دەسەلاتداران لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا
8/22/2020 3:09:00 PM
کنێر عهبدوڵا
دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان، هەرەشەکردن و روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران بە چەکی قورس لە زاخۆ؛ لە کاتێکدا دەنگی نارەزایەتی بەرزدەکەنەوە لە بەرامبەر ستەم و جیاوازی و نادادپەروەری و نەبونی حوکمرانی دروست، ئازاردانی هاولاتیان و دەستنەپاراستن؛ لەکاتێکدا داوای مافی ژیانکردن و پاراستنی کەرامەت و گەرانەوەی قوت و موچەی خۆیان دەکەن.
داخستنی نوسینگەی NRT و دەستگیرکردنی پەیامنێران و رۆژنامەنوسانی هەر کەنال و شوێنێک؛ لەکاتێکدا رومال و گواستنەوەی رای خەلک و خۆپیشاندەران ئەکەن. ئەمانەو چەندین تراجیدیای دیکە گەر بلێن لە کێوە بۆ کێ و لە کوێدا دەگوزەرێت؟ وەلامەکەی جێی داخە، چونکە لە خاک و هەرێمی کوردستان روو دەدەن، لە لایەن هێزێکی سیاسی و دەسەلاتداری کوردی وەک پارتییەوە دەگوزەرێت، نەک لە دەسەلاتێکی تری دیکتاتۆری و حکومەتێکی دی و نەک لە لایەن نەتەوەیەکی تری شۆڤێنی کە لە رابردوودا دیمەن و کارەسات و روداوە تراجیدییەکانمان دەگێرایەوەو بە شانازییەوە بەگژیاندا دەچوینەوە و لەپێناو پاراستنی شکۆی نەتەوەو خەلک و کوردبوندا و هەریەک بەشێوەیەک دەجەنگاین. بۆ کێ؟ بەداخەوە لایەنی پیادەکەر گەر دەسەلاتی کوردی بێت ئەوا پیادەکراو کە لایەنی دووەمە و روبەروی دەبێتەوە هەر کوردە و هەر خەلکی کوردستانە.
لێرەدا مەبەست لە مەسەلەکە جیاوازیکردن نییە لە نێوان نەتەوەیەک بۆ ئەوی تر، هێندەی خستنەروی بەراوردکردنی دەسەلاتە لە نێوان رابردوو و ئێستادا کە گەر خراپتر نەبێ ئەوا هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت. ترس، دلەراوکێ، تۆقاندن، فرین و سەرنوگمکردن، ئەشکەنجەدان و بەندکردن، تۆمەتهەلبەستن و ناوزراندن و تا ئەوپەری رێگریکردن و بەربەست لەبەردەم ئازادییەکاندا. پرسیار ئەوەیە تا کەی و بۆ؟ بوونی ئەم هەلوێستانە جگە لە خولقاندن و چاندنی تۆوی رق و کینە لە نێوان هاولاتی و دەسەلات، فراوانکردنی سنورو مەودای نێوان خەلک و دەسەلاتداران، هەرەشەو نەمانی قەوارەی سیاسی و حوکمرانی کوردی، ناشرینبونی سیمای کورد لە بەرچاوی دونیا، نەبونی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و هتد هیچی تر بەرهەم ناهێنئ و دەرئەنجامیش هەموو ئەوانەی وەک کورد جێی شانازیمان بووە دەکەوێتە ژێر پرسیارو نەمان و دواتریش هەموو دەسەلاتداران و حوکمرانان و هێزە سیاسییەکان وەکیەک لەیەک پاپۆردا نوقم ئەبن و جارێکی تر هەستانەوە مەحال دەبێ. ئەوەی پێویستە سەروەری یاسایە، بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانە، پاراستنی ئازادی وشکۆی هاولاتیانە، بوون و پاراستنی ئەرک و مافی خەلک بەگشتی و فەرمانبەرانە بەتایبەتی. بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە کێ وچۆن و بەچی و بە کێ ئەمانە دەکرێ؟ دەبێ چاوەرێ بین و هەبین.