1788وتار

چاكسازیی هاتوچۆ
(1)

2/26/2020 8:57:00 PM
هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا*

پێداویستییەکی هەنوکەییە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و سامانی نیشتمانی

هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایەو پێویستی بەوەیە چیتر فەرامۆش نەکرێت، هەڵوەستەی جددیی لەئاستدا بکرێت‌و چارەسەری گونجاوو شارستانیانەی بۆ بدۆزرێتەوە. 

مەبەست لە قەیرانی هاتوچۆ بەگشتی، لاوازیی توانای بەکارهێنەرانی هاتوچۆیەـ شۆفێرەکان و پیادەکان و سەرنشینەکان- لە جووڵان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بە خێراییەکی گونجاو، بەبێ ئەوەی دووچاری ڕووداوی هاتوچۆ ببن، ژینگە پیس ببێت، زیانی گیانی و مادیی لێ بکەوێتەوە، بارگرانیی دارایی بۆ تاکەکان و سامانی نیشتمانی دروست بێت.

قەیرانی هاتوچۆ ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان شوێن بایەخی شارەزایان و خەمخۆرانی بوارەکەیە، بەم دواییانەش لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە خەریکە ئاوڕی لێ دەدرێتەوەو بەهەند وەردەگیرێت. بێگومان ئەو بایەخدان و ئاوڕدانەوەیە لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکو بەری چەند هۆکارێکە کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا پوختی بکەینەوە:

یەکەم: قەیرانی هاتوچۆ یەکێکە لەو کێشە زیندووانەی پەیوەندیی توندوتۆڵی بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە، ئەوەش لە ڕووی ئەو گرفت و ئاستەنگانەی بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی ڕۆژانەیانی دروست دەکات.

دووەم: قەیرانی هاتوچۆ لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڵکشاندا بووەو یەکێک نییە لەو کێشانەی خۆبەخۆو بە تێپەڕبوونی کات چارەسەربێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەنجامی گەشەکردنی هەرێم لەڕووی فراوانبوونی خانووبەرەو ناوچەکانی نیشتەجێبوون، زۆربوونی ژمارەی ئوتومبێلەکان، هەڵکشانی جووڵەی پیادەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە، ڕووی لە ئاڵۆزیی زیاتر کردووەو پێویستی بە پلانێکی دیراسەکراوی هەمەلایەن هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

سێیەم: قەیرانی هاتوچۆ چەندین هۆکاری هەیەو پێویستی بەوەیە بپرسین: لەکوێوە دەست بە کارکردن بکەین؟ لەوانەیە وەڵامی دروست بۆ ئەم پرسیارە دەستنیشانکردنی ڕاست و دروستی هۆکارەکان و دانانی پلانێکی هەمەلایەن و فرەڕەهەند بێت، کە بایەخ بە هەموو هۆکارو لایەنەکانی قەیرانەکە دەدات و شایانی جێبەجێکردنە.

چوارەم: ڕاستە قەیرانی هاتوچۆ لۆکاڵی نییەو ڕەهەندێکی جیهانیی هەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، وەک مەسەلەیەکی ژیاریی زۆر گرنگ بایەخی پێ نەدراوەو ستراتیژ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دانەڕێژراوە.

پێنجەم: سەرباری هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە، قەیرانی هاتوچۆ پەیوەندی بەو زیانە گیانیانەوە هەیە کە لێی دەکەونەوە، هەروەها ئەو زیانە داراییانەی بۆ هاوڵاتییان و سامانی نیشتمانی دەیخاتەوە. ئامارەکان دەریدەخەن، کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لای خۆمان هۆکاری یەکەمی مردنی هاوڵاتییانن و زیانە مادییەکانیش بۆ تاکەکان و سامانی گشتیش مەترسیدارن.

من لەگەڵ ئەو ڕایەدا نیم کە دەڵێت: قەیرانی هاتوچۆ بەری سروشتیی گەشەکردنی تەکنیکی و داهێنانی ئوتومبێل و بەکارهێنانی باوو زۆری ئامڕازەکانی گواستنەوەیە، چونکە ئەگەرچی دەکرێت ئەوە لە ڕووی پرنسیپییەوە قبوڵ بکرێت، بەڵام چەندین هۆکار لەئارادان، کە دەبێت لێبڕاوانەو بابەتیانە کاربکرێت بۆ چارەسەرکردنیان، بە مەبەستی سنووردانان بۆ کاریگەری و ئاسەوارەکانیان.

ئەگەرچی هۆکارەکانی قەیرانی هاتوچۆ هەمەلایەن و جۆراوجۆرن، بەڵام دەکرێت دابەشیان بکەین بەسەر دوو دانەدا: هۆکارە ئەندازەییەکان و هۆکارە ئاکارییەکان. هۆکارە ئەندازەییەکان بریتین لە:
ڕێگەوبانەکان و توانای لەخۆگرتن و بەڕێوەچوونی جووڵەی هاتوچۆی ڕۆژانە، ڕاگرتن و پارککردنی ئوتومبێل، ئامڕازە ئەندازەییەکانی ڕێکخستنی هاتوچۆ، سەلامەتیی ڕێگەوبانەکان، ئوتومبێلەکان و توندوتۆڵیان. مەبەست لە هۆکارە ئاکارییەکانیش، هەڵەکانی بەکارهێنەرانی ڕێگەوبانە، کە بریتییە لە پەروەردەنەبوونی زانستیانەی شۆفێرەکان، لاوازیی هۆشیاریی هاتوچۆ لای پیادەڕەوەکان، پابەندنەبوون بە یاساو ڕێساکانی هاتوچۆوە.

كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا سەبارەت بە بواری هاتوچۆ دەڵێت: “کاردەکەین بۆ باشترکردنی ڕێگەوبانی هەرێمی کوردستان و سیستمی هاتوچۆی هەرێم و هەوڵدەدەین وەبەرهێنانی بیانی و کەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە ڕابکێشین و ڕێگەوبانی هەرێم، کە ساڵانە هۆکاری زیانی گیانی و ماڵیی هاوڵاتییانمانە، لە ستانداردە باوەکان نزیک بکەینەوە.” پشبەستوو بەم خاڵە لە وەزارەتی ناوخۆ ڕۆژی چوارشەممەی ڕێکەوتی ٥/٢/٢٠٢٠ ۆرکشۆپێک سازکرا بۆ تاوتوێکردنی هاتوچۆو گرفتەکانی، بە بەشداریی: وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم، بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی پارێزگاکان، نوێنەرانی هاتوچۆی ئیدارەکان، ئەندازەی هاتوچۆی پارێزگاکان، کەسانی ئەکادیمی، شارەزایانی هاتوچۆو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. پاش گفتوگۆی تێروتەسەل و هەمەلایەن بڕیاردرا لەدوای جەژنی ڕەمەزان کۆنفرانسی هاتوچۆی هەرێم سازبکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس لەسەر ئاستی پارێزگاکان پێکدەهێنرێت بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەبارەت بە هەموو بوارەکان، تا لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاریان لەسەر بدرێت.

بۆ خۆم کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار دەبم، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی “زەمەن”ەوەو بە چەند ژمارەیەک باری سەرنجی خۆم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایگشتی دەخەمەڕوو، بە مەبەستی خوڵقاندنی گفتوگۆیەکی هەمەلایەن سەبارەت بەم سێکتەرە هەستیارە، هیوادارم سوودبەخش بێت و بە مێشکی کراوەو سنگی فراوان لێم وەربگیرێت، هەروەها ئاواتەخوازم کۆنفرانسەکە بۆ چارەسەرکردنی ڕاستەقینەو ڕیشەیی قەیرانی هاتوچۆ بێت، تاکو ببینە خاوەنی سیستمێکی هاتوچۆی هاوچەرخ و سنوور بۆ زیانە گیانی و داراییەکان دابنرێت.

پێموایە کۆنفرانسی هاتوچۆ چەند ئاستەنگێکی لەبەردەمدایە، ئەگەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا ناتوانێت ئامانج بپێکێت. گرنگترینی ئەو ئاستەنگانە بەلای منەوە ئەمانەی لای خوارەوەیە:

١. نەبوونی یاسایەکی هاتوچۆی هاوچەرخ کە هەموو لایەنەکانی کەرتەکە لەخۆبگرێت و بەپێی بەندەکانی کاروبارەکان ڕێکبخرێت و میرانە و سزاکان دەستنیشان بکرێت. یاسای ٨٦ی دوای ڕووخانی ڕژێم و یاساکەی ٢٠١٩ش پێکەوە کەچە یاسایەکیان تێدا نابێت. ئاستەنگبوونی ئەم خاڵە بۆ کۆنفرانسەکە لەوەدایە، چاکسازییەکە لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەکرێت؟

٢. باڵادەستیی نەوەیەکی تەقلیدی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمدا، کە ئاشنانین بە زانستی هاتوچۆ، وەک کایەیەکی سەربازی نەک مەدەنی دەڕواننە کارەکانی خۆیان، نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی هاتوچۆی ئەم سەردەمە بە ئامڕازو شێوازەکانی کارکردنی ڕابردوو بەڕێوەنابرێت و پێویستی بە کرانەوەیە بە ڕووی سەردەمدا، ئامادەنین پەرە بە لایەنی زانستیی خۆیان بدەن و سوورن لەسەر بەڕێوەبردنی هاتوچۆ بەشێوەی باوی کۆنپارێز. ئاستەنگبوونی ئەم خاڵە بۆ کۆنفرانسەکە لەوەدایە، ئەم نەوەیە کە بڕیاربەدەستە چۆن دەتوانن چاکسازیی هاتوچۆ لە کۆنفرانسەکەدا زامن بکەن و هەنگاوی چاکسازی پەک نەخەن و وا نەکەن ئامانجی کۆنفرانسەکە ئارایشتکردنی باو بێت، چونکە وەک دەوترێت “نەدار هیچی نییە بیبەخشێت”.

٣. ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین شێوازی مۆڵەتپێدان، دانانی هێماو هێڵەکانی هاتوچۆ بە چەند مۆدێلێکی جیاوازی پڕ لە خەوشی و هەڵە، پەروەردەبوونی جیاوازی کارمەندانی هاتوچۆ. هەروەها ناوچەگەرێتیی حزبی کە بووەتە هۆکاری هەوڵدان بۆ ڕەتکردنەوەی کارەکانی ناوچەیەک لەلایەن دەستڕۆیشتووانی هاتوچۆی ناوچەیەکی دیکەوە، یان پەکخستنی هەر خواستێکی نوێکاری لە بواری هاتوچۆدا، کە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بێت. ئاستەنگبوونی ئەم خاڵە بۆ کۆنفرانسەکە لەوەدایە، ئەو دەستڕۆیشتووە تەسکبینە حزبیانە بەدەر لە بیرکردنەوەی هاوچەرخ و گرتنەبەری ڕێسا یاسایی و زانستییەکان شێوازێکی مۆڵەتپێدان و دانانی هێماو هێڵەکان بسەپێنن بەسەر هەرێمدا، کە لە داهاتوودا گیرۆدەی ئاسەوارە دارایی و مرۆییەکانی بین.

٤. بوونی مەیلی قۆرخکاری لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاتوچۆداو لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی و حزبیدا، لەکاتێکدا دەکرێت هەموو ئەو کاروبارانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆوە بەڕێوەببرێن و قازانجەکەشی بۆ سوودی گشتی بێت، نەک دەوڵەمەندبوونی تاکەکەسی. بۆ نموونە، پەروەردەکردنی ڕاهێنەرانی فێرکردنی شۆفێری پێویستی بە پەیمانگەی ئەهلی نییە، بەڵکو سەنتەری تایبەتی دەوێت، کە دەکرێت لەسەر ئاستی هاتوچۆی پارێزگاکان بنیات بنرێت و کاروباری پەروەردەکرنی ڕاهێنەران و ئەفسەرانی هاتوچۆش لەئەستۆ بگرێت، بۆ ئەمەش سوود لە کەسانی شارەزاو ئەفسەرانی لێهاتوو وەربگیرێت. پشکنینی توندوتۆڵیی ئۆتۆمبیل پێویستی بەو هەموو شوێنە ئەهلیانە نییە، کە بوونەتە هۆی دابەزینی کواڵیتی و گیرفان پڕکردن، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ دەتوانن لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک چەند سەنتەرێکی ڕەسمی دابنێت و کارمەندی شارەزاو کەرەستەی پێشکەوتووی بۆ دەستەبەر بکەن. تابلۆی ژمارەکانی ئۆتۆمبیل پێویستی بە کۆمپانیای ئەهلی نییە، بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت بیگرێتە ئەستۆو قازانجەکەی بۆ سوودی گشتی بێت و کواڵیتیەکەش باشتر بێت. ئاستەنگبوونی ئەم خاڵە بۆ کۆنفرانسەکە لەوەدایە، ئایا ئەو کۆمپانیاو کەسە بەرژەوەندخوازانە لێ دەگەڕێن لە کۆنفرانسەکەدا چاکسازی ئەنجام بدرێت؟

٥. هەماهەنگ نەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری هاتوچۆ (هاتوچۆ، شارەوانی، ڕێگەوبان، دارایی، پەروەردە، تەندروستی...هتد)و نەبوونی پلانی هاوبەشی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاتوچۆو ڕاییکردنی کارەکانی، کە بووەتە هۆی خستنەوەی پشێوی و سەرلێشیوان و بەهەدەردانی سامانی گشتی. ئاستەنگبوونی ئەم خاڵە بۆ کۆنفرانسەکە لەوەدایە، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیارێک ئەنجومەنی باڵای پەرەپێدانی هاتوچۆ، کە لەو لایەنانەو کەسانی شارەزا پێکبێت، پێش کۆنفرانسەکە کارا نەکات و بە ڕێکاری تایبەت بەرپرسیارێتیەکان دیاری نەکات، پلان و ستراتیژی چاکسازیی هاتوچۆ چۆن دادەڕێژرێ و لایەنەکان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنییەوە.

ئەم بەشە سەرەتایەکە بۆ وتەکانم و لە بەشەکانی داهاتوودا هەر لایەنێکی هاتوچۆ تاوتوێ دەکەم و باری سەرنجی خۆمی دەخەمە ڕوو. بێگومان ئەمە سەرباری بەشداریکردنم لە گفتوگۆکانی لیژنەکانی ئامادەکاریی کۆنفرانسدا. 

*شارەزاى بواری سیستمی هاتوچۆ


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن