41 کوردستان

رێککەوتنەکانى کورد لەعێراقدا دواى 55 ساڵ لە بەیاننامەى ١١ى ئازار

11:33 - 11/03/2025

زەمەن - كوردستانی

 

لە ١١ى ئازارى ساڵى ١٩٧٠ رێککەوتنێک لەنێوان سەرکردایەتى شۆڕشى کورد و رژێمى ئەوکاتەى عێراق واژۆ کرا کە چەند خاڵێکى لەخۆ گرتبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕى لەمێژینەى جوڵانەوەى کوردو دەوڵەتى عێراق، لەو کاتەشدا رێککەوتنەکە بووە هیواى کورد لە کوردستانى عێراقدا، بەڵام رێککەوتنە شکستى هێنا.

ئەو رێککەوتنامەیە کە زۆرجاریش وەک بەیاننامە ناوى دەهێنریت بە یەكێك لە ڕووداوە گرنگەکانى جوڵانەوەى کورد لە عێراقدا دادەنرێت، چونکە بۆ یەكەمین جار بوو دەوڵەتى عێراق دانی نا بە چەند مافی کورد، بەڵام لەوکاتەدا هیچ خاڵێکى نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوەو جارێکى ترو لەساڵى ١٩٧٤ شەڕ لەدژى دەوڵەتى عێراق دەستیپێکردەوە.

رێکەوتنەکە بەرهەمى نزیکەى دوو ساڵ گفتوگۆ بوو لەگەڵ حکومەتى عێراق دواجار لە رێککەوتی ١١ى ئازاری 1970ڕاگەیەنرا، بەئامادەبوونى ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆک کۆمارى ئەوکاتى عێراق و شاندى کوردى راگەیەنرا.

 بەپێى وتەى بەشێک لە سیاسیەکانى کوردستانى عێراق و مێژوونوسانیش ڕێککەوتنی ١١ ئازار روونترین و کاملترین بەڵگەنامەبوو کە تیایدا بەشێک لەمافەکانى کوردى تێدا جێگیر کرابوو، بەڵام حکومەتى ئەوکاتەى عێراق بەبیانووى جیاجیا رێکەوتنەکەى جێبەجێ نەکرد.

دەقى رێککەتنامەى ١١ى ئازار
1- زمانی‌ كوردی‌ له‌ پاڵ زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ ره‌سمی‌ ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كورده‌.
2- كورد به‌شداری‌ ته‌واوی‌ حكومه‌ت ده‌كات به‌ سوپاشه‌وه.‌
3- په‌ره‌ به‌ په‌روه‌رده‌ و كەلتوری‌ كوردی‌ ده‌درێت.
4- له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوردن سه‌رجه‌م كارمه‌نده‌كانی‌ كورد ده‌بن.
5- كورده‌كان ئازادن له‌ دامه‌زراندنی‌ رێكخراوه‌كانی‌ قوتابیان و لاوان و ئافره‌تان و مامۆستایان.
6- بودجه‌یه‌كی‌ پێویست بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ كوردستان ته‌رخان ده‌كرێت.
7- موچه‌یه‌ك بۆ خێزانی‌ شه‌هیدان و هه‌ژاران و ئاواره‌كان دیاریده‌كرێت و یارمه‌تی‌ ده‌درێن.
8- كورده‌كان و عه‌ره‌به‌كان ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبونی‌ پێشوی‌ خۆیان.
9- چاكسازی‌ كشتوكاڵی‌ ئه‌نجام ده‌درێت.
10- گه‌لی‌ عێراق له‌ دو نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب و كورد پێكدێت.
11- ئێزگه‌ی‌ رادیۆ و چه‌كه‌ قورسه‌كان ته‌سلیمی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كرێن.
12- یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كورد ده‌بێت.
13- ئیداره‌ی‌ وڵات به‌ شێوه‌یه‌ك رێكده‌خرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه‌ بگونجێت.
14- بودجه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كوردن رێكده‌خرێت له‌ یه‌كه‌یه‌كی‌ ئۆتۆنۆمیدا.
15- گه‌لی‌ كورد به‌ پێی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاساداناندا به‌شدار ده‌بێت.

ئێستا دواى 55 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو رێککەوتنەدا کورد لە عێراقدا بەردەوام ئەو خاڵانەى لە داواکارى و رێکەوتنەکانیدا دووبارە کردوەتەوە، بەڵام حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق ئامادە نەبوون ئەو رێکەوتنانە جێبەجێ بکەن.


لەدواى روخانى رژێمى بەعس لە ساڵى ٢٠٠٣ وە هەر چوار ساڵ جارێک کورد رێککەوتنى لەگەڵ حکومەتى عێراق واژۆکردوە و ئەو داواکاریانەى بەشێوازى جۆراو جۆر دووبارە کردوەتەوە، بەڵام هیچ کام لەو رێککەوتنانە وەک خۆى جێبەجێ نەکراون، ئەگەرچى هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پیشێلکردنى رێککەوتنەکان، بەڵام زۆرینەى خاڵەکانى رێککەوتنەکان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە پشتگوێ خراون.


لەساڵى ٢٠٠٣ وە تاکو ئێستا هەر رێککەوتنێک کرابێت ئەم خاڵانەى تێدابووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون کە بریتین: مادەى ١٤٠، پرسى پێشمەرگە،بودجە، سەرژمێریکردن، پشکى کورد لە دامەزراوەکانى دەوڵەت و چەندین داواکارى تر.


 لەرێككەوتننامەكەدا كێشەی‌ كەركوك بەچارەسەرنەكراوی‌ مایەوەو بریاردرا بۆ دیاریكردنی‌ چارەنووسی‌ كەركوك، ساڵی‌ 1977 سەرژمێرییەك بۆ دیاریكردنی‌ پێكهاتەكانی‌ شارەكە ئەنجامبدرێت و دەرئەنجامى راپرسیەکە ناسنامەى کەرکوک و ناوچە داگیر کراوەکانى تر دیاربکات، بەڵام پێش ئەو وادەیە‌و لەساڵی‌ 1974 حكومەتی‌ عێراقی‌ رێككەوتننامەكەی‌ هەڵوەشاندەوە.


حکومەتى عێراق بە ئامادەبوو دان بنێت بە حكومی‌ زاتی‌ بەبێ‌ كەركوك‌و خانەقین‌و سنجار بۆ کوردى عێراق، بەڵام سەرکردایەتى ئەوکاتەى جوڵانەوە کورد ئەوەى رەتکردەوە، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانى هەڵوەشانەوەى رێکەوتنەکە.


لە حکومەتى نوێى عێراقشدا لە دواى رووخانى رژێمى بەعس کەرکوک بەشێکى سەرەکى بووە لە هەموو رێکەوتنەکاندا کە لەدەستورى هەمیشەیى عێراقدا مادەیەکى تایبەتى بۆ تەرخانکراوە، بەڵام تا ئەم ساتە تەنیا بەشێکى زۆر بچوکى مادەکە جێبەجێ کراوەو خاڵە سەرەکییەکانى جێبەجێ نەکراون.


هەرچەندە ئەو رێکەوتنە خاڵەکانى جێبەجێ نەکرا،بەڵام خودى رێککەوتنەکە بووە بەڵگەنامەیەکى گرنگ بەدەست کوردەوە تا داواى مافەکانى خۆى پێ بکات.


سەبارەت بەو رێکەوتنە جەلال تاڵەبانى لە کتێبی دیدارى تەمەندا ئاماژەى بەوەکردوە، مەلا مستەفا لەکاتى رێکەوتنەکەدا وتى"بەعسییەکان فێڵمان لێدەکەن و نایانەوێت رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، ئەم رێکەوتنە ترسناکەو خۆم قەت بەو شێوەیەى ئێستا لە خەتەردا نەبووم".


تاڵەبانى باسى لەوەشکردوە، کە بارزانى وتوویەتى خەڵک ئەم رێکەوتنە بەسەرکەوتن دەزانن، بەڵام ئەو واى نابینێت و بە مەترسى دەزانێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن