زانیاری نوێ لەبارەی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بۆناو خاڵێکی پێشمەرگە گەیشت
07:38 - 28/04/2025
زەمەن - کوردستانی
ئەمڕۆ دووشەممە لە سنووری ئامێدی، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتەخوارەوە و لەناو خاڵێکی سەربازی پێشمەرگە تەقییەوە، لەئەنجامدا سێ پێشمەرگە برینداربوون.
کامەران عوسمان لێپرسراوی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاند، درۆنەکە لە گوندی بلاڤەی سنووری ئامێدی لەناو خاڵە سەربازییەکەی پێشمەرگە تەقیوەتەوە.
گوتیشی، ئەو خاڵە سەربازییە نوێیە دوێنێ هێزەکانی پێشمەرگە دروستیان کردووە، کاتێک درۆنەکە هێرشی کردووە، پێشمەرگەکان تەقەیان لێکردووە، بەڵام لەناو خاڵە سەربازییەکە تەقیوەتەوە.
هەروەها دەڵێت، پێشمەرگە سەرقاڵی دروستکردنی خاڵێکی سەربازی بوون، لەو کاتەدا پەکەکە درۆنێکی ناردووە بۆ چاودێری، کە دەچێتە سەر ئەو بنکەیە، لە شوێنێکی نادیارەوە تەقەی لێکراوە، نەک لەلایەن پێشمەرگەکان.
بە گوتەی کامەران عوسمان، بارەگایەکی تورکیا لەو ناوچەیە هەیە و بەسەر بنکەکە دەڕوانێت، پێدەچێت لەلایەن ئەو بارەگایەوە تەقەی لێکرابێت، بەو هۆیەوە درۆنەکە، کە بۆمبڕێژکراو بووە، تەقیوەتەوە و زیانی گیانی هەبووە.