422وتار

هەمووی بەرنەوە بۆ دیوەخانەکەی حزب!

8/29/2019 3:11:00 PM
کامەران سوبحان

هیچ ڕۆژگارێ هێندەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، حزب دەستی لە هەموو کایەکانی ژیانمان وەرنەداوە. هیچ ڕۆژگارێ هێندەی ئەمڕۆ، کارەکتەرە سەرەکییەکانی حزب، خۆیان بەخاوەنی ماڵ و موڵک و هەوا و خاک و ئاسمان و داروبەردی نیشتمان نەزانیوە. هەر بوارێک بگریت، دەست بۆ هەر شتێ ببەیت، گەورە بێ یان بچووک، تارمایی حزب لەسەر سەری وەک مۆتەکە دیار و ئامادەیە.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان، لە چالاکییە “کولتوورییەکان، بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، یادە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان” کارەکتەرە سیاسییەکان، سوورەی بەر لەشکرن و لە پێشی پێشەوەن، لەهەموویدا دەمڕاست و بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی ئەو بۆنە و چالاکییانەن. ئێستا دەبینین ڕۆژانە پۆل پۆل، پسپۆڕانی پەروەردە، مامۆستایانی زانکۆ، کاسبکاران، هونەرمەند و پیشەوەران، ڕیزیان بەستووە، بۆ دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ کەسی یەکەم و دووەمی حزب، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوەندی بڕیارو کاری حکومیی و رێکخراوەییان، ڕێگەکە کورت دەکەنەوەو دەچنە لای بەرپرسی باڵای حزبیی شارەکەیان، ئەوەی باوی نییەو بێ بایەخە، حکومەت و بەرپرسە حکومییەکانە، ئێستا هەموو کاروباری ڕۆژانەمان، براونەتەوە بۆ دیوەخانەکانی حزب.!

لێرە حزب بە جۆرێ گەورە بووە، جەستەی ئەو و جەستەی نیشتمان، لەیەک جیاناکرێتەوە. ئێستا باڵای حزب و سەرکردەکانی، لە باڵای خاک و نیشتمان کەڵەگەتترە. ڕۆژانە خۆیان و سێبەرەکانیان بەبەردەمماندا دێن و دەچن، لەوەش غەمگینتر، وێنەی سەرکردەو کەسە باڵاکانیان، بە قەبارەی گەورەو گەورەتر، لە دەروازەی شارەکان‌و لەسەر پردو شەقام و شوێنە گشتییەکان هەڵدەواسن، بۆ ئەوانەی کە نایانەوێ بچنە دیوەخانی حیزب، بەردەوام ئەو وێنانە لەبەرچاویان بێ و وەک “تەوتەم”ێ، بەردەوام ڕێبواران و هاوڵاتیان، بە بینینی وێنە گەورەکانی سەرکردەکانیان، ئەو هەستەیان لادروست بێ، ئەو خاکەی بەسەریدا دەڕۆیت، ئەو ژیانە کولەمەرگەی دەژیت، لەسایەی سەری ئەو وێنانەوەیە، کە ڕۆژانە لە ژووری فەرمانگەکان و لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بەچاوتاندا دەدرێتەوە.!

 

ئازیزانی حزب و دەسەڵاتدار، ئایا ئێوە دەزانن، کولتووری وێنە هەڵواسین و پیرۆزکردنی سەرکردەو کارەکتەرەکانتان، لەبری خۆشەویستیی ئەوان، بێزراویان دەکات لە چاوی خەڵک و هاوڵاتیاندا؟ ئازیزانم ئایا ئێوە دەزانن ئەو خۆهەڵقورتاندنەتان لە کاروباری زانکۆو پەروەردەو ڕۆشنبیریی و کۆی لایەنەکانی تر، لەبری متمانەو فراوانبوونی دەسەڵاتتان، لای خەڵکی بێزراوتان دەکات و ڕۆژ بەڕۆژ لەگەڵ گەورەکردنی وێنەکان خۆتانی پێ بچووکتر دەبنەوە؟!
من نامەوێ و حەزیشم لە بەراوردکاریی نییە لەنێوان ئەم کارانەی ئێوەو دیکتاتۆرەکانی مێژوو، یان سیستمە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەی خۆمان، بەڵام زۆر نزیکتر، بۆ پەند لە بەعس وەرناگرن، بیرتانە چەند وێنەی سەرکردەو سەرۆکەکانیان هەڵواسیی؟ بیرتانە لە تووڕەبوونی جەماوەردا چی لە وێنەکان کرا؟ بیرتانە مونەزەمات‌و ڕێکخراوە کارتۆنییەکانی بەعس، چییان لە شارەکاندا دەکردو چۆن بەزۆر هاوڵاتی و فەرمانبەریان ڕاپێچی کۆبوونەوە حیزبییەکان و خۆپیشاندانە گشتییەکان دەکرد؟ ئەی ئێستا ئەوانە چییان لێهات و لەکوێن؟! پەندو وانە وەرگرتن لە مێژوو، گرنگ و بایەخدارە.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن