508وتار

هێرش مەکەن؛ لە راستییەکە بگەن !!

9/3/2021 10:58:00 AM
کنێر عه‌بدوڵا

"لەپەراوێزی پرۆژەی "ناوی من، ناوی دایکمە"

گرفت لەوەدایە؛ مرۆڤ رەخنەبگرێت تەنها لەپێناو رەخنەدا، ئیدی بێ ئەوەی تێبگات؛ یان بڕیاری دابێت کە نایەوێت تێبگات و بەس؟ ! رێک وەک هەندێک لەو کەسانەی تەنها دەڵێن ئای چۆن ئەبێت منداڵ هەڵگری ناوی دایکی بێت، یان  چۆن ناوی باوک لاببرێ و بسڕێتەوە و بگۆڕێت بە ناوی دایک یاخود دەڵێن: ئەمە سوکایەتییە بە ناوی باوک و ئیدی  دەستدەکات بە هێرشکردن و ناوزڕاندن و تۆمەتکردن وگاڵتەجاری بەو کەسانەی بوونەتە سەرچاوەی باسەکە.

لەوەش گرفتتر ئەوەیە کەس خۆی ماندوو ناکات یان نایەوێت ماندوو بێت و کەمێک کات بدات بەوەی راستییەکە بزانێت.

 بەڵێ بێگومان، چونکە راستی هەمیشە تاڵە و رووبەڕووبونەوەی قورسە، بەتایبەت ئەو کاتەی دەگاتە سەر خودی مرۆڤ، چونکە نایەوێت خۆی لە وێنەکەدا ببینێت؛ ئەوەندەی دەیەوێت ئەویتر ببینێت، یان فێرنەبووە حوکم بەسەر خۆیدا بدات؛ ‌هێندەی ئامادەیە خەڵکی تر بخاتە سەنگەرەوە؛ ئەوەش لەبەرئەوەی لەئاکامدا زانینی راستییەکان زۆرجار دژ بە بەرژەوەندیی کەسەکانە و لە دەستدانی دەستکەوتەکانە بۆ هەندێکی تر.

پرۆژەی "ناوی من، ناوی دایکمە" ماوەی چەندە رۆژێکە بۆتە باسی سوشیال میدیاکان؛ ئەگەرچی ماوەی زیاد لە ساڵێکە یەکێتی ژنانی کوردستان و رێکخراوی خەڵک بۆ گەشپێدان و چەندین رێکخراوو کەسایەتی کارێ تێدا دەکەن، کە لە ئاکامدا ئامانج لێی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاساییە بۆ زۆرێک لەو منداڵانەی لە دۆخێکدا هاتونەتە دونیاوە کە بە نائاسایی وبگرە زۆرەملێ و ناچاریی بووە؛ وەک ئەوەی دایکەکە دەستدرێژیکراوەتە سەر، یان ئەو منداڵانەی قوربانیانی دەستی تیرۆرو داعش و پاشماوەی جەنگ و کێشە کۆمەڵایەتییەکانن؛ ئیدی بەهەر هۆکارێک بێت باوکیان دیار نییە، نەناسراوەو یاخود منداڵەکەی بەجێیهێشتوە و خۆی لێبێبەری کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا هیچ ناسنامە و رەگەزنامەیەکیان نییە یان لە ناسنامەکەیان نوسراوە زۆڵ، یاخود دەنوسرێت باوک نەزانراوە واتە (اب مجهول).

 دەرئەنجام ئەوەی بەدیدەکرێت لەبری باسکردن و قوڵبونەوە لە سەرچاوەو ناوەڕۆکی کێشەکە، باسکردنە لە ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن، کە لە واقعدا لە لایەک خودی دایکەکە قوربانییە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندە بە دایکایەتی و پاراستنی منداڵەکەی؛ ئەگەرچی دوور لە ئیرادەو بڕیاری خۆی بووە، لە لایەکی دیکە خودی منداڵەکە  کە مرۆڤێکە و هاتۆتە دونیاوە و دوور لە خواستی خۆی و لە هەمانکاتدا پێویستە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە مافی پارێزراو بێت لایەنی کەم لە رووی یاساییەوە.  

 لێرەدا ناچمە باسکردن لە نموونەی ئەو ووڵاتانەی دونیا ،کە مرۆڤ ئازادە لەوەی  بڕیاردەدات هەڵگری ناوی کێ و چی دەبێت، و هەموو ئەو شتانەش بە یاسا رێک خراوە یان بچمە نێو باسکردن لەو سەردەمانەی لە کوردستاندا  ئاسایی بوو پیاوان بەناوی دایکیانەوە بانگ بکرێن و بگرە پیرۆزی دایک بوو؛ وەک عەبدوڵای پورە مینا و عمری فاتەو هتد؛ ئەوەندەی دەمەوێت بڵێم با هەر کەس لە ئێمە خۆی بخاتە جێی ئەو منداڵانەی بەپێ تەمەن گەورە دەبن و لە ناسنامەیان بنوسرێ زۆڵ یان باوک نادیارە، یان خۆیان بخەنە جێی ئەو دایکانەی قوربانی دەستی داعش و تیرۆرو عەقڵیەتی پیاوسالاری و ئەو پیاوە نەخۆشانەن کە ئامادەن بۆ تێربوون وچێژوەرگرتن لە ساتەوەختێکی خۆیان چەندین ژن بکەنە قوربانیی و هیچ بەرپرسیارێتییەک و لێپرسینەوەیەکیشیان نەبێت .

لە ئیسلامدا کەسێ کە دەمرێ  بەناوێ دایکێوە تەلقین ئەدرێ، یان دەوترێت :" لە دایکی پرسە ناوی باوکی کێیە" ماوەتەوە بڵیم گەر مرۆڤ لەژێر هیچ فشارێکدا نەبێت،و  ئاین و یاسا رێگر نەبن لە لکاندنی ناوی منداڵ بە دایکەوە، گەرسەرچاوەی سەرهەڵدانی پرۆژەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی مرۆیی و و واقعی بێت و مەبەست لێی رێزگرتن بێ لە ناوی دایک  و پاراستنی کەرامەت و وەرگرتنی مافی منداڵ  بێت؛ ئیدی کێ و بۆ ببینە بەربەست لەبەردەم دیاریکردنی رەچەڵەکی منداڵ لەلایەن دایکێوە؛ بەجیاواز لەوەی دایک و باوک جێی شانازین؛ هەروەک چۆن مافی هەموو مرۆڤێکە بە کەرامەتەوە بژی و پارێزراو بێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن