دەقى ئەو رێککەوتنەى مەزڵوم عەبدى و ئەحمەد شەرع واژۆیان لەسەرکرد
09:05 - 10/03/2025
زەمەن - کوردستانى
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، رێککەوتن لەنێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات و ئەحمەد شەرع واژۆ کراوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی ئەمنیی دەوڵەتی سووریا.
دەقی رێککەوتنەکە:
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتی بوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانی دەوڵەتی سوریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
