شاندی ئیمرالیی دێنە هەولێرو سلێمانی
02:18 - 10/02/2025
زەمەن - هەرێمی كوردستان
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی سەردانی هەولێر دەکەن
و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-02-2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی
گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی
کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە) کۆبوونەوەتەوە، سەردانی هەولێر دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی دەم پارتی ڕۆژی یەکشەممە، 16-02-2025، سەردانی هەولێر دەکات
و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان و سرری
سورەییا ئۆندەر پێک دێت و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە
تورکیا و باکووری کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان،
تاوتوێ دەکەن.
رۆژی دواتر و لە 17ی شوبات، شاندەکە دەچێتە سلێمانی
و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی،
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن.
دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە
بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان،
پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان
لە تورکیا.
رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەوڵەت باخچەلی تەوقەی
لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی
نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی
تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە
و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی
ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024
سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی
کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە،
تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی
پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە
22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان
لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای
گشتی بڵاودەکاتەوە."