پلانی درێژخایان چارەسەرە
3/13/2023 11:56:00 AM
ههڵكهوت عهبدوڵڵا*
لە هەرێمی
کوردستان، هەتاوەکو کارەسات ڕوونەدات، هەڵوێست وەرناگیرێت و هەنگاو بۆ چارەسەرکرد
هەڵناهێنرێت. تا کارەساتی سوتانی ئوتێل سۆما لە سلێمانی ڕووی نەدا، بیر لە لایەنی
سەلامەتیی باڵەخانەکان و جێگیرکردنی ئامرازەکانی فریاکەوتن و دەربازبوون لە کاتی
هەر پێشهاتێکدا نەکرایەوە. تا تەقینەوەی گاز لە سلێمانی و دهۆک ڕووی نەدا، بیر لە
سیستەمی سەلامەتخوازانەی بەکارهێنانی گاز نەکرایەوە. تا بوومەلەرزەکانی تورکیا و
ئەو وێرانکاری و قوربانیانە ڕوویان نەدا، بیر لەوە نەکرایەوە ئاخۆ بینا و تەلارەکانمان
توندوتۆڵن و هەنگاو بۆ چارەسەری گرفتەکە نەکرایەوە. واتە لە هەرێمەکەی ئێمەدا
سیاسەت و هەڵسوکەوتی کاردانەوە پیادە دەکرێت، نەک بیرکردنەوەی دوورمەودا و دانانی
پلانی پێشوەخت و چارەسەری گونجاو.
ڕووداوەکانی
هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە هۆشداری دەدەن بە گوێماندا و کارەسات و قوربانی
زۆریان لێ دەکەوێتەوە، کەچی هێشتا حکومەت بێدارنەبووەتەوە و دیاردەکە بەهێند
وەرنەگیراوە و چارەسەری ڕێشەیی و یەکلاکەرەوەی بۆ دانەنراوە. تەنیا لەم دوو
هەفتەیەی مانگی دووی ٢٠٢٣دا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە ١٧ هاووڵاتی گیانیان
لەدەست داوە و ٧٢ هاووڵاتیش بریندار بوون و نازانین تا کۆتایی ساڵ قوربانی و
بریندارەکان دەگەنە چەند، کەچی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان حازربەدەستە و
بریتییە لە "پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ".
ڕووداوەکانی
هاتووچۆ و قوربانییەکانیان لەمێژە پەیامی خۆیان داوە بە گوێی حکومەتدا و
ڕایانگەیاندووە مەترسییەکانی لە کارەساتەکەی ئوتێل سۆما و تەقینەوەی غاز و
بوومەلەرزەکان کەمتر نییە و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە و هەنگاوی خەمخۆرانە و
پلانی زانستیی درێژخایان هەیە. لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پلانی پێنج یان دە ساڵە
هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پارە و وزەی زۆر بۆ ئەو مەبەستە
تەرخان دەکرێت. یەکێک لەو پلانانە کە لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە و گەلێک دەوڵەت
پیادەی دەکەن بریتییە لە (Vision Zero) بۆ کەمکردنەوەی
مردنی قوربانیانی ڕووداوەکان هاتووچۆ و هێنانەخوارەوەی ڕادەی برینداربوون و
پەککەوتنەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕەسمی ببێتە بەشێک لەو
پلانە و سوود لە شارەزایی و ئەزموونی وڵاتان وەربگرێت و لە ڕێگەیانەوە پلانی پێنج
ساڵە دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتەی ساڵانە دەبێتە مایەی مردنی سەدان
هاووڵاتی و برینداربوونی هەزاران و بەهەدەردانی سامانی زۆری گشتیی وڵات و تایبەتیی
هاووڵاتیان.
پلانەکە جەخت لەسەر ئەو هۆکارانە دەکاتەوە کە دەبنە مایەی پێشهاتنی
ڕووداوەکان و لە چەند خاڵێکدا چڕدەکرێنەوە: مرۆڤ (واتە شۆفێر و سەرنشین و
پیادەکان)، ڕێگەوبان (واتە شێوازی سەلامەتخوازنەی بنیاتنانی ڕێگەوبانەکان و
ڕێکخستنیان بە شێوازێکی دڵنیاخوازنە و یاسایی)، ئوتومبیل (واتە توندوتۆڵیی
سوارڕەوەکان و چۆنیەتی پاراستنی سەلامەتیان)، فریاگوزاریی سەرەتایی (واتە دانانی
سیستەمی فریاکەوتنی ئەوانە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن و دەستەبەرکردنی ناوەندی
تایبەت لە دەرەوەی شارەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە و چارەسەرکردن).
دەستەواژەی "پابەندنەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی
هاتووچۆ" ڕێگر و چارەسەر نییە بۆ کەمکردنەوە و ڕاگرتنی ڕووداوەکانی هاتووچۆ،
بەڵکو خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گیان و ماڵی هاووڵاتیان و سامانی
گشتیی وڵات. چونکە سەرەتا دڵنیاییەکی تەواو نییە بەرامبەر بەوەی لایەنە
پەیوەندیدارەکان بە شێوازێکی زانستی و هاوچەرخ هاووڵاتیان ئاشنا بکەن بەو یاسا و
ڕێنماییانە و شۆفێران بە شێوازێکی گونجاو ڕابهێنن بۆ پیادەکردنیان. بۆیە هەرچی
زووە هەنگاونان بۆ پیادەکردنی پلانی (Vision Zero) لە هەرێمی کوردستان زۆر
پێویست و بەرپرسیارانەیە و دواخستنی پلانێکی درێژخایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی
ڕووداوەکانی هاتووچۆ مانای نەگرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە گیان و ماڵی
هاووڵاتیان.