کاریگەری نرخی نەوت و دۆلار لەسەر موازەنەی ٢٠٢٢ عێراق
1/11/2022 5:59:00 PM
گوڵاڵە سدیق
ــ بەهۆی بەرزبونەوەی
نرخی نەوت و دولار لە عێراقدا، ئاماژەکان وا دەردەکەوێت کورتهێنان لە موزانەی ٢٠٢٢
رونەدات و دەوڵەتی عێراق وەک ساڵانی رابردوو نەکەوێتە داوی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی
کورتهێنانی بودجە.
لە ساڵانی رابردوو بەهۆی
بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، بودجەی عێراق توشی کورتهێنانێکی زۆر
هات و دەوڵەت ناچاربوو هانا بۆ زنجیرەیەک چاکسازی تەقەشف و ببات، وە بۆ یەکەمجار سەرۆک
وەزیران کاغەزی سپی ئیمزا کرد سەبارەت بە پڕکردنەوەی کورتهێنان و پاراستنی یەدەکی
نەختینەیی لە بانکی ناوەندی لەپێناو دانەڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی و پاراستنی دەوڵەت
لە ئیفلاسبوون.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک
نەوت لە سەرو ٨٠ دولارەوەیە، لۆژیکی و زانستیە کە ئەم نرخە تازەی نەوت ببێتە هۆکاری
پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لەساڵانی رابردوو لە موازەنە دروست دەبوو، بەوپێیەی
%٩٠ داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت و وە عێراق یەکێکە لە ووڵاتە دەوڵەمەندەکانی
نەوت.
هەرچەندە ئاماژەکان وا
دەردەخەن بۆ موازەنەی ٢٠٢٢ نرخی بەرمیلێک نەوت ٥٠ ــ ٥٥ دولار بخەمڵێنرێت، بەڵام
واباشترە نرخی بەرمیلێک بە ٦٥ ــ ٧٠ دولار بخەمڵێنرێت چونکە نرخی نەوت روو لە بەرزییە
و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ٢٠٢٢ و سەرەتای ٢٠٢٣ بگاتە ١٠٠ دولار بۆ یەک بەرمیل. وە
هەمیشە لە دەوڵەتێکی وەک عێراق ئەو جیاوازی خەمڵاندنی نرخی نەوتە لە موازەنەدا
بوار بۆ گەندەڵی دەڕەخسێنێت، بەڵام لە ووڵاتێکی موئەسەساتی دەتوانرێت سود لەو زیادەیە
وەربگیرێت بۆ وەبەرهێنان و زیادکردنی یەدەکی نەختینەیی.
ــ بەهۆی بەرزبونەی
نرخی نەوت و دولار، یەدەکی نەختینەیی لە ٤٨ ملیارەوە بۆ ٦٤ ملیار دولار زیادیکردوە،
وە دەوڵەتی عێراق توانی قەرزی کوەیت بە تەواوەتی بداتەوە کە بەپێی یاسای ژمارە ٦٨٧
ی ساڵی ١٩٩١ نەتەوە یەکگرتوەکان بەسەریا سەپێنرا.
قەبارەی قەرزەکانی سەر
عێراق ١١٣ ملیار دولارە، ٥٠ ملیار دولاری قەرزی ناوخۆییە و ٢٣ ملیار دولار قەرزی دەرەکییە،
٤٠ ملیار دولاری قەرزی هەڵواسراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی
سەدەی رابردوو، وە بەپێی ئیتفاقیەی یانەی پاریس ئەم قەرزانە کەمکراوەتەوە بۆ ٨ ــ
٩ ملیار دولار.
ئەو وڵاتانەی ئەندامن
لە یانەی پاریس لە قەرزەکانیان خۆش بوون، بەڵام هەندێک لەو ووڵاتە قەرزدەرانە بەبیانوی
ئەندام نەبونیان لەو یانەیە لە قەرزەکانیان خۆش نەبوون.
جگە لەوە عێراق بە ٥
ملیار دولار قەرزاری دەوڵەتی ئێرانە، بەڵام بەهۆی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، دەوڵەتی
عێراق پابەندە بە نەدانەوەی ئەو قەرزە لە ئێستادا.
ــ حکومەتی عێراق هیچ
بەڵێنێکی نەداوە سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی دولار بەرامبەر دینار، لە موازنەی
٢٠٢٢ بەهەمان شێوەی ٢٠٢١ یەک دولار بە ١٤٥٠ دینار دادەنرێت. وە بەرزکردنەوەی بەهای
دینار و گەڕاندنەوەی بۆ نرخەکەی جارانی پەیوەستە بە بوژاندنەوەی ئابوری عێراق و سیاسەتی
نەختینەیی عێراق.
هەرچەندە هەندێجار گوێبیستی
دابەزینی نرخی دولار بەرامبەر دینار دەبین کە بە مەبەستی شێواندنی بازاڕ بڵاو دەکرێتەوە،
بەڵام پێویستە هاوڵاتی لەوە دڵنیابێت پێشنیاری بەرزکردنەوەی نرخی دولار بەرامبەر دینار
لە ساڵی رابڕدوو بە هەمەئاهەنگی و تەنسیق بوە لەگەڵ وەزارەتی خەزانەی ئەمریکی و
سندوقی نەقدی دوەلی.
ــ دەوڵەتی عێراق هەژمارێکی
بانکی بەبڕی ١٠٠ ملێون دولار لە بانکی ئاسیایی بۆ وەبەرهێنان کردوەتەوە بە مەبەستی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابوری ووڵات
لە داهاتودا.