، بیهنە بەرچاوی خۆت چی رودەدا. لە سیاسەتیشدا هەروایە.

دوای بادانی سوکان، ئێتر دەستکرا بە بەیتوبالۆرە لێدان بە شان و باڵی سەرکەوتن، پاشان نەوەکانی ئەو دو کاپتنە درێژەیان بەهەمان کەلتوری سیاسی ٦٠ ساڵی رابردو دا، ئەمجارەیان لە بری سەنگەری کەپکی حەمد ئاغا ، سەنگەری کێڵگەکانی کۆڕمۆر و بایحەسەن و تاوکێیان لەیەکتر گرت. چەند کۆپانیایەکی نەوتی هاتنە ژێر باڵیان و گەوجاندانیان، فەرمانبەرێکی کۆمپانیای نەوتی بریتانی بو بەدەمراستی دەسەڵاتدارانی هەرێم. دەرئەنجام گەیشتنە دەرکردنی چەند بڕیارێکی خۆکوژی:

١- ئابوری سەربەخۆ
٢- کوردستان دەخرێتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی.
ئەم دو هەنگاوە، کاریگەری نەرینی زۆری کردە سەر چەند بڕیاریکی سیاسی هەڵە، لەوانە:
١- لە خۆباییبون و خۆ بە زلزانین، بە کەمزانینی بەغدا، تا ئەو رادەیەی بەغدا موفلیسە و چاویان لەدەست هەرێمە.
٢- باشترە لە گەڵ بەغدا دو دراوسێی باشبین.
٣- ئەنجامدانی ریفڕاندۆم. 

ئەم کاپتنانە لە بێئاگاییان بوبێت لە بارودۆخی کەرکوک و ئەو پەیوەندیە مێزوییەی نێوان نەوتی کەرکوک و کۆمپانیای نەوتی بەریتانی یان لە ژێر کاریگەری کۆپانیای گاز پرۆمی روسی و تورکیەکان بوبێت گرێبەستێکی گازی گرنگیان لە گەڵ روسیا واژۆکرد و  روسیا توانی لێرەوە بێتە ناوەوە، لە گەڵ تورکیاش گرێبەستی ٥٠ پەنجا ساڵە. ئەم بڕیارە بریتانیەکانی توڕەکرد و هەر دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم گەیشتە کەرکوک و کارتی سوریان بە کاپتنەکانی هەرێم پیشاندا، لەم ماوەیەش بەغدا گریبەستێکی زۆر گرنگ و فرە بواری جۆراوجۆری لەگەڵ حکومەتی بریتانیا ئیمزاکرد.

لێکەوتەکانی سیاسەتی هەڵەی نەوتی:

 ١- کەرکویەکان باجی گەورەی هەڵەی سیاسی دەدەن.
٢- سوکبونی پێگەی سیاسی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە بەغدا.
٣- وەستانی بازاڕ و خراپی باری ئابوری ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێم.
٤- رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ.
٥- یاریکردنی بەغدا بە هەرێم لە رێگەی موچە و بودجەوە.
٦- شێواندنی باری دەرونی میللەت.
٧- مانگرتینی مامۆستایان و ئەوەندەی تر ئیفلیجبونی پرۆسەی خوێندن و فێربون.
بۆ گەڕانەوە بە ناچاری بۆ بارودۆخی بەر لە پێادەکردنی سیاسەتی سەربەخۆی نەوت و ریفراندۆم ، خۆزگە خواستن بەودەم وایکردوە لە باڵاترین ئاستدا شاندی هەرێم زیاد لە پێویست رو لە بەغدا بکەن. تا ئێرە تارادەیەک رەنگە لای هەندێک وەک تاکتیک ئاساییبێت لە سیاسەتدا، بەڵام بەیتوبالۆرە گوتن بە بەڵای سەرکەوتن جگە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و هەوڵدان بۆ گەوجاندنی میللەت هیچی تر نیە. لە راستیدا رۆژگاری سیاسی دەریدەخات کە گەڕانەوە بۆ بەغدا و پێکەوەکارکردن و لێکتێگەیشتن رێگە دروستەکەی حوکمڕانیە لە هەرێم و بەغدا، چونکە هەردولا پێویستیان بەیەکە و پێکەوە بە هێزن. 



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن