977وتار

حکومەتی شەراکەت!

3/21/2020 11:57:00 AM
گوڵاڵە سدیق

 
بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم مەسروری کاک مسعود بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوبادی مام جەلال لە کاتێکدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەمو ووڵاتە زلهێزەکانی جیهان بە بارودۆخێکی نەخوازراو و نائاساییدا تێدەپەڕن، هەمویان لەخەمی ئەوەدان کام وڵاتەیان پێش ئەویتریان ڤاکسینێک بدۆزێتەوە و مرۆڤایەتی پێ ڕزگار بکەن، لەخەمی ئەوەدان چۆن هاوڵاتیەکانیان پارێزراو بێت، لەخەمی ئەوەدان چۆن و بە چ ڕێگەیەک کەمترین قوربانی بدەن، لە خەمی ئەوەدان چۆن مامەڵە بکەن هەتا لەڕوی ئابورییەوە کەمترین زیان بەر ووڵاتەکەیان بکەوێت، لە خەمی ئەوەدان ئەگەر ئەم قەیرانە درێژەی کێشا پلانیان بۆ داهاتو چۆن بێت، وە لەم بارودۆخەدا، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی ١٢ ی ٢٠١٩ وەرنەگرتوە وە ڕونیش نیه داهاتومان چۆن دەبێت، بەو پێیەی نرخی نەوت دابەزیوە و سنورەکان نیوە داخراون و داهاتی ناوخۆ کەمی کردوە، هەندێ پەیجی سەر بە پدک و ینک بێ گوێدانە باری دەرونی هاوڵاتیان خەریکی تەشهیرکردن و تۆمەت بەخشینەوەن بەرامبەر یەکتر.

ئاشکرایه هەریەکە لە پ د ک و ی ن ک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی ٣١ ی ٩ ی ٢٠١٨ ن و پشکی یەکەم و دوەمن لەم کابینەیە، ئەگەر شکستێک هەبێت هی هەردولاتانە، وە ئەگەر سەرکەوتنێکیش هەبێت هی هەردولاتانە. وە ئەگەر ئەوەندە تێبینیتان لەسەر یەکتر هەیە، ئەی خێرە پێکەوە کابینەی نۆیەمتان بەشەراکەت پێکهێناوە ؟!

بەڕێزان، ئێوە هەردوکتان کەسی یەکەم و دووەمن لەم کابینەیە، وە هەردوکتان کوڕ و برای کەسی یەکەمی حزبەکەتانن، لەم کات و ساتە دژوارەدا تکایە ئەمر بفەرمون و مەهێڵن قاعیدەتان لە خوارەوە ئەم دڵەڕاوکێیانە لەناو خەڵک بڵاوبکەنەوە. ناکرێت بەڕێزتان لەسەرەوە برا بەش بن و لەخواریشەوە پەیجەکانتان ئەمە حاڵیان بێت. لە هەمو وڵاتێک چوار ساڵ جارێک بانگەشەی هەڵبژاردنە، بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمە هەمو ڕۆژێکمان بانگەشەیە! ئایا دەوڵەتداری وا دەکرێت؟





سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن