(گێڕانەوەی چوار دیمەن)
9/24/2019 2:03:00 PM
کامەران سوبحان
جارێكیان لە كۆبوونەوەیەكدا نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان
بە پێكەنینەوە ڕوویكردە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و وتی لە وڵاتەكەی ئێوەدا
زۆرترین قسە لەسەر بەشداری سیاسیی ژنان دەكرێت، بەڵام لە زۆربەی كۆبوونەوە فەرمییەكاندا
من هەر پیاوەكان دەبینم.!
هەڵوێستێكی ئیحراج بوو. پاش ماوەیەك كۆبوونەوەیەكی
تری نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو، " پەروا عەلی"
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و جێگری سەرۆكی لیژنەی ڕەوەندی كوردیی و پەیوەندییەكانی
دەرەوەی پەرلەمان، ئامادەبوو. پاش گفتوگۆی سەرۆكی پەرلەمان و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان.
"پەروا عەلی"ش، چەند خولەكێ بە ئینگلیزیی لەسەر كێشەی ژنان لە كوردستان
و هەندێ پرسی تری تایبەت بە توندوتیژیی قسەی كرد. نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان زۆر
دڵخۆشبوو بە وتەكانی ئەم خانمە پەرلەمانتارە.
*مانگی شوباتی 2014 شاندێكی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی
ئەنجومەنی سیناتی ئیتاڵی و پەرلەمان و ڤاتیكان و پەرلەمانی سوید"یان كرد. لیژنەكە
بەدەر لە سەرۆكی پەرلەمان، لە سەرۆكی پێنج فراكسیۆنە سەرەكییەكەی پەرلەمان و نوێنەری
مەسیحییەكان، پێكهاتبوون. "بێگەرد تاڵەبانی" سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز، تەنها
خانمی شاندەكە بوو. لە زۆرێ لە كۆبوونەوەكاندا كە دادەنیشتین بە پێكەنین و هەندێجاریش
بە تەعلیقەوە دەیانپرسی تەنها هەر ئەو ژنە لە ناو شاندەكەتانە؟!
لەهەموو كۆبوونەوەكاندا، پاش سەرۆكی پەرلەمان
خاتوو بێگەرد قسەی دەكرد و ئەوروپییەكان بە گرنگییەوە لەبۆچوونەكانیان دەڕوانی.
*لە هەموو فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان، كۆمەڵێ خانم هەبوون،
بە بێ دەنگی و دوور لە خۆدەرخستنی بەردەم مایك و سەرشاشەكان ، خەریكی كاركردن بوون
بۆ پرسی ژن و پرسی بە سیستەماتیككردنی دامەزراوە دەوڵەتییەكان و سەروەری یاسا. لەوانە
(گەشە دارا، تەلار لەتیف، د. بەهار مەحمود، ڕێواس فایەق، ئامینە زیكری، ڤالا فەرید،
بەهار عەبدولڕەحمان، نەجیبە دارائاغا....) و چەند خانمێكی تر. بە پێچەوانەشەوە لە
هەموو فراكسیۆنەكان هەبوو، قسەكەری بێ كردار بوو.!
*لە ژیانی خۆمدا، هەرگیز مرۆڤم بە مووچە و پلەی حیزبی و كۆمەڵایەتیی
هەڵنەسەنگاندووە، بەڵكو بە كۆشش و هەوڵەكانیی سەیرم كردووە. حیزبەكان كارێكی زۆر
خراپیان كرد، پشتیوانی ئەم خانمانە و چەند خانمێكی تریان نەكرد تا لە پەرلەمان بەردەوام
بن و ئەزموونیان زیاتر بێ و لە داهاتوودا ببنە كارەكتەرێكی سەرەكی بەڕێوبردنی وڵات.!
تا خاوەنی ئەو بیركردنەوە ڕووكەشانە بین بۆ بەشداری ژنان لە كاری سیاسیی و مەدەنیدا،
هەرگیز ناتوانین لەمەی ئێستا پێشكەوتووتر بین.!
(هەوڵدەدەم چیرۆكی پێنج ساڵ كاركردنم لە پەرلەمان، وەك خۆی
و بێ هیچ ڕتووش و لایەنگیرییەك بنووسمەوە.!)