سەبارەت بەم ژاوەژاوەی ئێستا...خەڵک سەنتەرە یا حزب؟
9/7/2020 10:33:00 PM
هێدی رەزا
سیاسی محەنەک و راستەقینە ئەبێ چارەسەری لابێ، نەک مەوقیف فرۆشتن و راکردن لە حەقیقەت، ئەم داوای کشانەوەیە چارەی دەردی خەڵک ئەکات یان راکردنە لەبەرپرسیارێتی؟
رەنگە کەسانێک بڵێن گۆڕان خۆی پاک رائەگرێ و بەشدار نابێ لەو فەساد و نادادیەی ئێستا ھەیە. بەڵام ئایە ئەمە چارەیە؟
گۆڕان ئامانجە یان ئامڕاز؟
خەمی گۆڕانمان بێ یا خەڵک؟
مێژوی گۆڕان بپارێزین یان بەرژەوەندی خەڵک؟
چونکە بە کشانەوەی گۆران: نە حکومەت ھەڵئەوەشێتەوە. نە چاکسازی سەرپێ ئەکەوێ. نە ژیانی میلەتیش باشتر ئەبێ.
ئەی چی ئەبێ؟
بێگومان حکومەت بەردەوام ئەبێ (باشترین نمونە ئەزمونی پێشوی دەرکردنی گۆڕان لەحکومەت و پەرلەمان)
یەکێتی زیاتر پشتگیری پارتی ئەبێ و ئەو گەندەڵیەی کردویانەو تائێستاش ئەیکەن درێژەی ئەبێ و زیاتریش ئەبێ.
باسی چاکسازی و رێکخستنی خەرجی و داھات وەک کابینەی پێشو ئەخرێتەوە ناو رەفەکانی ئەرشیف.
گوزەرانی میلەت ھێندەی تر خراپ ئەبێ و رەقیبێک نابێ خراپەکاریەکان دەربخات و ھەوڵی چارەسەری بدات.
لەبەرامبەر ئەمانەدا تەنھا خۆخەڵاتندنێک بەدەست ئەھێنی کە بڵێی شەریکی ئەم گەندەڵیە نیم، راستیەک ئێستاش زانراوە ئەگەر بێ ویژدانانە نکوڵی لێ نەکرێ، ھەموان شاھیدی پاکی و راستگۆیی گۆڕان ئەدەن کە تەنھا ئامانجی چاکەی گشتییه.