22 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: "پرۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان عێراق دەکاتە ناوەندێکی ئابووريی چالاک"

01:36 - 22/02/2025

زەمەن:-

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان - عێراق نێچیرڤان بارزانی:

- "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک ده‌ستپێشخه‌رى و هەنگاوێکی مێژوویی دێت بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر".

- "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێکی ئابووريی چالاک و گه‌وره‌ لە ناوچەکەدا، هه‌روه‌ها ببێته‌ پردێكى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا".

- "پشتگیری ئێمە تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ستراتیژییەوەیە، چونکە به‌ لاى ئێمه‌وه‌ هەنگاوێکه‌ بەرەو بەهێزکردنی چەمکی (عێراق وەک دەوڵەتێکی کارا) لە ئاسایش و سەقامگیريی ناوخۆيى و ناوچەیی و هێزێکی ئابووريی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هه‌روه‌ها ده‌كرێ له‌ داهاتوودا ببێته يه‌كێك له‌ هێزه‌ ئابوورييه‌كانى جيهان".


نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "سەقامگیريی سیاسی و ئابووريی هەموو عێراق، بەرژەوەندييه‌كی نيشتمانيى هاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاستەقینە بەدی نايه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێوان بەغدا و هەولێر، هه‌روه‌ها له‌نێوان عێراق و دەوروبەريدا له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان، يه‌كترته‌واوكردن نه‌بێت"، گوتیشی، "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێکی ئابووريی چالاک و گه‌وره‌ لە ناوچەکەدا، هه‌روه‌ها ببێته‌ پردێكى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان - عێراق نێچیرڤان بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌شداریی له‌ كۆنفرانسی گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غدا كرد.

لە کۆنفرانسەکەدا هه‌ریه‌ك له‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سوودانی، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان محه‌مه‌د حه‌سسان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی ئاماده‌ بوون.

بارزانی وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەشداری لە حەوتەمین کۆنفرانسی گفتوگۆى نێودەوڵەتيی بەغدا، ڕایگەیاند، ئەم كۆنفرانسه‌ دیدگای عێراق بۆ کرانەوە و يه‌كترته‌واوكردنى هه‌رێمى، هه‌روه‌ها پابەنديى عێراق بە کاری هاوبەش بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، ده‌رده‌خات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری گوتارەکەی بۆ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تەرخان کرد کە وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، "عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی گۆڕانکاريی ستراتیژيی قووڵدا تێدەپەڕن کە پێویستی بە هاوکاری و هاوبه‌شييه‌، نه‌ك ململانێ و ئاڵۆزیی زیاتر. لەم ڕوانگه‌يه‌وه‌، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک ده‌ستپێشخه‌رى و هەنگاوێکی مێژوویی دێت بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر، لەسەر بنەمای ئابووريی هه‌مه‌جۆر، کرانەوەی هەرێمی و یەکترته‌واوكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا. ئێمه‌ لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە باوەڕمان وابووە کە سەقامگیريی سیاسی و ئابووريی هەموو عێراق، بەرژەوەندييه‌كی نيشتمانيى هاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاستەقینە بەدی نايه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێوان بەغدا و هەولێر، هه‌روه‌ها له‌نێوان عێراق و دەوروبەريدا له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان، يه‌كترته‌واوكردن نه‌بێت".

گوتیشی: "له‌م ڕوانگه‌يه‌وه‌، پشتگیريی تەواوی خۆمان بۆ ئەم پرۆژە گەورەیە دووپات دەکەینەوە و په‌رۆشين كه‌ له‌ زاخۆ‌وه‌ تا فاو ببێتە نموونەیەک بۆ هاوکارييه‌كی بنیاتنەرانه‌ى نێوان هه‌موو ناوچه‌ و پێكهاته‌كانى وڵات، هه‌روه‌ها عێراق و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانى. عێراق بە پێگه‌ى جوگرافيی ستراتیژی و سامانى ده‌وڵه‌مه‌ندى‌ سروشتی و مرۆیی، دەرفەتێكی گەورەی هەیە ببێتە ناوەندێکی ئابووريی چالاک و گه‌وره‌ لە ناوچەکەدا، هه‌روه‌ها ببێته‌ پردێكى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، بەڵام سەرکەوتن لەمەدا، پێویستی بە هه‌بوونى چه‌ند بنه‌مايه‌كى سه‌ره‌كی هه‌یه‌‌، له‌وانه‌: زۆر گرنگ و پێويسته‌ پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان ببێته‌ پرۆژه‌يه‌كى نيشتمانيى عێراقى كه‌ هه‌موو ناوچه‌ و شوێن و پێكهاته‌كانى عێراق پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. ببێته‌ كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان بێ جياوازى. نموونه‌ى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى عێراقييه‌كان بێت له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئايين و مه‌زهه‌بێك و له‌ هه‌ر شوێنێكى وڵات بن. ببێته‌ هۆى گه‌شه‌پێدانی ئابووريى ته‌واوى عێراق".

سەرۆکی هەرێم لەم بارەیەوە جەختی لەوە کردەوە کە فره‌ڕه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق، هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌ و گوتی: "عێراق ده‌توانێت ئه‌م پرۆژه‌يه‌ بكاته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موو جياوازييه‌كى نه‌ته‌وه‌يى، ئايينى و مه‌زهه‌بى، بكاته‌ هێزێكى گه‌وره‌ بۆ هه‌موو عێراق كه‌ پێگه‌ى وڵات له‌ڕووى ئابوورى و سياسى و ستراتيژييه‌وه‌ به‌هێز بكات. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكى دروسته‌ به‌ره‌و بنياتنانى داهاتوويه‌كى‌ گه‌شتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان".

نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە پشتگیريی هه‌رێمى كوردستانی بۆ پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان دووپات کردەوە و رایگەیاند: "پشتگیری ئێمە تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ستراتیژییەوەیە، چونکە به‌ لاى ئێمه‌وه‌ هەنگاوێکه‌ بەرەو بەهێزکردنی چەمکی (عێراق وەک دەوڵەتێکی کارا) لە ئاسایش و سەقامگیريی ناوخۆيى و ناوچەیی و هێزێکی ئابووريی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هه‌روه‌ها ده‌كرێ له‌ داهاتوودا ببێته يه‌كێك له‌ هێزه‌ ئابوورييه‌كانى جيهان".

لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "ڕابردووى عێراق فێری کردووین کە گەشەسه‌ندن و پێشكه‌وتن لە ژینگەیەکی سەقامگیردا بەدی دێت. سەقامگیريی عێراق لە سەقامگیريی ناوچەکە جیا ناکرێتەوە، بۆیە دەبێت مامه‌ڵه‌ و ڕوانگه‌مان بۆ گۆڕانکارییە جیۆسياسييه‌كان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی، میانڕەوی، هاوکاری و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش بێت. بۆيه‌ جەخت لەسەر گرنگيی بەردەواميی ڕێبازی دیپلۆماسيی کارا دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییه‌كانى، په‌يڕه‌وى ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه‌ به‌ پێويستى ده‌زانم دووباره‌ ده‌ستخۆشى له‌ جه‌نابى سه‌رۆكوه‌زيران سوودانى بكه‌م بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى له‌م پێناوه‌دا. ئه‌مه‌ سەلماندی كه‌ عێراق دەتوانێت پردێک بێت بۆ گفتوگۆ، نەک گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێ".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن