150 کوردستان

رێبین هەردی وه‌ڵامی مه‌لا به‌ختیار ده‌داته‌وه‌

10:24 - 25/04/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

رێبین هەردی روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەیەکی مەلا بەختیار بڵاوکردەوە دەڵێت، “قسەکە بەوجۆرە نییە کە من گێڕاومەتەوە.”

ده‌قی تەواوی روونکردنەوەکەی رێبین هەردی لەبارەی قسەکەی مەلا بەختیار:

روونکردنەوە لەسەر قسەکانی برای بەڕێز کاک مەلابەختیار

یەکێک لە سیفەتە باشەکانی کاک نەوشیروان مستەفای بەهەشتی کە دەبێت سیفەت و ئاکاری هەموو سەرکردەیەکی سیاسی بێت، ئەوە بوو هەست و بۆچونی تایبەتی خۆی تێکەڵ بە هەلسەنگاندنی عەقڵانی ئەو کەسانە نەدەکرد کە کاری لەگەڵ کردوون. کاتێک لە نزیکەوە ناسیم بەپێچەوانەی ئەو وێنایەوە کە هەندێک کەس بۆیان دروست کردبوو (وایانکربوو منیش بە وریایەوە سەیری بکەم) وەک کەسێک زۆر لە ژیر کاریگەری ڕق و هەستی تایبەتی خۆیدا بریار دەدات، مرۆڤێکم ناسی تەواو لە هەڵسەنگاندنی توانا و سیفەتی ئەو کەسانەی کاری لەگەڵ کردوون، بێلایەن و عەقڵیانانە بیر دەکاتەوە، و هەموو لایەنی باشەکانی ئەو کەسانە دەبینێت و دەزانێت، و لەبەر ئەوەی ناکۆکە بە خۆی یان بە سیاسەتەکانی، یەکسانیان ناکات بە سفر .

زۆر جار هەڵسەنگاندنی زۆر پۆزەتیڤم لەسەر کەسانێک لێبیستووە کە نەک هەر دژی بوون بەڵکو، زۆر ڕقیشیان لێ دەبۆوە. واتە بەکورتی کەسایەتیەک بوو هەستی شەخسی تێکەڵ بە هەڵسەنگاندنی عەقڵانی نەدەکرد و لەسەر بنەما عەقڵانیەکەش بڕیاری دەدا، نەک هەستی تایبەتی خۆی. لەم ئاستەشدا گەلێک نموونەم لایە کە رەنگە لەکاتی دیدا باسی بکەم.

یەکێک لەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر ناکۆکی زۆری لەگەڵ کاک نەوشیروانی بەهەشتی هەبووە بەڕێز کاک مەلا بەختیارە. وا بزانم لای کەس شاراوە نیە کە برای بەڕێز مەلا بەختیار چەند هەڵسەنگاندنی بۆ ئەم کارەکتەرە سیاسیەی کوردستان نێگەتیڤە و بەدرێژایی خەت دژی بۆچوونی سیاسی کاک نەوشیروان بووە. لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ هاوڕێیانی سەردەم میوانی برای بەڕێز کاک مەلا بەختیار بووین و گەلێک و قسە و باسمان لەسەر گۆڕان و کاک نەوشیروان و یەكێتی و دۆخی ئیستا کرد. لە دانیشتنەدا من قسەیەکی کاک نەوشیروانی (بەهەشتیم) لەسەر کاک مەلا بەختیار بۆ گێڕایەوە کە لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا برای بەڕێزمان بە ناوهێنانی من، ئەو بەسەرهاتەی گێڕایەوە. بەڵام پێدەچێت یان بەڕێزیان بە وردی گوێیان لە گێرانەوەکەی من نەبووبێت، یان بیری چوبێت و تێکەڵ بە بەسەرهاتی دی کردبێت. ئەوەی برای بەڕیزمان گێڕایەوە ئەوەیە گوایە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن من لە کاک نەوشیروانم پرسییوە ئایا یەکێتی لەناو دەچێت؟ کاک نەوشیروانیش گوتوێتی نەخێر لەناو ناچێت، چونکە مەلا بەختیاریان هەیە کە لە تەنزیمات باش دەزانێت. بەڵام بەڕاستی ئەمە ئەو شتە نیە کە من بۆ برای بەڕێزم گێراوەتەوە و هەموو برایانی سەردەمیش (مامۆستا ڕئوف بێگەر و کاک هیوا قادر و کاک هەڵکەوت عەبدوڵا) ئامادەی ئەو دانێشتنە بوون و لەبیریانە من چیم گووتوە. ئەم گێرانەوەیەش زۆر شاراوە نیە و من بۆ زۆر هاوڕێی نزیکم گێڕاوەتەوە. بەسەرهاتەکە بەمجۆرەیە:

هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێ نەکردبوو،رۆژێک لە باخەکەی خۆی لە گردی عەلی ناجی بەیەکەوە دانیشتبووین و قسە و باسمان دەکرد. من لێم پرسی لەناو یەكێتیدا لە چ کەسێک زۆر حەزەر دەکەیت و ترست لێی هەیە؟ لە وەڵامدا فەرمووی مەلا بەختیار. من لە وەڵامەکەی حەپەسام و پرسیم چۆن بۆ؟ لە وەڵامدا وتی: لەبەرئەوەی لەوانەی لەناو یەكێتیدان مەلابەختیار لەهەمویان زیاتر شارەزای شێوازی درووستکردنی ڕیکخستە و باشی لێ دەزانێت، لەبەرئەوە ئەو دەزانێت من چی دەکەم. ئەوانی تر هیچ لە ڕیکخستن و کاری ڕیکخستن نازانن. بەس ئەو دەزانێت و شارەزایە لەم مەسەلانەدا.

ڕێک ئەمە ئەو بەسەرهاتەیە کە بۆ برای بەڕیز کاک مەلابختیارم گێڕایەوە و وەک وتم بۆ زۆر هاوڕێی نزیکم گێڕاوەتەوە.

بەپێچەوانەی ئەو قسانەی لەبارەی کاک نەوشیروانی بەهەشتیەوە دەکرا، لەو سیاسیانە نەبوو ڕق و حەزی شەخسی خۆی، تێکەڵ بە بڕیار و هەنگاوەکانی بکات(لانیکەم لەو ماوەیەدا کە من ناسیم).کە دەگەیشتە بریاری سیاسی یان کاری پێکەوەیی، زۆر عەقڵیانە بیری دەکردەوە و هەستی تایبەتی خۆی تێکەڵ بە بڕیار و هەنگاوی سیاسی نەدەکرد. دەیتوانی لەگەڵ ناحەزترین کەسی خۆیدا کاری سیاسی بکات و هیچ کێشەیەکیشی لەمەدا نەدەبینی. لای ئەو کاری سیاسی سەربەدنیای هەست و سۆز نەبوو، بەڵکو بواری ڕێکەوتن و بڕیار عەقڵیانانە بوو بۆ بەڕیوەبردنی کارەکان. بەپێچەوانەشەوە هیچ بڕوای بە هیچ کارێکی سیاسی نەبوو کە بنەماکەی هاوڕییەری یان باوەڕ و پەیوەندی شەخسی بێت، زۆر جار ئەوەی دوپات دەکردەوە ئەم وتەزایانە سەر بە دنیای هاوڕێیەتی و هاوسەرگیرین، نەک سەر بە دنیای سیاسەت. دنیای سیاسەت ڕێکەوتننامە و ئیمزاو و کارنامەیە بەدەر لەوەی لایەنەکانی بەشداری تیا دەکەن کێن و چین و ڕابردوویان چی بووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن