26 کوردستان

راگەیەنراوێك لە مەكۆی هەولێری گۆڕانەوە بە بۆنەی ساڵرۆژی راپەڕینی خەڵكی هەولێرەوە

11:53 - 11/03/2025


زەمەن - هەرێمی كوردستان

لەیادی ڕاپەڕینی 11ی ئازاری خەڵكی ھەولێر دا

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا هاوڵاتیانی شاری هەولێر بە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە سەرکردایەتی و داڕێژەری نەخشەڕێگای ڕاپەڕین ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا)  شاری هەولێر لە چنگی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو ستەمکار ئازادکرا.

بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێری خۆشەویست و قوربانیدەر دەکەین
 ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری هەولێرو ناوچەکانی تری کوردستان بۆ بەدیهێنانی خەونە بەدینەهاتوەکانی سەرجەم گەلی کوردو یەکسانی و دادپەرەوەری و تۆڵەی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکان ئەنجامدرا.

 ئامانجەکانی ڕاپەڕین وەک ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا وتویەتی تەنها بۆ گۆڕینی دەسەڵاتێکی ستەمکاری   بەعسی شۆڤینی نەبوو بۆ دەسەڵاتی ستەمکارێکی کوردی، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی نیشتیمانێکی ئازاد و دیموکراس و بەدەستهێنانی  مافە نەتەوەییەکانمان بوو ،بەڵام بەداخەوە دوایی 34ساڵ لەم رۆژە مەزنە رەفتار و ئاکاری هەندێک دەسەڵات بەدەست ،  بیرەوەریە تاڵەکانی سەردەمی پێش ڕاپەڕینمان دێنێتەوە یاد.

حیزبی بەعس بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی گەلی کوردو سڕینەوەی ناسنامەی کوردایەتیمان، هەموو ڕێگایەکی گرتەبەر،بەڵام  خۆراگری ورەبەرزی خەڵک و پێداگری و پشوو درێژی جەماوەر سەرەنجام چۆکی بەزوڵم ستەمی دەسەڵاتداران دادا.
نەتەوەیی کورد ،بەدرێژایی مێژوو ملکەچی هیچ ستەمێکی دەرەکی و ناوخۆی نەبوە و بەردەوام لە پێناو ئازادی مافە رەواکانی تێکۆشاوە،  راپەرین دەسکەوتێکی گەورەی گەلەکەمان و بەخوێن بەخشینی دەیان هەزار کەس سەرکەوتنی بەدەستهێنا ، ئەمرۆ دەسەڵات بەدەستەکانی کورد ، نابێت بازرگانی بەو دەسکەوتانەوە بکەن ،  و هەموو کایەکانی ژیان بۆ قازانجی گروپگەلێکی پاوانخواز قۆرغبکەن.
ئەم بۆنەیە بەدەرفەت دەزانین ،جارێکی تر جەختبکەینەوە لەسەر بونی یەک هێزی پێشمەرگەی نیشتیمانی کە بەگیانی رۆژانی راپەرینەوە بەرگری لەکوردستان بکەن ،چیتر هێزەکان بەسەر حیزب و گروپەکاندا دابەشنەکرێن.
داهاتی کوردستان بەگشتی و سامانی ژێر زەویمان ،هەرزان فرۆش نەکرێت و شەفافیەت و دادپەروەری لە دابەشکردنیدا هەبیت .
دامەزراوە نیشتیمانیەکان قۆرغی تاک لایەنێک نەبێت و لەسەر بنەمای لێهاتووی لە بەرێوەبردندا هەموو کەسێک مافی بەشداریپێکردنی لە دامودەزگان هەبیت.
پەلە بکرێت ، لەگێرانەوەی مافی خەڵک کەساڵانێکە بەبیانووی جیاجیا ، دۆخی ژیانی خەڵک خراوەتە دۆخێکی نەخوازراوی ئابوریەوە ، ژیانی کۆمەڵانی خەڵک رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت.
ئازادی رادەربین و دیموکراسیەتی هەرێم بەجۆریک بەرتەسککراوەتەوە ، نێردە دیبلۆماسی و نوێنەرانی وڵاتان بەچاوی رەخنە و بەزمانی هەرەشە داوای گۆڕانکاری و چاکسازی و دیموکراسی دەکەن.
 لەکاتێکدا دەسەڵاتداران بەپیر بانگەوازی دۆستانی گەلەکەمان و خەڵکی تورەیی کوردستانەوە نایەن ، بێگومان سەرەنجامێکی خراپ چاوەرێمان دەکات ، بەتایبەتی کە دوژمنانی کوردستان ، هێشتا لەپیلانگێریدان بۆ کۆتایی هێنان بەم قەوارە سەربەخۆیەیی کە بەرهەمی رەنجی خەڵک و خوێنی شەهیدانە.
بەرزو پیرۆزبێت ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991
درود بۆ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان
درود بۆ گیانی پاکی ئەندازیاری ڕاپەڕین ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا ئەمین)
بزوتنەوەی گۆڕان،
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی ھەولێر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن