شێوازی مۆڵەتپێدانی دانیمارکی و گرفتەکانی
(3)
3/12/2020 9:03:00 PM
ههڵكهوت عهبدوڵڵا*
ساڵی ٢٠٠٢، کاتێک بە یەکجاری لە ئەورووپا گەڕامەوە، کاک فەرەیدوون عەبدولقادر (وەزیری ناوخۆی ئیدارەی سلێمانی) داوای لێ کردم بنەمایەکی تیۆری بۆ مۆڵەتپێدان ئامادە بکەمو کۆرسێک بۆ ئەفسەرانی هاتوچۆو ڕاهێنەران سازبکەم. بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمین چاپی کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین” و “ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری”م لە دانیمارکییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. دواتر لەسەر داوای خۆم و بە دەستپێشکەریی کاک سەڵاح ڕەشید (وەزیری مافی مرۆڤ لە ئیدارەی سلێمانی) و لیوا عومەر (کە لە سوید هاتبۆوە) هەنگاونرا بۆ گۆڕینی شێوازی مۆڵەتپێدان و سوودوەرگرتن لە سیستمی دانیمارکی. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانیی ئەوساکە پێک هێنرا(من ئەندامێکی بووم) بۆ ئەنجامدانی چەند کارێک:
١ـ ئامادەکردنی سیستمێک بۆ دامەزراندنو کاری نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێری، پشتئەستوور بە سیستمی عێراقی ژمارە(٢)ی ساڵی ١٩٨٢.
٢ـ ئامادەکردنی چاپی دووەمی کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین” و ٤٠٠ پرسیاری “ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری”.
٣ـ سازکردنی خولی پێگەیاندنی ڕاهێنەرەکانی فێرکردنی شۆفێری، کە ١٤٥ ڕاهێنەر تیایدا بەشداربوون و نزیکەی مانگێکی پێ چوو.
٤ـ ڕێکخستنی خولی پێگەیاندنی ئەفسەرەکانی هاتوچۆ بۆ شێوازە نوێکەی مۆڵەتپێدان، کە جگە لە بەندە، مامۆستا سیروان (خاوەن بڕوانامەی ڕاهێنەریی هۆڵەندا) و مامۆستا قادرۆک (شارەزای هاتوچۆ کە لە سوید هاتبووەوە) و چەند بەڕێزێکی تر تیایدا بەشداربوون.
٥ـ هەیکەلەکردنەوەی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ کەوتنەگەڕی شێوازە نوێیەکەی مۆڵەتپێدان.
٦ـ دانانی کاتژمێرەکانی وانەکانی تیۆریو پراکتیکی فێربوونی شۆفێری و نرخەکانیان. هەروەها دانانی ماوەی هەردوو تاقیکردنەوەکە: تیۆری (٤٥ خولەک) و پراکتیکی (٢٠ خولەک).
٧ـ ڕێکخستنی کۆنگرەیەک بۆ کارەکە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانی سلێمانی، بە بەشداربوونی بەڕیوەبەرانی هاتوچۆی ئەوساکەی ئیدارەی هەولێرو کەرکوک و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی شارەزا.
چەند پێداویستییەکی گرنگ:
بۆ سەرکەوتنی کارەکان چەند پێداویستییەک گرنگ بوون، کە ئەمانە بوون:
١ـ سیستمی ئامادەکراوی نووسینگەکان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هەموار بکرێت، هەتاکو سیفەتێکی ڕەسمیی یاسایی هەبێت، ئەمەش کرا.
٢ـ تەرخانکردنی چەند ناوچەیەکی داخراو بۆ ئەنجامدانی مانۆرە سەرەتاییەکانی فێربوونی شۆفێری. ئەم مانۆرانە ئەوساکە لە کۆڵانی گەڕەکەکاندا ئەنجام دەدران و مەترسیان بۆ هاوڵاتیان دروست دەکرد. بۆ ئەمە قسە لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی کرا، هەتاکو بەو کارە هەستنو بە کرێ و نرخێکی هەرزان بیدەنە نووسینگەکان.
٣ـ چاککردنی شێوازی پشکنینی پزیشکی بە جۆرێک، تەنیا چاو نەگرێتەوەو هەموو ئەو لایەنانە بگرێتەوە کە بۆ شۆفێری گرنگن. بۆ ئەمەش قسە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی کرا.
٤ـ دانانی هێماکانی هاتوچۆ و نەخشەسازکردنی سەر ڕێگەوبان بە شێوەیەک کە تەبا بێت لەگەڵ شێوازی مۆڵەتپێدانەکە و کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین”دا.
٥ـ ڕاهێنانەوەی ئەو کەسانەی پێش ئەم شێوازە مۆڵەتیان بەدەست هێناوە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیاندا.
٦ـ دانانی شێوازی مۆڵەتی گشتی(تاکسی و پاس و لۆری) بە شێوەیەک کە تەبا بێت لەگەڵ ئەم شێوازی مۆڵەتپێدانە نوێیەدا و بە شێوەیەکی پیشەکارانە و زانستی.
دەستپێکردنی کارەکان و گرفتەکانی:
بڕیاردرا کوتایی ساڵی ٢٠٠٤ شێوازە نوێکەی مۆڵەتپێدان بکەوێتە گەڕ، بەڵام دەرکەوت پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی تیۆری، کە بەپێی سیستمە دانیمارکییەکە بە شێوەی مانۆری ئۆتۆمبیل لێخوڕین بوو و ژمارەی وەڵامی ڕاست بەپێی پرسیارەکە دەگۆڕا، ئاستەنگ بۆ تاقیکردنەوەکان دروست دەبوو و زۆر قورس بوو بۆ فێرخوازەکان و ڕێژەی دەرچوون زۆر کەم بوو. بۆیە پێشنیارکرا، وەک سیستمە سویدییەکەی مۆڵەتپێدان، پرسیارەکان تەنیا یەک وەڵامی ڕاستیان هەبێت. ئەمە یەکەمین گرفتی کەوتنە گەڕی ئەو شێوازی مۆڵەتپێدانە بوو، کە ئەنجامی نوێ نەکردنەوەی بە درێژایی نزیکەی ١٥ ساڵ کاریگەریی خراپی لەسەر کارەکان هەبوو.
شان بەشانی ئەوە چەند گرفتێکی تر هەبوون، کە شێوازی مۆڵەتپێدانەکەیان بە درێژایی ئەو ساڵانە لاواز کردو لە ناوەڕۆکە زانستییەکەی بەتاڵیان کردەوە، ئەوانەش:
١ـ کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین”، کە بنەمای تیۆریی فێربوونی شۆفێرییە، وەک پێویست لە نووسینگەکانی فێرکردنی شۆفێریدا کاری پێ نەکراو تەنیا ٤٠٠ پرسیاری تاقیکردنەوە بە فێرخواز دەوترایەوەو دەنێردران بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری.
٢ـ تاقیکردنەوەی پراکتیکی کاتی پێویستی نەدراوەتێ و لە ژێر فشاری هاووڵاتیاندا بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا کار گەیشتە ئەوەی ئەو تاقیکردنەوەیە لە ٥ -١٠ خولەکدا ئەنجام بدرێت، کە کاتێکی پێویست نییە بۆ هەڵسەنگاندنی فێرخواز.
٣ـ ئەنجامی گواستنەوەی زۆربەی ئەو ئەفسەرانەی خولیان بینیبوو، چەندین ئەفسەر هاتنە ناو کایەکەوە ئاشنای شێوازی مۆڵەتپێدانەکە نەبوون، واتە بەم شێوازە مۆڵەتیان وەرنەگرتبوو، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کواڵیتی مۆڵەتپێدان هەبوو.
٤ـ هەر بەڕێوەبەرێک هاتبێتە سەر کار، بە ویست و ئارەزووی خۆی و بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی دەستکاریی شێوازی مۆڵەتپێدانەکەی کردووە و کاریگەریی خراپی جێهێشتووە. بۆ نموونە، بەڕێوەبەرێک سەپاندی کە فێرخوازانی خاوەن بڕوانامە نەچنە نووسینگەکان و خۆیان بە کتێبەکان گۆشبکەن و بچنە تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکات شۆفێری وەک هەموو زانستەکانی تر پێویستی بە فێربوونی پیشەییە. بەڕێوەبەرێکی تر پێیوابووە کە مۆڵەتی شۆفێری وەک کارتی باری شارستانی و ڕەگەزنامە و پاسپۆرت مافی هەر هاوڵاتییەکە، بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنێوان ئەوانەدا بکات و بزانێت مۆڵەتی شۆفێری هیچی کەمتر نییە لە بڕوانامەی پزیشکی و دەبێت بەرهەمی فێربوون بێت و هەڕەمەکیانە نەدرێت. بەڕێوەبەرێکی تر، کە بۆ ماوەیەک بە وەکالەت کارەکانی ڕایی کرد، ویستی شێوازەکەی هەولێر (بەناو کۆریی کە هەر ترایە کۆنەکەی سەردەمی ڕژێمە و هەستەوەری کۆمپیوتەریی تێدا بەکارهاتووە) بسەپێنێ بەسەر شارەکەدا. بەڕێوەبەرێکیش بەڕێوەبەرایەتیی مۆڵەتپێدانی بچووککردەوە و کردی بە هۆبەیەکی سەر بە بەشی هونەری و هەموو قورسایی خۆی خستە سەر شەقامەکان و ئەوەی لەیاد کرد کە مرۆڤ سەرەکیترین هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆیە نەک ڕێگەوبان.
٥ـ کامڵ نەکردنی شێوازی مۆڵەتپێدانەکە بە دامەزراندنی جۆرەکانی تری مۆڵەت، ئەمەش هەم بارگرانی بۆ شێوازی مۆڵەتپێدانی تایبەتی دروستکرد، هەم بە هەمان شێواز مۆڵەتی تاکسی و لۆری و پاس درا و مەترسییەکی گەورەی بۆ پێشهاتنی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دروست کرد.
٦ـ ناوچەی داخراو بۆ مانۆرەکانی سەرەتای ڕاهێنان تەرخان نەکرا، سەرەنجام دەستپێکردنی ڕاهێنانەکان بە شێوازێکی شیاو و زانستی جێگیرنەبوو.
٧ـ بەپیرەوە نەهاتنی هەولێر، پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، سەرباری هەوڵدانی زۆری بەڕێز لیوا عومەر، هەروەها دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کارەکانی ئەم شێوازە مۆڵەتپێدانە بە ڕێگەی جۆراوجۆر.
سەرەنجام ئەم شێوازی مۆڵەتپێدانە لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵکرایەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە سیستمە دانیمارکییەکەوە نەما و ئەوەندەی مۆڵەت بەدەست دروستکرا، شۆفێری ڕاستەقینە بەرهەم نەهێنرا.
چەند پرسیارێک و وەڵامەکانیان
هەر لە سەرەتای کەوتنەگەڕی ئەم شێوازی مۆڵەتپێدانەوە هەتاکو ئیمڕۆ، بەردەوام چەندین پرسیار خراونەتەڕوو و وەڵامدراونەتەوە، کەچی هەر دووبارە دەکرێنەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانم بیانخەمەڕوو:
١ـ ئایا کوردستان وەک وڵاتی دانیمارک پێشکەوتووە و شەقامەکانی زۆر و باشن هەتاکو سیستمەکەی ئەوان بەکاربهێنین؟ دەڵێم، شێوازی فێربوونی شۆفێری جیهانییە و هەر وڵاتێک بەپێی تایبەتمەندیی خۆی جێبەجێی دەکات. بنچینەی ئەوەش فێربوونی مانۆرەکانی ئۆتۆمبیل لێخوڕین و ئاشنابوونە بە ئۆتۆمبیل و یاساکان و هێماکان، کە بەپێی ستاندارتی جیهانی داڕێژراون و جیاوازیی کەمیان لەگەڵ یەکتر هەیە. ئەوەی شۆفێری بەم شێوازە فێربێت و مۆڵەت وەربگرێت، دەتوانێت لە وڵاتێکی ئەوروپایی و کوردستانیش بەپێی شوێن و هەلومەرجەکە ئۆتۆمبیل لێ بخوڕیت.
٢ـ تۆ بۆ خۆت ئەم سیستمی مۆڵەتپێدانەت ئامادە کردووە و وەرگێڕاوە، بۆچی ناوی دەنێی “بەناو دانیمارکی”؟ دەڵێم ئەوەی من و هاوەڵانم بەتەمای بووین، لەبەر ئەو ڕوونکردنەوانەی سەرەوە جێبەجێ نەکراو لە بنەماکانی سیستمی دانیمارکی بەتاڵکرایەوە، بۆیە بە دانیمارکیی نازانم، وەک چۆن ئەوەی هەولێریش بە کۆری نازانم. لە سەردەمی خانەنشینبوونی کاک لیوا عومەر و لەسەر کار لابردنی ئەوساکەی عەمید فەرەیدوونەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە پشتمان پێ نەبەستراوە و زیاتر وەک شارەزا تێڕوانینەکانی خۆمان خستۆتە ڕوو و ڕەخنەکانمان ئاڕاستە کردووە، کەچی لەبری گوێلیگرتن تاوانبارکراوین.
٣ـ کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین” و “ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تیۆری”، کە بنچینەی ئەم شێوازی مۆڵەتپێدانەیە، هەم هەڵەی تیادایە و هەم کۆن بوون، کەچی هەر سووری لەسەریان؟ لە وەڵامدا دەڵێم هەموو کتێبێکی چاپکراو هەڵەی چاپی تێ دەکەوێت و سروشتییە، بەڵام ئەگەر هەڵەی زانستی تێ بکەوێت دەبێت ڕاست بکرێتەوە. لە سەرەتای کارەکانی ئەم شێوازی مۆڵەتپێدانەدا هەڵەی چاپی شوێنی وەڵامی ڕاستی ٤٠٠ پرسیارەکە ڕاستکرانەوە و نووسینگەکانی لێ ئاگادارکرایەوە. سەبارەت بە چاپی نوێی کتێبەکەش، بە هاوکاریی نوێنەری نووسینگەکان و ڕاهێنەرەکان و ئەفسەرانی شارەزا لە چەند کۆبوونەوەیەکدا ڕاستکراونەتەوە. دەربارەی کۆنبوونی ئەو شێوازەش، هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ دانیمارک و بزانێت ناوەڕۆکی کتێبەکە کۆنبووە، یان گۆڕان بەسەر ڕێژەی غەرامەکاندا هاتووە و لایەنی سەلامەتیی توندترکراوە؟
“سیستمی مۆڵەتپێدانی” کوردستانی
ماوەیەکە دەنگی بنیاتنانی “سیستمی مۆڵەتپێدانی” کوردستانی بەرزبۆتەوە و بەهۆیەوە موزایەدە گەرمە. بۆیە بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەمەش بدەم.
بنیاتنانی “سیستمی کوردستانی” کارێکی زۆر پێویستە بۆ یەکخستنی شێوازی مۆڵەتپێدان لە هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بەو پاشەگەردانییەی لەئارادایە، بەڵام کارێکی دەستەجەمعیی کەسانی شارەزای بواری هاتوچۆ، یاساناس، کۆمەڵناس، دەروونناس، پزیشک و ئەندازیارە و بە پلەدارێکی هاتوچۆ یان ڕاهێنەرێکی نووسینگە دانامەزرێ.
شایانی باسە، لەگەڵ چەند بەڕێزێکی شارەزادا، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە خەریکی کارکردنین بۆ ئەم ئامانجە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی ئەو ماوەیەدا باسمان کردووە. چەند ساڵێکیش لەمەوبەر لەگەڵ عەمید موئەیەد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ لە هەولێر تاوتوێمان کرد و ئامادەیی خۆمان بۆ بە خۆبەخش کارکردن بۆ ئەو مەبەستە خستە بەردەمیان و کارەکەمان کرد بە دوو قۆناغەوە: قۆناغی یەکەم دروستکردنی تێکەڵەیەک لە هەردوو شێوازی مۆڵەتپێدانی هەولێرو سلێمانیو کارپێکردنی بۆ ساڵێک. قۆناغی دووەم بنیاتنانی “سیستمی کوردستانی” لەو ساڵەدا و کارپێکردنی لە دوای ئەو ماوەیە. بۆ ئەمەش پێداویستییە یاسایی و لۆجیستیکی و زانستییەکان دەستەبەر بکرێت. کەچی لەو کاتەوە نەک هەر وەڵاممان وەرنەگرتووە، بەڵکو چەند هەنگاوێک دژی شێوازی مۆڵەتپێدانەکەی سلێمانی هەڵهێنراوە، کە بریتین لەمانە: ڕاگرتنی کارپێکردنی کتێبی “ڕێبەری ئۆتۆمبیل لێخوڕین” بە بیانووی ئەوەی وەرگێڕانە، لەکاتێکدا لە پارێزگای سلێمانی بەپێی ئەو کتێبە مۆڵەت دەدرێت. هەوڵدان بۆ سەپاندنی پڕۆژەی بازرگانیی “زهرە النیل”ی ئیماراتی بۆ ڕاهێنانی شۆفێری کە بە کۆششی دڵسۆزان پەکخرا. نوێ نەکردنەوەی مۆڵەتی کارکردنی نووسینگەکان. سەپاندنی مەرجی قورس بەپێی ڕێنمایی ژمارە(٣)ی ساڵی ٢٠١٦ بەسەر نووسینگەکاندا، کە لایەنی سەرەکی و گرنگی فێربوونی شۆفێری تێدا نییە. دواهەمین هەنگاویش، هێنانە پێشەوەی ڕاهێنەرێکی نووسینگەکانی سلێمانیە لەلایەن هاتوچۆی گشتییەوە تا سەنتەرێک دابمەزرێنێ بۆ ڕاهێنانی ڕاهێنەرەکان و دەرکردنی کتێبەکانی هەموو جۆرەکانی مۆڵەتی شۆفێری، بەبێ پیادەکردنی ڕێکارە ئوسوڵییەکان و ڕەچاوکردنی ئەوەی کە دانانی شێوازی مۆڵەتپێدان و کتێبە تیۆری و پراکتیکییەکانی کاری دەستەجەمعیی کەسانی شارەزایە و بە پیلان دانامەزرێت.
لە کۆتاییدا، ئەگەر شێوازی مۆڵەپێدانی دانیمارکی بەو دەردەی سەرەوە نەچووایە، ئەوا شێوازێکی جیهانیی مۆڵەتپێدانمان لە هەرێمی کوردستان دەبوو. ئێستاش ئەگەر شێوازی مۆڵەتپێدانی کوردستانیی هاوچەرخ بە ڕێکاری ئوسوڵی بنیات نەنرێت و بە پیلان بسەپێنرێت، باشترە هەر پارێزگایەک بەپێی سیستمی لامەرکەزی شێوازی مۆڵەتپێدانی خۆی هەبێت، کە لە بنەما گشتییەکاندا ناکۆک نەبن لەگەڵ یاسای هاتوچۆی عێراقیدا.
* شارەزای هاتوچۆ