ئۆرشەلیم پۆست: بنیامین ناتانیاهۆ پرۆستاتی دەرهێنرا
12:17 - 30/12/2024
زەمەن _ جیهانی
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ئاشکرایکرد، بنیامین ناتانیاهۆ، دوای تووشبوونی بە هەوکردنی پرۆستاتەوە نەشتەرگەریی بۆ کرا و ئەو ئەندامەی لەشی دەرهێنرا. نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی ژێر زەویدا ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لەژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی بوونی گرێی شێرپەنجەیی لە پڕۆستاتیدا، بە بەنجی گشتی نەشتەرگەری بۆکرا و ئەو ئەندامەی دەرهێندرا و چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە دەمێنیتەوە.
هاوکات، دکتۆرانی ناتانیاهۆ دەڵێن نەخۆشییەکەی مەترسیدار نییە و لە چەند رۆژێکی دیکەدا دەگەڕێتەوە سەر کارەکانی.
ئەمەلە کاتێکدایە، دەبوو ناتانیاهۆ بەهۆی تێوەگلانی لە کەیستی گەندەڵییەوە لەبەردەم دادگای وڵاتەکەیدا ئامادەبێت و گووتەی لێ وەربگیرێت، بەڵام بەهۆی نەشتەرگەرییەکەیەوە ئەم پرسە راگیرا.