تورکیا ئاخیر شەڕی دۆڕاو دەکات
10/15/2019 11:34:00 AM
د.عەبدولڕەعمان مەولود
لە سایەی ترامپ، ئیدارەی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی گەورەی سیاسی بەسەردا هاتووە. ئیدارەی ترامپ بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانی ئەمریکا لەپێش ئەرکە جیهانیەکان و پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی لە جیهان دادەنێ.
لە ئێستادا ئەمەریکا هاوپەیمانی کەس نییە. ئەمەریکا نە هاوپەیمانی ئەوروپایە، نە هاوپەیمانی کەنەدا، مەکسیك، سعودیە، میسر، ئوردن و هەر وڵاتێکیتر نییە. جگە لە ئیسرائیل ئیدارەی ئەمریکا بۆ هیچ کەس نە سەربازێك بۆ شەڕ دەنێرێت و نە دۆلارێکیش سەرف دەکات. ئەوەی ئیسرائیلیش بۆیە دەکات، چونکە پەیوەندی نێوان گەلی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەروو بەرژەوەندیە مالیەکانە.
لەو هەلومەرجە نوێیەدا، هەر کەس دەیەوێت بە قازانجی خۆی سود وەرگرێت.
تورکیا دەیەوێت سوود لەو هەلومەرجە نوێیە وەرگرێت بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان نەچەسپێت. لە ڕێگای ئەم شەڕو کوشتارەی ئێستا لە ڕۆژئاوا دەستی بۆ بردووە تورکیا ئەمەی بۆ دەچێتەسەر.
بەڵام ئەوەی تورکیا بۆی ناچێتەسەر ئەمانەن:
1) تورکیا نابێتە دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکە شان لە شانی وڵاتانی ئەوروپی هاوشێوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنساو ئیتاڵیا بدات لە ڕێگای داگیرکاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی ناوچەکە. ئۆردوگان دەبێت خەونە پاوانخوازیە ئیخوانیەکانی لەگەڵ خۆی بباتە ژێر گڵەوە.
2) بەهۆی ئەو وێنە قێزەونەی تورکیا نیشانی وڵاتان و ڕای گشتی لە دونیا دەدات وەك دەسەڵاتێکی توندڕەوی ئیسلامی و کە ئامادەی پاکتاوی ڕەگەزی کوردە، سەرکەوتوو نابێت لەوەی چەندین ملیۆن ئاوارە لەنێوان کوردستانی ڕۆژئاواو باکور وەك دیواری مرۆیی بۆ پەرتەوازەی کوردان دروست بکات.
کورد لە رۆژئاوا بێ دەستکەوت نابن و خەونی کوردیش لەڕۆژئاوا کۆتایی نایەت. بەهۆی ئیدارەی ترەمپ، کورد لە ڕۆژئاوا کەمتر بەدەست دێنن لەوەی ئارەزوویان بوو. کورد لە ڕۆژئاوا، دەستکەوتەکانی هاوشێوەی دەستکەوتەکانی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ی کوردستانی عێراق دەبێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی کورد لە ڕۆژئاوا ئەمە کەم نییە.
گەورەترین شت بۆ کورد لە ڕۆژئاوا لە ئێستادا مانەوەیە. دەوڵەتی سوریا هەرگیز جارێکیتر نابێتەوە دەوڵەتەکەی جاران، بەهۆی سیاسەتە نوێیەکەی ئەمریکا جیهان بەرگێکی سیاسی نوێ لەبەردەکات کە تاکو ئێستا ڕوون نییە چۆن دەبێت، زۆر هۆش هەن نیشان دەدات زوو یان درەنگ تورکیا توشی داڕمان دەبێت.
کورد لە ڕۆژئاواو بەشەکانی تریش دەبێت لە ئێستادا لەسەر خاکی خۆیان بمێننەوە لەچاوەڕوانی داڕمانی تورکیادا بن و پاڵنەری ئەم داڕمانە بن بۆ بەدیهێنانی هەموو خەونەکانیان.
تورکیا ناتوانێ کۆتایی بە خەونی کورد بوون و پێشڕەوی سیاسی کوردی بێنێت. ئەو شەڕی ئێستا تورکیا دەستی داوەتێ دژی خەونی کورد، خەونی کوردبوونی گەورەتر کرد. کێشەی کوردی کردە کێشەیەکی نێودەوڵەتی.
بە پێوەرەی گەورەبوونی خەونی کورد، دۆڕاوی یەکەم لە ناوچەکە تورکیایە. تورکیا لە ئێستادا ئاخیر شەڕی دەکات و سەرکەوتووش نەبووەو نابێت تیایدا. زوو یان درەنگ ئەوەی تورکیا لێی دەترسێت ڕوودەدات، تورکیا هاوشێوەی ڕوسیا، یوغسلافیاو دابەشبوونی ئەوروپا بۆ ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی هەڵدەوەشێتەوە.
تورکیا لەگەڵ هەڵوەشانەوەی خۆی دەیەوێت کارەسات دروست بکات. بەڵام هەرچی بکات نەدەتوانێ بیکاتە جەنگێکی دەوڵەتی لە ناوچەکە، نە دەشتوانێ بەر بەهەلوشانەوەی خۆی بگرێت.