بەپەلە.. سەڵاحەدین بەهادین و لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی لیستی هاوبەشی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان ئاشکراکرد
03:58 - 28/04/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
جوڵەی لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی مانگی 11ی پەڕلەمانی عێراق گەرموگوڕتر دەبێت.
ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەی لیستی هاوبەشی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان زیاتر ئاشکراکرد. ئەوەش لەپاش دیداری نێوانیان دەركەوت كە ئەمڕۆ دووشەممە 28/4/2025، لەبارەگای یەکگرتووی ئیسلامی لە شاری سلێمانی، سەڵاحەدین بەهادین بەیاوەری ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، پێشوازیكرد لە لاهور شێخ جەنگی و شاندی یاوەری بەرەی گەل.
ماڵپەری فەرمی سەڵاحەدین بەهادین لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی كۆبونەوەكەدا نوسیویەتی لە كۆبونەوەكەدا، گفتوگۆ كرا دەربارەی پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی لەپێناو پارێزگاریكردن لە سەنگ و پێگەی كورد لەبەغداد.
هەروەها لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی خۆی دوای دیدارەکە نوسیویەتی؛ جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی هێز و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت ناوچە کێشەلەسەرەکان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و نەفەوتانی دەنگی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان.