ڕوخان....لەمیرنشینی بابانەوە، بۆ هەرێمی کوردستان!
3/15/2024 11:12:00 AM
کامەران سوبحان
ڕەنگە بێ شانسی کورد، لە دوبارەبوونەوەی
مێژووەکەی و نەیارەکانی و دووبەرەکییە ناوخۆیی و بەردەوامەکانییەوە بێت! ساڵی
1850واتە 174ساڵ لەمەوبەر، ئەو ڕۆژگارەی میرنشینی بابان بەیەکجاری ڕووخا، زۆر لەم ڕۆژگارەی
ئێستا دەچێت، کە زۆربەمان چاوەڕێی ڕوخان و لەناوچوونی دەکەین!
هۆکاری ڕوخانی میرنشینی بابان، زۆربوون دیاریترینیان:
▪️یەک: دەست تێوەردانی بەردەوامی عوسمانی و سەفەوییەکان
لە کاروباری ناوخۆی میرنشینی بابان.
▪️دوو: ناکۆکی و دوبەرەکی لە نێوان ئەندامانی بنەماڵەی
بابان
▪️سێ: ئەحمەد پاشای بابان، بە گەڕیدەیەکی وەک جەیمس
ڕیچ، دەڵێت :ئەنجامی دووبەرەکی میرەکانمان تێداچوونی خۆمانە، ئەگینا عوسمانی و سەفەوییەکان
دەرەقەتمان نەدەهاتن!
▪️چوار: نادادپەروەریی و جیاوازیی زۆر، لە نێوان
چینێکی دەوڵەمەند و بەهێز، چینێکی هەژار و بێدەرامەت!
▪️پێنج: گوێنەگرتن لە کەسانی زانا و ڕۆشنبیران و
رەخنەگرانی ئەو ڕۆژگارە!
بەدەر لەم هۆکارانە، ڕووخانی میرنشینی
بابان و میرنشینە کوردیەکانی تری وەک (ئەردەڵان، سۆران، بادینان، شەمزینان، بۆتان
و هەکاری و هتد) بەهۆی پەیمانی ئەرزەڕۆم بوو کە لە1847دا لهنێوان ئێران و عوسمانییهكاندا
بهسترا، لەسەر ئەوە ڕێکەوتن هەموو کێشەکانی نێوانیان وازلێبێنن و هەوڵی ڕوخانی میرنشینە
کوردییەکان بدەن، بەو هۆیەشەوە، ھەموویان یەک لەدوای یەک کۆتاییان پێھێنرا.
دوای ڕوخانی میرنشینی بابان زۆر شاعیری
کورد، غەم و پەژارەیان بە شیعر بۆ ئەو ڕۆژگارە نووسیووە، لای من، جوانترین و قوڵترین
شیعر، چامە درێژەکەی سالمی ساحێبقرانە، کە بەشاکارێکی پانۆرامایی گەورە دەژمێرێت بۆ
ڕوخانی میرنشینی بابان.
شیعرەکە، زۆر دووردرێژە، لە کۆپلەیەکدا،
بە ئاهێکی قوڵەوە دەنووسێت:
تورکی قورسی خۆر کە تالیع بوو تولووعی
کرد بە ڕەقس
کەوکەبەی ماهی مورادی ئەهلی بابان بوو
نیهان
ئاگری نەگبەت لە خەرمەنهایی تالیع کەوتەوە
شەمعی دەوڵەت هەر تەرەف دەگڕا هەموو
خامۆش کران
حەلقە دەین یاران بڵا ئاشوفتەبەخت و تیرەڕۆژ
ڕۆزگار دونیای لە ئێمە کردە گێسووی دڵبەران
واتاکەی: کە خۆری تورک بە شادی و سەماوە هەڵهات
مانگی شادی بابان ئاوابوو
ئاگری نەگبەتی و بێکەسی بەربوە خەرمانی
بەخت و
سوتاندنی
خەون و شانسمان خۆری دەوڵەتی بابان،
لەهەموویەکەوە
دەسووتا و گڕی دەگرت!
( سەرنجبدەن، سالم وشەی "دەوڵەت"ی بۆ
بابان بەکارهێناوە!)
یاران و دۆستان، با کۆبینەوەو بە بازنەیی
سەربنێین بەیەکەوە
بۆ
بەختی ڕەش و تێکچوو، ڕۆژی ڕەش و تاریکی خۆمان،
کە
چەرخی ڕۆژگار دنیای ئێمەی بەم شێوەیە شێواند!