782وتار

سیستانی پشتی نەکردە گەل

12/21/2019 10:17:00 AM
گوڵاڵە سدیق


پاش سەرنەکەوتنی هێزە عێراقیەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی جێگرەوەیەک بۆ عادل عبدالمهدی لە ماوەی یاسایی خۆیدا، لە ووتاری هەینی نوێنەری سیستانی پەیامی ڕابەری شیعەکانی عێراقی دا بەگوێی گەلی عێراق و سیاسیەکانی عێراقدا.

لەکۆتایدا عەلی سیستانی پشتی نەکردە داواکاری گەنجە ڕاپەڕیوەکانی عێراق و بەدەنگ داواکارییەکەیانەوە چو، داوای دەرچواندنی یاسای نوێ بە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پێش وەختەی کرد.

هەر لە ووتارەکەدا ئەرک و مەهامی حکومەتی کاتی دیاریکرد و ڕایگەیاند کە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە، هەر لەبەرئەوە کورتترین ڕێگا و سەلامەتترینیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق و هێورکردنەوەی شەقام گەڕانەوەیە بۆ لای گەل بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت.

وە هەر لە ووتارەکەیدا داوایکرد کە نوخبەی فیکری و کەسانی لێهاتویی نیشتمان پەروەر بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە بە داڕشتن و ئامادەکردنی بەرنامەی تۆکمە بۆ هەستانەوەی ووڵات و چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکە بوەکان لە چوارچێوەی پلانی زانستی.
وە هەروەها ئیدانەی هەمو کردەوەیەکی کوشتن و ڕفاندن و تۆقاندنی کرد و هۆکارەکەی بۆ لاوازی دەزگا ئەمنییەکان گەڕاندوە لە پاراستنی ژیانی هاوڵاتیاندا.

لەڕاستیدا هەر لەسەرەتای خۆپشاندانەکانەوە ئەم هەڵوێستە لە مەرجەعی باڵای شیعەکان چاوەڕوان دەکرا، چونکە گومان لەوەدا نەبو کە مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پشت بکاتە داواکاری گەل و پشتی هێزە سیاسیە عێراقییەکان بگرێت کە زۆر لێیان توڕە و نیگەران بوو، بەشێوەیەک نیگەران بوو ئامادەیی تێدا نەبو کە هیچ یەکێک لەسەرکردە شیعەکان ببینێ بە عەلمانی ئیسلامییانەوە وە بە ئەوانەی سەر بەئێرانن و ئەوانەشی کە لافی عێراقی بوون لێدەدەن، بەڵام ئامادەیی تێدا بو بلاسخارت ببینێ.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە:

ـ ئایا ئێران و هێزە داردەستەکانی لە عێراقدا کاردانەوەکانیان چۆن دەبێت؟
ـ ئایا ئەو هێزانەی داهاتیان قۆرغکردوە و میلیشیای چەکداریان هەیە ڕازی دەبن بەم پەیامە چاکسازییانە؟
ـ ئایا ئەو سیناریۆیانە چی دەبێت کە سەرکردەکانی شیعە خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن لە ڕۆژانی داهاتودا؟

وە دەزانین هێزە عێراقیەکان لەدوای ٢٠٠٣ دەسەڵاتیان گرتوەتە دەست و میلیشیای چەکدارییان دروستکردوە بەشێوەیەک هەر حزبێک یان گروپێک حکومەتێکە بۆ خۆی و ڕێگە نادەن بەو ئاسانییه ئەوەی بونیادیان ناوە دەست بەرداری ببن.
هەروەک بینیمان چەند ڕۆژێک پێش فەتواکەی سیستانی قەیس خەزعەلی کە سەر بەئێرانە هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی کرد لە ئەگەری ئەنجامدامی هەڵبژاردنی پێش وەختەدا.

ئەو سیناریۆیانەی بۆ ئیدارەدانی قۆناغەکانی داهاتوی عێراق خۆی لە سێ گریمانە یان سیناریۆ دەبینێتەوە:

١ـ سیناریۆی لوبنانی: ڕەوتێک هەیە هەرچەندە لەگەڵ گۆڕانکاری و هەڵبژاردنی پێش وەختەدایە، بەڵام دەڵێن کە پرسەکە پێویستی بەکاتە بۆ ماوەیەک لەنێوان شەش مانگ بۆ ساڵێک، لەم ناوەندەدا قۆناغێک دێتە پێشەوە کە قۆناغی دروستکردنی حکومەتی ئینتقالی دەبێت بە پشتیوانی هەندێک لایەنی سونە و کورد.
بەڵام ڕەوتی سەدر ئەوەی ڕەتکردوەتەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت بە هەمان ئەو پێوەرانە بێت کە سەرۆکی حکومەتەکانی پێشوی پێ هەڵبژێردراوە.
ئەم گریمانەیە تاڕادەیەک لە دۆخی لوبنان دەچێت.

٢ـ سیناریۆی فەوزا: لەکاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت، هەمو ئەو هێزە سیاسیانە کە چەک و داهاتی عێراقیان لەژێر دەستی خۆیان قۆرغکردوە و بەنزیکەی ٦٧ گروپی ملیشیا و چەکدار هەیە لە عێراق کە زۆرینەیان سەر بەئێرانن، ئەم هێزانە باش دەزانن کە قاعیدەی جەماوەریان بەتەواوەتی لاواز بوە و ناتوانن بچنە ناو هەڵبژاردنی پێش وەختە بەتایبەت پاش ئەو هەمو کوشتارەی کە ئەنجامیاندا، هەر لە کوشتن و ڕفاندن و تۆقاندن، ئەم هێزانە بەردەوام دەبن لەکاری توندوتیژی بەپشتیوانی ئێران بۆ لەباربردنی خۆپشاندانەکان بەهەر نرخێک بێت، ئەوەتا وەک دەبینرێت لێرەو لەوێ ئاگاداری ئەوە بڵاودەکەنەوە کە شانەکانی داعش کەوتونەتە جموجۆڵ، یان بڵاوکردنەوەی ئەو قسانانەی کە خۆپشاندانەکان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و بەعسیەکانەوە دەجوڵێنرێن.
٣ـ ئیدارەدانی قەیرانەکە: لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکتیک بۆ ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان داواکارییەکانی خۆپشاندەران و نەهێشتنی دروست بونی فەوزا، بەڵام ئەمەش پێویستی بە نێوەندگیری کارامە هەیە لە نێوان سیسانی و لایەنە عێراقیەکان لەلایەک و نوێنەری خۆپشاندەرەکان لەلایەکی تر.

لە کۆتاییدا و پاش نەفەسێکی درێژ عەلی سیستانی بڕیارە دروستەکەی دا، وە پێویستە لەسەر هێزە عێراقییەکان چیتر بەزەییان بەحاڵی ووڵات و گەنجەکانی ئێستا و داهاتوی ووڵاتدا بێتەوە، چونکە ئەم ئینتما بونە بۆ ووڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەلایەن سەرکردەکانی عێراقەوە ووڵات بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن