779وتار

سوپاس بۆ تۆ کۆرۆنا

3/25/2020 1:20:00 PM
هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا*


* سوپاس بۆ ئەوەی ڕاتچڵەکاندین و دەرتخست ئێمە زۆر لەوە بچووکترین کە بیری لێ دەکەینەوە.
* سوپاس بۆ ئەوەی وات لێ کردین نرخی خۆشگوزەرانی و ئازادی و تەندروستی بزانین و چیتر بەفیڕۆیان نەدەین.
* سوپاس بۆ ئەوەی ڕاتگرتین و وات لێ کردین ئەوە بەدی بکەین، کە سەرقاڵبوونمان چۆن لە شتە بنچینەییەکانی ژیان دایبڕیبووین.
* سوپاس بۆ ئەوەی دەرفەتت بۆ ڕەخساندووین هەموو ئەو گرفتانە وەلاوەنێین کە پێمان وابوو زۆر گرنگن و بۆمان دەرکەوت چی بە ڕاستی گرنگە.
* سوپاس بۆ ڕاگرتنی هاتوچۆ، کە زەوی لەمێژە دەپاڕێتەوە تا ئاوڕ لە پیسبوونی ژینگە بدەینەوە و هیچ گوێمان پێ نەدا.
* سوپاس بۆ ئەو ترسەی خستووتەتە دڵمانەوە. گرژی لەمێژە نەخۆشییەکی جیهانییەو زۆربەمان ئامادەنەبوو ڕووبەڕووی ببنەوە و ئێستا پێویستە فێری ئەوە بین بە خۆشەویستی و کاری دەستەجەمعی ڕووبەڕووی ببینەوە.
* سوپاس بۆ سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە ژیانی خۆماندا.
* سوپاس بۆ ئەوەی دواجار لەوە گەیشتین، کە هەموو پێکەوەین و چارەنووسمان پێکەوە بەستراوە.
* سوپاس بۆ یەکگرتنی هەموومان و باوەڕهێنان بەوەی جیهان دەبێت گۆڕانی بەسەردا بێت.
* سوپاس بۆ ئەوەی وامان لێ دەکەیت چاو بە هەموو شتێکدا بخشێنینەوە و دەرفەتی ئەوەت بۆ ڕەخساندووین سەرلەنوێ جیهان بنیات بنێینەوە.
* تۆ بەشێکی لە ئێمە، لەناو هەریەکێک و هەمووماندایت و هەموومانت پێکەوە گرێداوە، جا لە ڕووی جەستەییەوە بێت یان ڕۆحی.
سوپاسگوزاری سیستەمی بەرگریمان بەهێزدەکات و دەرفەتی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێ شتەکان لە چەندین گۆشەنیگاوە ببینین. مەسەلەکە بۆ خۆمان جێهێڵراوە چ گۆشەنیگایەک هەڵدەبژێرین، بەڵام گرنگ ئەوەیە هوشیاربین بەرامبەر بە بوونی هەموو گۆشەنیگاکان.
* بە سوودوەرگرتن لە فیلمێکی یوتیوب.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن