بوونەوەرێک لە نەوەی ئیبلیس!
6/22/2024 2:12:00 PM
کامەران سوبحان
ڕوداوی خنکانی کۆمەڵێک هاوڵاتی کورد، لەدەریای ناوەڕاست، یەکێک بوو لەو چیرۆکە غەمگینانەی چەند ڕۆژێکە بەردەوام خەیاڵ و هۆشی داگیرکردوم! چاوپێکەوتنی ڕزگاربووەکانی نێو کەشتییەکە، هەستێکی سەیری لادروستکردم، کە منیش یەکێکم لەوکەسانە و چیرۆکی ڕزگاربوونی خۆم، لە ڕێگەی میدیاوە بۆ خەڵک، دەگێڕمەوە!
دوای تەواوکردنی خوێندن، بە پلەی باڵا، لەبری ئەوەی بیر لەدامەزراندن و درووستکردنی ژیان بکەمەوە، سەری خۆمم هەڵگرت، ڕوو لە تەراوگە و پشت لە نیشتمان!
ئەو ڕۆژگارە تاریکە، براکان، گورگ ئاسا، بەهەمان شێوەی شاخ، لولەی تفەنگیان کردبوە یەک و لەسەر تەپۆلکەیەک، خوێنی سەدان گەنجی بێتاوانیان ڕشت و دەیان دایک و باوکیان جەرگ سووتاوکرد!
بابم، ئەو ڕۆژگارە زۆری لێکردم نەڕۆم! بڕیارێکبوو، دابووم، نیشمان هی من نیە و نامەوێت! دڵی باوکمم شکاند، جارێک نا، سەدجار داوای لێبوردن لەو ڕۆحە پاکەت دەکەم بابە گیان!
ڕۆشتم، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی زۆر نزیک و تەمەنم. ئەوانیش وەک من، یان کەمێک نەرمتر، بیریان لە دڵشکاندەکانی خۆیان دەکردەوە!
سوپاس بۆ خوا، لەیەکەمین بەرکەوتنمان، بەو گورگە ناشیرینانەی ناویان "قاچاخچی"یە لە سنوری ئێران و تورکیا، بە دڵشکانێکی قوڵتر گەڕاینەوە، بۆ ئەو نیشتمانە تاریکەی لێی هەڵهاتبووین!
ڕوخسار و هەڵسوکەوتی قاجاخچی، نمونەی نیە، نامەوێت درۆ لەگەڵ «وشە، گوزارشت، خەیاڵ و نووسینم» بکەم، دانیپێدادەنێم شکست دەهێنم لە وێنەکێشانی "قاجاخچی" بۆ خوێنەر! ئەوان بونەوەرێکن لە نەوەی ئیبلیس، داماڵراو لە هەموو ڕەوشتێکی مرۆیی!
کە دیمەنەکانی ئەو ڕوداوە مەرەگەساتەم بینی، ئەو ڕۆژانەی خۆمم هاتووە یاد، بەدەستی چەند قاچاخچییەکی بێ شەرەف، وەک باڵندەیەکی باڵشکاو وابووم، لە نێو دەوو دەستی ڕەشی ئەواندا و هەموو ساتێک چاوەڕوانی خنکان بووم!
خودایە... چەند دڵڕەق و نامیهرەبانن، ئەو قاچاخچییانە