36 کوردستان

تەمەنێکی پڕ لە ئیمان و کەسابەتی حاجییەکی بەساڵاچووی شاری سلێمانی

11:55 - 23/04/2025

زەمەن - كوردستانی

 هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەی تەمەنی هەڵکشاوە و وەک خۆی دەڵێت نزیک بووەتەوە لە ١١٠ ساڵ، هێشتا کار دەکات و بژێوی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی دابین دەکات.

حاجی ئەحمەد مارف حەسەن، وەک خۆی دەڵێت تەمەنی نزیکبووەتەوە لە ١١٠ ساڵ و، سەردەمی عوسمانی، ئەو ساڵانەشی ئینگلیز لە عێراق بووە، سەردەمەکانی مەلیک غازی و مەلیکە بچکۆل (مەلیک فەیسەڵی دووەم)ی بە بیر دێت.

حاجی ئەحمەد دەڵێت لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵدا گەورەبووە و، لە سەردەمی مەلیکە بچکۆلدا ژنی هەبووە و، لەو تەمەنەدا کەسابەتی کردووە و، کوتاڵی بردووە بۆ ئێران و، گوند بە گوندی ناوچەکە گەڕاوە بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی.

لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو حاجی ئەحمەد باسی لە سەرگوزەشتەی ژیانی کرد و، ڕایگەیاند: "زەمانی مەلیک غازی گەورە بووم پێش مەلیکە بچکۆل. لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی بەرەو ژوور کەم ماڵی لێ بوو. لە منداڵییەوە دووکانم دانابوو، لە سابوونکەران، لە ناو بازاڕیش دووکانم هەبوو. دوو سێ دووکانم گۆڕیوە لەم شارەدا. لەگەڵ ئەوەی دووکانم هەبوو بەدەمیشیەوە کەسابەتم دەکرد و هەمیشە حەزم لە کەسابەت بوو. ئەو کاتە وەزعم زۆر خۆش بوو. لە ساڵی ١٩٧٤دا چووم بۆ حەج".

حاجی ئەحمەد دەڵێت زۆر بە باشی سەردەمی مەلیک غازی و مەلیکە بچکۆلی بیر دێت و گوتی: "مەلیک غازیم بەبیر دێت پێش مەلیکە بچکۆل، لەو کاتەدا گەورە بووم. پارەی ئەو کاتە هەمووی عانە و پێنج فلسی و دوو فلسی و تاک فلسی بوو. کە ژنم هێنا لاوێکی کامڵ بووم، لە دەوری ٣٥ ساڵ دەبووم کە ژنم هێنا، بۆ ماوەی حەوت ساڵ منداڵمان نەبوو، چووم دۆعایەکم بۆ نووسی و کچێکمان بوو، ناوم نا نەسرین، ئەو لە هەموویان گەورەترە وابزانم موالیدی ٦٥ە".

حاجی ئەحمەد دوو ژنی هێناوە و هەتا ئێستا خۆی بژێوی ژیانیان دابین دەکات، لە بارەی ژیانیانەوە دەڵێت: "دوو ژنم هێناوە. یەکی ١٢ منداڵیان بوو. منداڵی ژنە بچووکەکەم دەمردن. ژنە گەورەکەم هەشت منداڵی ماوە و، ژنە بچووکەکەشم دووانی ماوە و ١٠ منداڵی مردن".

وەک حاجی ئەحمەد خۆی باسی دەکات لە منداڵییەوە حەزی بە کەسابەت بووە و، دەڵێت: "دایمە دەچووم بۆ ئێران و کەسابەتم دەکرد و، دەچوومە بەغدا شتم دەهێنا، دەچوومە ئێرانیش شتم دەهێنا. شتم دەبرد و جەڵەبم دەکڕی و جەڵەبم دەبرد و، ئیتر هەر خەریکی کەسابەت بووم، وەستانم نەبوو هیچ، زۆر خۆشم ڕادەبوارد ئەو وەختە. کە دەهاتیشمەوە دووکانم هەبوو دووکانەکەم دادەنا ماوەیەک و، دووبارە دەچوومەوە و کەسابەتم دەکرد".

لە ئێستادا حاجی ئەحمەد سەرقاڵی فرۆشتنی گسک و لفکە و شاڵی حاجەتە و، بە پێ کۆڵان بە کۆڵانی شاری سلێمانی دەگەڕێت و، خۆی دەڵێت هەتا بتوانم کاسبی دەکەم و خۆم حەزم لە دانیشتن نییە، ئەگەر دابنیشم پەکم دەکەوێت، ئەگەر وردە وردە بگەڕێم باشترە.

گوتیشی: "ئێستا ئا بەمانەوە خەریکم و، گسک، لفکە، شاڵی حاجەت دەفرۆشم. ئەوە یەک دوو ساڵە خەریکی ئەم کەسابەتەم. دڵم تاقەت ناگرێت لە ماڵەوە دانیشم و حەز بە کەسابەت دەکەم و، پێمخۆشە کەسابەت بکەم، کوڕی ئێستا ئەوەتا کەسابەت ناکەن، ژنەکانیان پێ بەخێو ناکرێت. من هەردەم حەزم لە کەسابەت بووە، بۆ ئەوەی ئیحتیاجم بە کەس نەبێت".

حاجی ئەحمەد تەمەنێکی درێژ و پڕ ئیمانی هەیە و، وەک خۆی دەڵێت لە منداڵییەوە هەتا ئێستا نوێژ و ڕۆژی نەفەوتاوە و، هەردەم نوێژەکانی لە مزگەوت بە جەماعەت دەکات و، گوتی: "هەردەم دەچم بۆ نوێژی جەماعەت، کە دەچمە دەریشەوە بۆ ئیش لەو مزگەوتانە هەر بە جەماعەت نوێژەکانم دەکەم. بەیانیان مەلا بانگ نادات من کە دەچم بۆ مزگەوت، لەوێ یەک دوو نوێژ دەکەم ئینجا مەلا بانگ دەدات".

سەبارەت بەوەی کە ڕۆژانە چەند کاتژمێر کار دەکات، حاجی ئەحمەد گوتی: "ڕۆژ کەوتووە، ڕۆژی وا هەیە چوار سەعات دەگەڕێم، ڕۆژی وا هەیە پێنج یان شەش سەعات، ڕۆژی وا هەیە سێ سەعات دەگەڕێم. ئەگەر شتەکانم بفرۆشم ئەوا زوو دەگەڕێمەوە، ئەمڕۆ چوار گەسکم پێ ماوە. دوێنێ هیچم پێنەمابوو. هەموویم فرۆشت".

حاجی ئەحمەد باسی لەوە کرد کە کەس شک نابات لەم دەوروبەرە لە تەمەنی خۆیدا بێت و لە ژیاندا بێت و، گوتی: "کەس شک نابەم لە تەمەنی خۆمدا مابێت لەم دەورانە. باوەڕ ناکەم کەس لە هاوتەمەنی مندا مابێت. منداڵ بووم کە لە سلێمانیدا بووم. هەر لە منداڵییەوە حەزم لە کاسبی بوو. خەریکی دووکانداری و هاتوچۆم دەکرد بۆ دەرەوە و، کەسابەتم دەکرد دێ نەماوە نەچووبم بۆ کەسابەت. لە بنەڕەتدا باوباپیرم خەڵکی سیتەک بووە، ماوەیەک خوێندم بەس دەستم لێهەڵگرت و فێری هیچ نەبووم، مەجالم نەبوو. دەستم لێهەڵگرت و ئێستا خوێندەواریم نییە هیچ. سەربازیم نەکردووە ناوم هاتەوە بەڵام بەر لێبوردن کەوتم. لەبەرئەوەی تەمەنم زۆر بوو".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن