595وتار

پرۆژەکەی مێركل چیمان پێ دەڵێت ؟

7/11/2020 5:41:00 PM
کنێر عه‌بدوڵا

یەکێک لە سیما ئەرێنییەکانی هەڵبژاردنەکانی ووڵاتان لەوەدا چڕدەبێتەوە کە حزبەکان بە پلان و بەرنامەی پێشوەخت خۆیان ساز دەکەن و پرۆژەکانیان دەخەنەروو، پەیڕەوکردنی ئەو شێوازە لەو ووڵاتانەدا بۆتە کەلتوور لە لایەک پەیوەستە بە پیادەکردنی پرنسیپەکانی دیموکراسی و دامەزراوەیی دەزگاکان بەمەبەستی بەشداریکردنی راستەقینەی هاوڵاتیان، ولە لایەکی دیکە گرێدراوی هۆشیاری هاوڵاتیانە لەپێناو خزمەتکردن و پێشخستنی کۆمەڵەکەیان.  
حزبەكەی ئەنگێلا مێركل (حزبی یەكێتی دیموكرات مەسیحی موحافزكاری ئەڵمانی) کە لەسەر ئاستی جیهان بە بەهێزترین و باشترین سەركردە ناسراوە بە پرۆژەیەکی نوێوە خۆی بۆ كۆنگرەی داهاتوو ئامادە دەكات كە بریتییە لە بەشداریكردنی ژنان لە سەرجەم پۆستەکانی بواری پەرلەمانی و حکومی وحزبیدا  بەڕێژەی 50%. ئەوەش بە واتای بەرزکردنەوەی رێژەی ژنان دێت هەنگاو بە هەنگاو کە تا ساڵی 2021  ببێ بە 30% و لە ساڵی 2023 بۆ 40% بەرزبێتەوە و لە ساڵی 2025 دا بۆ رێژەی 50%، لە کاتێکدا رێژەی بەشداریكردنی ژنانی ئەو حزبە لە ئێستادا لەو پۆستانەدا كەمترە لەڕێژەی 20%. ئەمەش لەكاتێكدایە لەناو  فراكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیادا  كەشەریكی حوكمن ژنان بەڕێژەی 43% بەشدارن.
خستنەڕووی ئەم پرۆژەیە لە چەند مەودایەکەوە زەنگێکە، لە لایەک بۆ سەرجەم حزبە سوسیال دیموکراتەکان سەبارەت گرنگیدانی زیاتر بە بەشداری راستەقینەی ژنان، لە لایەکی دیکە بۆ سازکردنی خودی ژنان کە بەگوڕوتینێکی جیاوازترەوە بێنە مەیدان و بەیەکگرتوویی خۆیان بڕیار لە چارەنوسیان بدەن. بەدیوێکی تریشدا ئاماژەیە بەوەی پیاوان بەدرێژایی دەسەڵاتیان نەیانتوانیوە بەر لەو جیاکاری و توندوتیژی و ناباڵانسی جێندەرییە بگرن کە تا ئێستا لەسەرتاسەری دونیادا ژنان دووچاری دەبنەوە، لە هەمان کاتیشدا زەنگێکە بۆ ئاوڕدانەوەی جدیتری ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێوەندیدا ژنانی کورد  لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تاکە حزبی سوسیال دیموکراتە بۆ ئەوەی بە بیرکردنەوەیەکی ترو بەرنامەیەکی جیاوازتر بیرلە پێگەی ژنان بکرێتەوە. ئەمەش تەنها بە خودی ژنان خۆیان دەکرێت کە لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاوترن لە رووی چەندێتیەوە و بەرپرسیارێتیان لەو روەوە جیاوازتر دەبێت کە بتوانن کۆدەنگیان لەمەڕ ئەم مەسەلەیە جدیتر بێت کە لە واقعدا چەندە چەندێتی پێویستە ، هێندەش لە رووی جۆرێتییەوە گرنگە ئاوڕدانەوەیەکی جدیتری لێ بدرێتەوە. خودی ئەم هەنگاوەش بە بوونی پرۆژەیەکی تۆکمەی ستراتیجی دەبێ کە ئەرکی ژنانی سەرکردایەتی نێو حزبە لە ئێستاوە پلانی بۆ دابنێن وکاری بۆ بکەن. بۆ ئەمەش گرنگە سەرلەنوێ چەمکی ژنان پێناسە بکرێتەوە بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی جەوهەری  لە نێوان ژنبوون و مرۆڤبووندا بەوەی ئایا  ژنان تەنها وەک ئامرازێکی سێکسی یان وەک مرۆڤ  خوێندنەوەی بۆ کراوە !؟  ئەمەش پێویستی بە ئاوڕدانەوەیە لە مێژوو لەڕێی لێکۆڵینەوەی ووردەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن