بەپەلە.. ژمارەی بریندارەکانی دوێنێ شەوی سلێمانی گەیشتە ٦٢ بریندار
02:05 - 23/04/2025
زەمەن _ سلێمانی
تەندروستی سلێمانی ژمارەی بریندارەکانی دوێنێ شەوی یاریگای نەورۆزی ڕاگەیاند و دەڵێت: ٦٢ کەس بریندار بوون، کە ٢٧ بریندار بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و یەکێکیان نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕگەیەندراوێکی سەبارەت بە بریندارەکانی شەوی ڕابردووی ناو یاریگای نەورۆزی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچونی یاری نێوان یانەی وەرزشی نەورۆز و یانەی وەرزشی زاخۆ لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان هاندەرانی هەردوولا دروست بوو، ٦٢ کەس بریندار بوون، کە هەر لە یاریگاکەدا چارەسەری خێرا بۆ ٢٥ کەس کرا و ٢٧ برینداریش بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٠ لە بریندارەکانی دیکە لەلایەن کەسوکارییانەوە گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جگە لە یەک بریندار لە ئێستادا سەرجەم بریندارەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، کە ئەو بریندارەی لە نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.