ده‌سه‌ڵاتداران و رێكخراوه‌کانی ژنان یه‌کسانن!!
11/25/2021 10:37:00 AM
کنێر عه‌بدوڵا
ساڵانه له یادکردنه‌وه‌ی رۆژانی وه‌ک 8ی مارس و 25ی نۆڤه‌مبه‌ر و هه‌ر یادێکی دیکه‌ی هاوشێوه یان کاتی بۆنه‌کانی تری ژنان و هه‌ر کۆنفرانس و کۆنگره و بۆنه‌یه‌کی تری تایبه‌ت به ژنان گوتاره‌کان هاوشێوه‌ی یه‌کتر ده‌رده‌که‌ون، به‌شێوه‌یه‌ک جیاوازی ناکرێت له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی بواری په‌رله‌مانی و حکومه‌ت و حزبه جۆربه‌جۆره‌کان و رێکخراوه‌کانی ژناندا، سه‌ره‌ڕای بواری ژنان زۆرجار له بواره جیاجیاکانی دیکه‌ش و له هه‌ڵوێسته‌کاندا ئه‌م بۆچوونه خۆی دووباره ده‌کاته‌وه، له کاتێکدا داخوازی رێکخراوه‌کان و خه‌ڵک زۆرجار ره‌خنه و دژ به‌بۆچوون و کاردانه‌وه و کاره‌کانی هه‌ریه‌ک له‌و ناوه‌ندانه‌یه که ده‌سه‌ڵات و بڕیاری حوکمڕانی له ئه‌ستۆدایه، بۆیه هه‌میشه پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌دات به‌وه‌ی ئایا ئه‌رکی هه‌ریه‌ک له‌و ناوه‌ندانه چییه و تا چه‌ند له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌رکه‌کان و به‌رپرسیارێتیه‌کانیان مامه‌ڵه‌یان کردووه؟
وێڕای جیاوازی ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی له هه‌ریه‌ک له‌و ناوه‌ندانه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌دیده‌کرێت له گوتار و ده‌ربڕین و دروشمه‌کاندا زمانی هه‌ریه‌ک له به‌رپرسانی ناوه‌نده‌کانی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و حزبه‌کان به‌هه‌مان شێوه و نه‌فه‌سی نوێنه‌ری رێکخراوه‌کانی ژنان ئاخاوتن ده‌که‌ن، ئه‌مه له‌کاتێکدایە ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌رکی رێکخراوه‌کانی ژنان وه‌ک رێکخراوی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له دوو ئه‌رکی سه‌ره‌کیدایە یه‌که‌میان، بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیارییه تایبه‌ت به مافه‌کانی ژنان بۆ هاووڵاتیان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ژنان، دووه‌میان، فشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانه بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانیان، به‌ده‌ر له ئه‌رکی په‌رله‌مان له به‌دواداچوون و چاودێریکردن و ده‌رکردنی یاسا و هه‌روه‌ها جێبه‌جێکردنی پلان و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌لایه‌ن داموده‌زگاکانی حکومه‌ت و به‌ده‌ر له رۆڵی به‌رپرسان و به‌رنامه‌ی حزبه سیاسییه‌کان له خزمه‌تکردنی خه‌ڵک به‌گشتی و به‌تایبه‌ت کاتێک ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ئه‌ستۆ.
له واقعدا تێکه‌ڵبوونی هه‌ریه‌ک له ئه‌رکه‌کان و جیانه‌کردنه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌کان و کارنه‌کردن به سیستەمی دیموکراتی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ک، لاوازی هۆشیاری تاک به‌گشتی و که‌میی ئینتمای هاووڵاتیبوون له‌لایه‌کی دیکه هۆکاری سه‌ره‌کین بۆ بوونی ئه‌و واقعه، بوونی تێنه‌گه‌یشتن یان کارنه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدارانیش به چوارچێوه‌ی ئه‌رکه‌کانیان خۆدزینه‌وه و درێژه‌دانه به سیاسه‌تێکی هه‌ڵه، دووره له بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و باوڕنه‌بوونه به مافه‌کانی ژنان و نه‌بوونی ئیراده‌ی راسته‌قینه‌یه بۆ گۆڕینی دۆخی ژنان رووه و باشتر و سه‌یرکردن و مامه‌ڵه‌کردنی وه‌ک مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و پاشخانه فکریی و زاڵبوونی ئایدۆلۆجیه‌ته‌یه که تائێستا تێکه‌ڵبوونی حزب و سیاسه‌تی حوکمڕانی بۆ گشته، وه‌کیه‌ک نه‌بۆته ستراتیجی هه‌نگاوه‌کان و پلانی کارکردنیان، ئه‌مه‌ش دواجار، نه‌ک ته‌نها زیان به پرۆسه‌ی سیاسی و حوکمڕانیی و گه‌شه‌کردنی وڵات ده‌گه‌یه‌نێ و نه‌ک ته‌نها پاشه‌کشه بۆ حزب و حکومه‌ت و په‌رله‌مان دروست ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌بێته هۆی دواکه‌وتنی پرۆسه‌ی مه‌ده‌نیی و گه‌شه‌نه‌کردنی کۆمه‌ڵ و دواخستنی مافه‌کانی ژنان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئاستی جیهاندا، بۆیه گۆڕینی عه‌قڵی حوکمڕانی و پلانی نوێ و ستراتیجی تۆکمه‌ی کارکردن و هۆشیاری تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به‌گشت و ژنان به‌تایبه‌ت رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن له چاکردنی دۆخه‌که له‌پێناو کۆمه‌ڵێکی شارستانی و خۆشگوزه‌ران.