له‌میانه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مریکا، چیمان دی و چی لێ فێر ده‌بین !؟
6/4/2020 6:15:00 PM
کنێر عه‌بدوڵا
خۆپیشاندان بۆ ؟
خۆپیشاندان؛ ئامرازێکی کاریگه‌ری هۆشمه‌ندانه‌ی فشاربه‌ری شارستانییه له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه بۆ سه‌رلایه‌نی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌نجام ده‌درێت؛ به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به ئامانجی دیاریکراو، که ده‌رئه‌نجام لایه‌نی که‌م ده‌بێت رێژه‌ی نیوه زیاتری ئامانجه‌که بهێنێته دی، چونکه دووباره‌بوونه‌وه‌ی خۆپیشاندان بێ گه‌یشتن به ئامانجی دیاریکراو ده‌بێته مایه‌ی بێهیوایی و نائومێدی و بێمتمانه‌یی له‌ناو خه‌ڵک و کۆمه‌ڵدا؛ بۆیه خۆپیشاندان په‌یام و مانا‌و مه‌به‌ستی خۆی هه‌یه که گرنگه ره‌چاوی ئامانجه‌که بکرێت که؛ روون و که‌م و دیاریکراو بێت دوور له په‌رشوبڵاوی و تێکه‌ڵی و زۆری داواکارییه‌کان، واته له‌پاڵ داوایه‌کی سه‌ره‌کی ناکرێ 10 داوای تری لاوه‌کی ریزبه‌ند بکرێت له‌پاڵیدا؛ ئه‌مه وێڕای گرنگێتی هه‌ستکردنی خۆپیشانده‌ران به داواکارییه‌کانیان؛ واته بۆ نموونه ناکرێ که‌سێک گیرفانی پر بێت و داوای لابردنی برسێتی بکات.
هۆکاری خۆپیشاندانه‌کان:
دوابه‌دوای گیان له‌ده‌ستدانی هاوڵاتییه‌کی ره‌شپێستی ئه‌مریکی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک ئه‌فریقی، ته‌مه‌ن 46 ساڵ به‌ناوی (جۆرج فلوید) له ووڵاتی ئه‌مریکا- ویلایه‌تی مینیسوتا- شاری مینیابولیس له رۆژی 26/5 /2020 و ده‌ستگیرکردنی له لایه‌ن چوار پۆلیسه‌وه و له‌کاتی قۆڵبه‌ستکردنیدا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس (به‌ناوی دیریک) گیان له‌ده‌ست ده‌دات ؛ کاتێک بۆ زیاد له ( 8 چڕکه) ئه‌ژنۆی له‌سه‌ر ملی هاوڵاتییه‌که داناوه، ره‌شپێسته‌که له‌و کاته‌دا هاوار ده‌کات و ده‌ڵێت " تکایه مه‌مکوژن، ناتوانم هه‌ناسه بده‌م" ده‌رئه‌نجام گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
پاش روداوه‌که خه‌ڵکی میکانیزمی خۆپیشاندنیان هه‌ڵبژارد و لایه‌نی که‌م نزیکه‌ی (30 شار) ی گرته‌وه له ویلایه‌ته جیاوازه‌کانی ئه‌مریکا؛ به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ده‌زگاکانی پۆلیس ، له رۆژی روداوه‌که‌وه تا ئه‌مڕۆ به‌شێوازو چالاکی جیاواز درێژه‌ی هه‌یه.
دیمه‌نه‌کانی خۆپیشاندان :
ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مریکادا رویدا له نێوان خۆپیشانده‌ران و ده‌زگاکانی پۆلیسدا جێی تێڕامان و لێکۆڵینه‌وه‌ی وورده وله هه‌مان کاتدا گرنگی به‌رواردکردنێتی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کانی ووڵاتێکی وه‌ک عێراق و هه‌رێمێکی وه‌ک کوردستان به نموونه. که لێره‌دا من ته‌نها به‌کورتی چه‌ند روویه‌کی ده‌خه‌مه‌ڕوو:
لایه‌نی یه‌که‌م: خۆپیشانده‌ران
1.له ویلایه‌تی مینیسوتا؛ سوتاندنی بینای پۆلیسی (مه‌نیئاپلس)، به‌ڵام به بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی ویلایه‌ته‌که و له‌پێناو سه‌لامه‌تی کارمه‌نده‌کانیان ده‌رئه‌نجام بیناکه‌یان چۆڵ ده‌که‌ن، خۆپیشانده‌رانیش به‌چوونه ناو بیناکه هوتافی سه‌رکه‌وتنیان لێدا، له هه‌مان کاتدا پاکردنه‌وه‌ی بیناکه هه‌ر له‌ڕێی خودی خه‌ڵکه‌وه، رۆژێک دوای سوتاندنی.
2.بیناسوتاندن و دواتریش خواردن دابه‌شکردن به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به هۆکاری ماندوبونیان له خۆپیشاندانه‌کاندا.
3.به‌رده‌وامبونی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ڕێی خۆپیشاندان و چالاکی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای یه‌که‌م رۆژی روداوه‌که‌وه.
4.به‌شداری ده‌نگ و ره‌نگه جیاوازه‌کان ته‌نانه‌ت له رووی پۆشینی جل و به‌رگیشه‌وه له‌کاتی خۆپیشاندانه‌کاندا، به‌نموونه جل وبه‌رگی مه‌له‌کردن. هتد
5.له بروکسل؛ دانیشتن له به‌رده‌م شانۆی مه‌له‌کیدا.
6.له ویلایه‌تی ته‌کساس؛ نمایشکردن به سواربوونی ئه‌سپه‌وه.
7.له ویلایه‌تی واشنتۆن؛ به ته‌پڵ و ده‌هۆڵ لێدانه‌وه و له‌ژێر دروشمی (ئاشتی نییه، دادپه‌روه‌ری نییه).
8.له ویلایه‌تی ئۆرگان؛ زیاد له هه‌زار خۆپیشانده‌ر له تابلۆیه‌کدا خۆیان نمایش کرد تێكڕا خۆیان خسته سه‌رده‌م و ده‌ستیان بۆ دواوه برد؛ وه‌ک ده‌ربڕینێکی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر که‌له‌پچه‌کردنی هاوڵاتی ره‌شپێست (جۆرج فلوید).
9.له ویلایه‌تی کۆلاردۆ؛ به ئاهه‌نگی (4ی جوڵای) هه‌زار که‌س چوونه سه‌ر شه‌قامه‌کان.
10.له‌ویلایه‌تی نیبراسکا؛ تیمی پۆلیس له‌سه‌ر داوای خۆپیشانده‌ران به موزیکه‌وه دانس ده‌که‌ن که بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێ.
11.له‌به‌رده‌م کۆشکی سپی به به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی " دادپه‌روه‌ری بۆ جورج فلوید"، " له کوشتنمان بوه‌ستن"، ژیانی ره‌شپێست گرنگه" هه‌روه‌ها به وتنه‌وه‌ی شیعری "پشتم پێ ببه‌سته" له لایه‌ن هه‌زاران خۆپیشانده‌ره‌وه. که هۆنراوه‌که ساڵی 1972 له لایه‌ن که‌سێکی ره‌شپێسته‌وه نوسیوێتی و له‌لایه‌ن چه‌ندین گۆرانیبێژه‌وه وتراوه‌ته‌وه.
دیمه‌نه نه‌شیاوه‌کانی خۆپیشانده‌ران:
1. هه‌ڵکوتانه سه‌ر بینا و دوکان و بازاڕی ئه‌هلی به شکاندن و سوتان و تاڵانکردنیان که بووه هۆی داخستنی 24 لقی کۆمپانیای تارگریت له ویلایه‌تی مینیسۆتا که یه‌کێکه له بازاڕه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌مریکا .
2. لێکه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژی له هه‌ندێ ویلایه‌تی وه‌ک لوس ئه‌نجلس، واشتنتۆن. هتد که بووه هۆی بریندارکردنی پۆلیس و سوتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس، شکاندنی په‌نجه‌ره‌ی هه‌ندێ شوێن، هێرشکردنه سه‌ر که‌ناڵی سی ئێن ئێن و شێواندنی بیناکه‌ی.
3. سوتاوی خۆپیشانده‌رێکی ره‌شپێست پاش ئه‌وه‌ی ویستی بازاڕێک بسوتێنێت.
4. ده‌ستگیرکردنی دوو خۆپیشانده‌ر به بۆمبی ده‌ستکرد؛ به‌مه‌به‌ستی سوتاندنی دوکان و بازاڕه‌کان له نیویۆرک.
لایه‌نی دووه‌م: ده‌زگاکانی پۆلیس:
1.له هه‌ندێ شوێندا پۆلیس بێ چه‌ک و به پاسکیله‌وه رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بونه‌وه.
2.خودی ویلایه‌ته‌که 1000 گاردی نیشتمانی بڵاوده‌کاته‌وه بۆ پاراستن و کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌که.
3.چۆکدادان و داوای لێبوردنی کارمه‌ندانی پۆلیس له سه‌ر فشار‌و داوای خۆپیشانده‌ران ، پاش ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران داوایان لێکردن که رێگه‌یان بده‌ن بۆگه‌یشتنیان به خۆپیشانده‌ر‌انی دیکه، وه پۆلیسیش رێگریکردنی لێکردن به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیان و کارکردنیان به‌یاسا؛ واته له نێوان لێبوردن و شکاندنی یاسادا، هه‌موو تیمه‌کانی پۆلیس به چۆکدادان له‌به‌رده‌م خۆپیشانده‌راندا، لێبوردنیان هه‌ڵبژارد.
4.ئه‌گه‌رچی دۆناڵد ترامپ/سه‌رۆک ووڵاتی ئه‌مریکایه و به حاکمی ویلایه‌ته‌که مینیسۆتا ده‌ڵێت:" گه‌ر گاردی نیشتمانیتان ده‌وێت بۆتان ده‌نێرم" به‌ڵام له وه‌ڵامدا حاکمی ویلایه‌ته‌که ره‌زامه‌ند نابێت و خۆی به‌رپرسیارێتی دۆخی ویلایه‌ته‌که‌ی ده‌گرێته ئه‌ستۆ که چۆن رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ببێته‌وه و رازی نابێت به ده‌ستێوه‌ردانی که‌س له‌سه‌ر ویلایه‌ته‌که‌ی. ( ئه‌مه‌یه واتای به‌رپرسیارێتی و لامه‌رکه‌زیه‌ت).
5.ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نزیکه‌ی 1400 که‌س له 17 شاری ئه‌مریکا له لایه‌ن پۆلیسه‌وه.
6.به‌کارهێنانی فیشه‌کی لاستیکی (مطاطي) له‌ماوه‌ی روبه‌ڕووبونه‌وه‌یانداله‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا له هه‌وڵی سوتاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس له ویاله‌یتی لوس ئه‌نجلس.
7.قسه‌کردنی ترامپ له‌گه‌ڵ خێزانی (فلوید) و راگه‌یاندنی له ووتاری رۆژی هه‌ینی له کۆشکی سپی به‌وه‌ی " له ئازاره‌که تێده‌گه‌م" و " خێزانی جورج مافی دادپه‌روه‌ری هه‌یه" هه‌روه‌ها وه‌سفکردنی روداوه‌که به‌وه‌ی " کاره‌ساتێکی ترسێنه‌ره"
رۆڵی یاسا:
دوا به‌دوای روداوه‌که یاسا کاری خۆی ده‌ستپێکرد که دواده‌رئه‌نجامه‌کانی تا ئه‌مڕۆ به ده‌ستگیرکردنی ئه‌نجامده‌رانی روداوه‌که کۆتایی هات و له 29/5 له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانی سه‌ر به ویلایه‌تی مینیسۆتا که پاش راپۆرتی پزیشکی بڕیاری لێدرا به سزادانی دابه‌زینی پله‌ی ئه‌فسه‌ری پۆلیس له پله (سێ)وه بۆ پله (2) و سێ پۆلیسه‌که‌ی تریش له کاره‌که‌یان دورخرانه‌وه‌و له چاوه‌ڕوانی سزاکه‌یانن.
به‌کورتی ده‌رئه‌نجامه‌کان چیمان پێ ده‌ڵێن:
ئه‌گه‌رچی هه‌موو شتێک لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه سوودوه‌رگرتنه له ئه‌زموونه ئه‌رێنییه‌کانی هه‌ر رودواو شتیک که روو ده‌ده‌ن؛ له‌پێناو باشترکردن وگه‌شه‌کردنه‌کاندا، بۆیه له‌م روانگه‌یه‌وه ئاماژه به هه‌ندێ لایه‌نی ئه‌رێنی خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ده‌م:
1. هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی له لایه‌ن ویلایه‌ته‌کانه‌وه و قبوڵنه‌کردنی ده‌ستتێوه‌ردان ته‌نانه‌ت گه‌ر له سه‌رۆک ووڵاته‌وه‌ش بێت.
2. کارکردن و پاراستنی شکۆی سه‌روه‌ری یاسا له لایه‌ن ده‌زگاکانی پۆلیسه‌وه و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیان.
3. گرنگێتی لامه‌رکه‌زیه‌ت و چه‌سپاندنی له ئه‌رزی واقعدا.
4. ده‌ستگیرکردنی تاوانباران و سزادانیان له کورتترین کاتدا.
5. گرنگی خۆپیشانده‌ران له‌وه‌دایه که خودی خۆیانن وه‌ک تاکی هۆشیارو بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌شدارن؛ نه‌ک حزبی، چونکه حزبی سیاسییه که زۆر جار ده‌بێته هۆی کوشتن و له‌ناوبردنی داواکارییه‌کان.
6. یه‌کگرتوویی داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران و به‌هێزی ئیراده‌یان، که له بری یه‌ک هاوڵاتی ره‌شپێستتدا، هه‌زاران ره‌شپێستی تر هاته‌گۆڕێ و داکۆکی له مافه‌کان کرد.
7. روونی و دیاریکراوی ئامانجی خۆپیشانده‌ران له رووی داواکانیانه‌وه.
8. یه‌کبوون و یه‌کخستنی ئیراده‌ی خه‌ڵک بێ جیاوازی له رووی ره‌نگ و ده‌نگ و ره‌گه‌زو ئاینه‌وه.هتد له به‌رامبه‌ر داخوازییه ره‌واو ماف و بیروباوه‌ره‌کانی وه‌ک دادپه‌روه‌ری، ئاشتی، سه‌روه‌ری یاسا و ئازادی و ناتوندوتیژی.هتد
9. گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ڕێی ئه‌م که‌یسه‌وه.
10. پێداگیری خۆپیشانده‌ران و به‌رده‌وامبونیان تا وه‌ڵام وه‌رگرتن و گه‌یشتن به ئامانج.
سەرچاوە:
- ئەکاونتی luqman Ghefour
- google