بەپەلە.. پێنجشەممە شەپۆلێکی باران و بەفر کوردستان دەگرێتەوە
06:44 - 11/02/2025
زەمەن - کوردستانى
کەشناسى سلێمانى رایگەیاند، پاشنیوەڕۆى پێنجشەممە کەشى ناوچەکەمان دەگۆڕێت بۆ هەور، لەگەڵ هاتنى شەپۆڵێکى بەفر بارین و باران بارین.
کەشناسى سلێمانى راشیگەیاندووە، لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکان نمەباران دەبارێت، پاشان بارستە هەوایەکى سارد لە ناوەڕاستى ئەوروپاوە روو لە ناوچەکەمان دەکات پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەکاتەوە بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆیە شەپۆڵێکى بەفر بارین سەرجەمى ناوچە سنووریەکان و شاخاوییەکان دەگرێتەوە بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە (1000) مەترە بەفر بارینى دەبێت.
پێشبینیشى کردووە، لە سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و سەنتەرى پارێزگاى دهۆک بە تێکەڵى لەگەڵ باران بەفریش ببیارێت، شێوازى دابارین نمە باران و بارانى مامناوەند دەبێت بڕى بارانى پێشبینیکراو بە گشتى لە نێوان (12-18) ملم دەبێ, زۆرترین کاتى بەفر بارین لە شەوى پێنج شەم لەسەر هەینى و کاتەکانى بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى، لە دواى نیوەڕۆى ڕۆژى هەینى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە لاواز دەبێت لەسەر ناوچەکەمان و بەڵام پلەکانى گەرما هەر بە نزمى دەمێنێتەوە.