بهخێربێن بۆ سهردهمی توركیا ...!!
12/11/2024 8:23:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
پەلاماری 7ی ئۆكتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، قسەیەكی تایبەت و جیاوازی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی لێكەوتەوە كە گوتی: "چۆن 11ی سێبتێمبەر دنیای گۆڕی، ئەوا 7ی ئۆكتۆبەریش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت".
ئیسرائیل لەكاردانەوەی ئەم پەلامارەی حەماس، پەلاماری بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی دا كە ئێران سەرە گرنگەكەیەتی، حزب اللە و حەماسی تەواو شپرزەكردو لەناو پایتەختی ئێران سەرۆكی حەماسی كوشت!. ئێران و بەرەكەی گورزی كەمەرشكێنیان بەركەوت. ئەمە وایكرد بەرەی مقاوەمەو هیلالی شیعە كەلێنی تێبكەوێت, كەلێنەكەش لە سوریا دەركەوت. ئەوەی زیرەك و بیرتیژبوو لەم بارەیەوە توركیا بوو، زۆر باش خوێندنەوەیان بۆ دۆخی سوریاو بەرەی ئێران كرد.. رێككەوتننامەی ئاستانەو سوچی و سێ قۆڵی هەبوو، كە لەگەڵ روسیا تەوقەی گەرمیان دەكرد، بەردەوام توركیاو ئێران لەگەڵ روسیا دەستیان لەناو دەستی یەك بوو، باسیان لە نەخشەی سیاسی و داهاتووی سوریا دەكرد، بەڵام هەر كە ئێران و هاوئاوازەكانی لاواز بوون، توركیا زۆر زیرەكانە دەرفەتەكەی قۆستەوەو هەرچی رێككەوتنی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەیە هەموی ژێر پێ خست و كڵاوێكی نایە سەری ئێران لە مێژوودا بێ وێنەیە. رژێمی شیعەی سوریای روخاندو هێزێكی سونەی هێنایە حوكم، هیلالی شیعەی تێكدا، ئێرانی لە سوریا دەركرد. ئێستا توركیا لەرێگای تەحریر شام و داعش و بەرەی نوسڕەو ئۆپۆزسیۆنی چەكداری سوری خۆی حاكمی یەكەمی سوریایە، ئەم هێزانە نان و فیشەك و هێزی توركیایان لەپشتەو مەقاشی دەستی ئەون. بە ئاشكراش لە بن زمان و سەر زمانی توركەكان ئەم قسانە دیارە.
ماوەیەكی باشە توركیا هەنگاو لەدوای هەنگاوی لەم جۆرە دەنێت، بەئاشكرا لە شەڕی قەرەباغ دژی ئەرمینیا بەشداری كردو لایەنگیری ئازەربایجانی كرد، سەربازو چەك و پشتیوانی بۆ ئازەربایجان ناردو یەك تۆز چیە حسابی بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان و ناتۆو ئەمریكاو ئەوروپا نەكرد!!. دوای ئەوە هێزی ناردە لیبیا و سۆماڵ و سودان و بەئاشكرا لیبیای وەكو بەشێك لە میساقی میللی تورك ناساند!. چەندین كلیۆمەتر هاتە ناو خاكی عێراق و شەڕی پەكەكەی كردو دەیان و بگرە سەدان بنكەی سەربازی دروست كردووە، لە بەرەی موصڵیش بنكەی سەربازی داناوە!. عەفرینی گرت و هەرچی وێستگەی كارەباو ئاوی خواردنەوەو نەخۆشخانەو شوێنی خۆراكی رۆژئاوای كوردستان هەمووی وێران كرد. گەمارۆی خسۆتە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەناو كەلارو پێنجوێن و رانیەو دوكان و ناو جەرگەی هەرێمی كوردستان بە درۆن خەڵك شەهید دەكات و بە ئاشكراش دەڵێت بەڵێ من بوم.! توركیا بە ئاشكرا لەگەڵ پۆتین و روسیا مامەڵە دەكات و هیچ حساب بۆ نەستەلە خۆرەكانی فەرەنساو بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپا ناكات!! تەنانەت كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی ئەوروپی بە فەرمی داوای ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی كرد، كەچی جڕتی بۆ ئەوروپا بەردا. توركیا گوێ بەهیچ پێگەیەكی ئەمریكی و ئەوروپی و ناتۆ نادات، ئێس 400 لە روسیا كڕی و حسابی بۆ كەس نەكرد، سەرباری ئەوەش بەتوندی هەڕەشەی لە ئەمریكا كرد كە دەبێت فڕۆكەی ئێف 35 بدەن بە توركیا.
ئێستا حاكمی سوریایەو بە ئاشكرا كۆمەڵكوژی دەكات لە رۆژئاوای كوردستان، بە ئاشكرا دەست وەردان لە عێراق و ناوچەكە دەكات، هەرچی پەیماننامەو رێككەوتننامە هەیە لەگەڵ ئێران و عێراق وناتۆو ئەوروپاو ئەمریكا هەیە فشەی پێ دێت. كەواتە بەخێربێن بۆ سەردەمی هەیمەنەی توركیا؟؟.
بەڵام ئەم سیاسەتەی توركیا خاڵێكی زۆر لاوازی هەیە، كە ئەویش ئەوەیە هەموو ئەمانە بە عەسكەرو سوپا دەكات، ئەمەش ئەزمونی صەددام حوسێنە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا عاقڵمەند نەبن و ئەم بارە راست نەكەنەوە، ئەوا كردەی سەربازی و توندوتیژی و هاوكاری گروپە تیرۆریستیەكان دواجار دۆخێك بۆ توركیا دروست دەكات هاوشێوەی صەددام بێت!. چونكە مومكین نیە تاسەر بەمجۆرە تەراتێن بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بكات و بگرێ و بكوژێ و ببڕێ. توركیا دەیەوێت سود لە گۆڕانكاریەكانی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت ئەوەی كە ئیسرائیل كاری جدی بۆ دەكات و نایەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەكو پێش پەلاماردانەكەی 7ی ئۆكتۆبەری حەماس بێت. بە بۆچونی من تاوەكو ئێستا براوەی لێكەوتەكانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل توركیایەو زیامەندی سەرەكیش ئێرانە.