شۆڕش تایبەتمەندی وڵاتانی دواکەوتووە!
12/5/2019 2:17:00 PM
د.عەبدولڕەعمان مەولود
شۆڕش لە وڵاتێکی قەوارەداردا مانای کاولکاری، توندوتیژی و تێکوپێکدانی کۆمەڵگایە. ئەم کارە تێکدەرانە تەنها لە وڵاتانی دواکەوتوو ستایش دەکرێن. ئەگەرنا کەی مومکنە کاولکاری، توندوتیژی، تێكوپێکدان، کوشتن و خوێنڕشتن خێری بۆ کۆمەڵگا هەبێت.
بە مێژووی سەدساڵی ڕابردووی جیهاندا بچۆوە، لە هەر شوێنێك شۆڕش کرابێت، بە هێزی چەك دەسەڵات لەکار خرابێت ئەوا جگە لەوەی رووبارێك خوێن ڕژاوە کاریگەری نێگەتیڤی ئەم توندوتیژیەش لەسەر سایکۆلۆجیەتی خەڵك بۆ چەند نەوە ماوەتەوە. بەرهەمی شۆڕش جگە لە گۆڕینی ستەمکارێك بە یەکی تر هیچتر نەبووە.
چاکردن و گۆڕینی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی یەك ئاراستە نییە تاکو بە شۆڕش چاك بکرێت. واتە، بۆ چاکردنی کۆمەڵگا مەرج نییە پێش هەموو شتێك سیستمی سیاسی بڕوخێنی ئینجا دەست ببەیت بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانیتری کۆمەڵگا.
مەسەلەی چاکردنی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی دوو ئاراستەیە. واتە، بوونی سیستەمی باش یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگاو هەلومەرجی ژیانی باشی خەڵك، ئەمە ئاراستەی یەکەمە. بەداخەوە، وا پێدەچێت لای ئێمە تەنها بیر لەم ئاراستەیە بکرێتەوە.
ئاراستەی دووەمیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە، گەشەکردن و پێشکەوتنی لایەنەکانیتری ژیان جگە لە سیاسەت کاریگەری هەیە لەسەر دروستکردن و پێگەیاندنی سیستەمی سیاسی باش. هەر داهێنان و گەشەکردنێك لە سێکتەرە جیاکانی کۆمەڵگا چاکسازی سیاسی برەو پێدەدات، لە درێژماوەدا زامن دەکات.
ڕوونتر، هەر هەنگاوێکی بەروەپێشی چوونی کۆمەڵگا لە هەر سێکتەرێك بێت، پیشەسازی، کارەبا، بازرگانی، سیستەمی بانکی، ڕاگەیاندن، گواستنەوە، خوێندەواری، پەیوەندی و سوشیال میدیا کاریگەری دەبێت لەسەر چاکردنی سیستەمی سیاسی.
زەمینەی گەشەکردن و پێشخستنی سێکتەرە جیاکانی کۆمەڵگا، سەرەڕای بوونی دەسەڵاتی فاسدو دیکتاتۆریش، لە هەموو سەردەمێك هەر هەبووەو هەر هەیەو کەمتریش قوربانی دەوێت بەبەراورد لەگەڵ هەواڵدان بۆ چاکسازی سیاسی.
لای ئێمە لە ڕۆژهەڵات، وا پێدەچێت ئەوانەی بیر لە چاکردنی کۆمەڵگا دەکەنەوەو گۆڕینی کۆمەڵگایان کردووە بە پیشە، بیر لە ئاراستە پێچەوانەکە نەکەنەوە یان لە گرنگی تێنەگەن بۆیە هەر خەریکن لەسەرەوە بۆ خوارە کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕ پێبکەن و هەر خەریکی کارکردنن لەسەر ئەم ئاراستەیە.
ئەگەر سەرمایەگوزاری بۆ ڕەخساندنی بەشی دووەمی دوانەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتو کۆمەڵگا نەکرێت، ئەگەر کار بۆ داهێنان و گەشەکردن لە سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگا نەکرێت، ئەوا ڕووخانی دەسەڵات لە سەرەوەدا لە ڕێگەی شۆڕش جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ کودەتاو جگە لە نەهامەتی چیتری لێ شین نابێت.
بۆ نموونە، لە ئێستادا ئەگەر بێتو حکومەتی عێراق یان ئێران بڕوخێن و وە لە جێگای دەسەلاتدارانی ئێستادا مەحەمەدی مەهدیش دابنێن، ئەوا لە مالیکی و عەبادی و نمونەی وەك ئەوان چاکتر نابن. ئەمەش لەبەرئەوەی ئاڵوگۆڕەکە هەر لەسەرەوەدا دەبێت. لە ئەگەری روخانی ئەو دوو ڕژێمە پێویستە کارکردن لەسەر داهێنان و گەشەکردنی سێکتەرە جیاکانی کۆمەڵگا بە دوور لە دەستێوەردانی دەوڵەت وەك تەواوکەری چاکسازی سیاسی سەیر بکرێت.
لە وڵاتانی گەشەکردوو باسێك نییە لە شۆڕش. لای ئێمەش لە ڕۆژهەلات ئەو قوربانیانەی بۆ شۆڕش دەدرێت و هیچی لێ شین نابێت، ئەگەر نیوەی ئەو توانایانە بخرێتە کار بۆ شوێنی پێویستی خۆی، بۆ نموونە داهێنان، ئەوا چاکسازی لە سیستەمی سیاسی بە پەلەترو سەقامگیرتر دەبێت و پەنجەی کەسیش خوێنی لێنایەت. بۆیە ئەرکی هەمووانە، بەتایبەتی میدیا، هاندانی خوێنڕشتن ڕاگرن بەناوی شۆڕش یان هەر ناوێکی تر. شۆڕش تایبەتمەندی وڵاتانی دواکەوتووە، چەندی کۆمەڵگا لە بابەتی شۆڕشکردن دوور بکەوێتەوە، هێندە زووتر چاکسازی لە سیستەمی سیاسی مومکینتر دەبێت.
* پرۆفیسۆری یاریدەدەر،
زانکۆی لۆریە، واترلو، کەنەدا.