419وتار

لەساڵیادی شاری پایتەختی رۆشنبیریدا؛ هەڵوەستەیەکی خەمخۆرانە!!!

11/14/2021 11:10:00 AM
کنێر عه‌بدوڵا

هاوکات لەگەڵ تێپەرینی ٢٣٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا دۆخی خەڵکی شار و شارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش لەژێر پرسیارێکی زۆردایە، ئالۆزی و سەختی و ناهەمواری دۆخەکە باڵی کێشاوە بەسەر زوربەی خەڵکدا.

 من لێرەدا ناچمە باسی مێژوویی سەبارەت بەوەی بڵێم ٢٣٧ ساڵ لە کوێوە سەرچاوەی گرتوەو چۆن و بۆ و هتد? ئەوەندەی ئەمەوێ تیشک بخەمە سەر ئەوەی ئاخۆ پاش ئەوەندە ساڵ تێپەرین؛ دۆخی ئێستای سلێمانی لە هەموو رویەکی رۆشنبیری و سیاسی و ئابوری و دەرونی خەڵک بەبەراوورد لەگەڵ رابردوودا چەند هەنگاوی بریوە روەو باشتر?! ، ئەوە گەر بەرەو باشی رۆشتبێ!  خۆ گەر بەرەو دواوەش رۆشتوە و بگرە خراپتر؛ ئاخۆ هۆکارەکانی چین و بۆ کێ دەگەرێتەوە?

بێگومان وەڵامی راستی بۆ ئەمە تەنها بە توێژینەوەو لێکۆڵینەوە دەبێ کە بێلایەنگرانە کاری بۆ بکرێت و دەرئەنجامەکەیشی گەر لەئاست چاوەروانی و حەزو خواستی ئێمەدا نەبوو بەهەند وەربگیرێ و هەڵوەستەی جدیی لەئاستدا بکرێ..

سلێمانی؛ پایتەختی رۆشنبیرییە، بەڵام بۆتە جێی ململانێی سیاسییەکان و پیاوانی حزب؛ لەبری زیندوراگرتن و گەشەدان بە مۆزەخانە مێژووی و هونەری و رۆشنبیرییەکان؛ لەبری بایەخدان بە شوێن و باڵەخانەی تایبەت بە سینەما و شانۆو هونەر و موزیک و گۆرانی هتد (کە زۆر جار  بەهۆی نەبونی تەنها  هۆڵێکی شیاو و ئامێری دەنگی گونجاوەوە شەرمەزار دەبیت لەئاست خۆت و ئەوانیتردا) ؛ لەبری بەرێوەبردنی سەدان مینبەری رۆشنبیری و واڵابونی دەرگا لەبەردەم رۆشنبیرانی تری ووڵاتانی عەرەبیی و جیهانی؛ لەبری رەخساندنی دەیان سەکۆی ئازادی بۆ وتووێژو گفتوگۆی ئەدەبیی جدی و ئەنجامدانی سەدان لێکۆڵینەوەی راست و هەقیقی لە لایەن زانکۆو ئەکادیمییەکانمانەوە.

ئیدی ئەمانەو چەندین هەقیقەتی تاڵی تر دەمانخاتە بەردەم وروژاندنی چەندین پرسیار لەوانە؛ لەگەڵ بوونی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم، و وێرای دەیان ناوەندو هەزاران کەسایەتی رۆشنبیری و ئەکادیمی و سیاسی کێ بەرپرسی یەکەمە لەم دۆخەی لەبری ئەوەی لە گەشەکردن و پەرەسەندندا بێت؛ لە پاشەکشە و دواکەوتوویدا دەگوزەرێ؛ بۆیە کاتی ئەوەیە هەڵوەستەی جدیی و بێلایەنانە بگرینەبەر لەبەردەم ئەم پاشکەوتوویەی کە جگە لە کۆچ و ئاوارەیی و بەجێهێشتنی نیشتمان و نادادپەروەریی و گەندەڵی و بێ بەهاکردنی کەرامەتی هاوڵاتی و مرۆڤەکان و نەهێشتنی پیرۆزییەکان هیچی تری بەرهەم نەهێناوە؛ با چیتر واز لە دروشم و قسەی باقوبریق بهێنین، و دورکەوینەوە لە موجامەلەکردن و پیرۆزکردنی ناپیرۆزییەکان و باڵادەستکردنی بێتوانا و دژەکانی نیشتمان  و؛ دەستبخەینە سەر  ژەهراوییەکانی بونەتە ژەهر لەبەردەم پێشکەوتنەکاندا و قەڵغانن لەبەردەم گێرانەوەی شکۆ و بەها مرۆییە و ئاکارییەکان و گرنگی بروانامەو خوێندن و چەندینی تر... ئەمەش تەنها بەخۆمان ئەکرێ هەریەک لای خۆیەوە، بەو مرۆڤانە دەکرێ کە گەندەڵی رۆنەچۆتە ژیانیان، بێ بەهابوون نەبۆتە رەفتاریان و بێ باوەری نەبۆتە سیماو هەنگاوەکانیان.

بێگومان ئەم دۆخ و دەرئەنجامە نەخوازراوانە؛ تەنها شاری سلێمانی نەگرتۆتەوە؛ بەڵکو هەموو هەرێم و پایتەختەکەیشی بەپلەی یەکەم..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن