دز بازاڕی شێواوی دەوێت
2/13/2023 3:23:00 PM
گوڵاڵە سدیق
زۆربەی ڕۆژەکان، مەزادی
دۆلار لەبانکی ناوەندی لەقەبارەی ئاسایی خۆیەتی و هەندێ ڕۆژ زیاتر، بەڵام جامبازەکانی
دۆلار (بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی لە غیابی ئاسایشی ئابوری و ئاسایشی بازاڕ) هەمیشە
بیانویان هەیە بۆ زیادکردنی نرخی دۆلار!
ئەم جامبازانە بەئارەزوی
خۆیان نرخ دادەنێن و یاری بەنرخ دەکەن، ئەگینا ئەگەر کەسێک بچێتە بازاڕی دۆلارەکە
دەبینێت چەند بازاڕ سستە و خواستی هاوڵاتی لەسەر کڕینی دۆلار چەندە کەمە!
دەڵێین جامبازەکانی سلێمانی
و هەولێر، چونکە بۆرسەی پارێزگاکانی تری عێراق داخراون، لەهەفتەی ڕابردو نزیکەی ٥٠
یەکە جیاوازی هەبو لەنێوان نرخ لە بغداد لەگەڵ سلێمانی و هەولێر، دیسان جامبازەکان
ئەم جیاوازی نرخەیان قۆستەوەو خەڵکیان ناردوە بۆ کڕینەوەی دۆلارەکانی ناوەڕاست و
باشور، بەجۆرێک نوێنەریان لەزۆربەی پارێزگاکان داناوە لەپێناو قۆرغکاری و قازانجی
زیاتر.
ئەم جامبازانە، پێشتر
بیانویان ئەوەبو گوایە ئەو بڕەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە، بڕی خستنەڕوی حەواڵەکەی
کەمە، بەڵام پاش ئەوەی دوێنێ بینیمان تەنها بڕی حەواڵە ٢٥٧ ملێون بوو ئێستا دەڵێن
بڕی خستنەڕوی کاش کەمە!
لەڕاستیدا نەکاش کەمە
نە حەواڵە، ئەوەی کەمە، ویژدانی و ئەخلاقی ئەوانە کە لەپێناو قازانجێکی خەیاڵی
بازاڕ دەشێوێنن.
پێویستە دەزگا هەواڵگیرییەکان
و ئاسایشی بازاڕ و ئاسایشی ئابوری و وەزارەتی ناوخۆ بەر بەم جامبازانە بگرن و نەهێڵن
لەوە زیاتر بازاڕ بشێوێنن، چونکە ناجێگیری بازاڕ کارەساتی گەورەو ماڵ وێرانکەر دەخوڵقێنێت.