415وتار

سەردانی پاپا بۆ سەرزەمینی ئیبراھیم خەلیل

3/4/2021 3:21:00 PM
ئاریان فەرەج

سەردانی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، یەکەمین سەردانی یەکەم پاپای فاتیکانە بۆ ئەم ووڵاتە، بۆیە بە سەردانێکی مێژویی دێتە ژماردن و جگە لە رەھەندە ئایینییەکەی، رەھەندی سیاسی و پەیامگەلێکی دیکەش لەخۆ دەگرێ.

عێراق تەنھا ووڵاتی شەڕ و شۆر و کوشتوبڕوقەیران نییە، میزۆپۆتامیای مێژوویی، نیشتمان و زایینگەی نەبی ئیبراھیم خەلیلە، بابی پەیامبەرانی یەکتاپەرستی و پیرۆز لەلای ھەرسێ ئایینی ئیبراھیمی(ئیسلام و کریستیان و جوو)، ھەربۆیەش ھەڵبژاردنی وەک رووگەیەک بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتەوایی نێوان ئایینەکان، ھەلبژاردنێکی دروستە.

ئەم سەرزەمینە بە درێژایی مێژوو، ژینگەی پێکەوەیی ئایینەکان و بەرجەستەکاری ئەو راستییە بووە کە پەیڕەوانی ئایینە جیاجیاکان دەتوانن پێکەوە ھەلبکەن، کوردستان لەو نێوەندەدا بەڵگەیەکی بەرچاوە کە ئەو پێکەوەژیانە ئیدامەی پێدەدەرێ و دەچەسپێ و ئەو نەرێت و کەلەپورە دەکرێ قەت نەشێوێ.

شاڵاوی ستەم و راونان و کۆچپێکردن و کوشتوبڕی چەند سالی رابردوو، کە نەک تەنھا کریستیان، بەڵکو زۆربەی پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی عێراقی گرتەوە، دەستدرێژی بوو بۆ سەر ئەو تەجسیمە میژووییە جوانەی کە نەک تەنھا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی میراتێکی شارستانیی پڕبەھایە و نابێ لەنێوبچێ، ناشبێ ئەو ووڵاتەی کە لانکی ئەو بەھا شارستانییە مەزنەیە، دەستی لێبشۆردرێ و لە نێو قەیراندا بۆ چارەنووسی رەش بەجیبھێڵرێ.

پاپا، بەربەدوو ساڵ، لەگەل شێخی ئەزھەری شەریف، وەک مەرجەعی موسڵمانانی سوننە مەزھەب، پەیماننامەی( برایەتیی مرۆڤایەتی) ئیمزا کرد، دیداری پاپا و سەید عەلی سیستانی و زیادکردنی ئیمزای گەورە مەرجەعی موسڵمانانی شیعە بۆ سەر پەیماننامەکە،  کریستیان و ئیسلام بەھەردوو مەزھەبەکەیەوە لە ئەرکی پیرۆزی لێکنزیککردنەوەی ئایینەکان و رێگریی لە توندرۆیی و ململانیی ئایینیدا، دەکاتە شەریک.

سەردانی کوردستان لە لایەن مەرجەعی کریستانییانی جیھان وھەڵبژاردنی ھەولێر بۆ رێوڕەسمی گەورەی سەردانەکە. جگە لە متمانەپێبوون، نیشاندانی پێزانینی جیھانی مەسیحی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە گشتی بۆ رۆڵ و ھەڵوێستە سیاسی و ئینسانی و کولتورییەکانی گەلی کوردستان لە روداوە تاڵەکانی ساڵانی رابردوودا:

رێزنانە لە رۆڵی پێشەنگانەی گەلی کوردستان لە تێکشکاندنی داعشدا کە بەرلەوەی ھەڕەشە بێت بۆ سەر پێکەوەژیان و بۆ سەر ئایین و ئایینزا و میللەتانی دیکە و خەڵکی بەلەنگاز و بێ دیفاع، ھەڕەشە بوو بۆ سەر خودی ئیسلام و بۆ ناوبانگی ئیسلام کە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.

رێزلێنان وھاندان و پشتگیرییە لەو فرە رەنگی و پێکەوە ژیانە ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەییەی لە کوردستاندا بەرقەرارە، رێزنانە لەو نەرێتەی کە لە ھیچ دەور و زەمانێکدا گەلی کوردستانی زۆرینە موسڵمان دەستی لێبەرنەداوە وھەر ئەوەش رێبازی دروستی ئایینی پیرۆزولێبوردەی ئیسلامە.

پێزانینی ئەو باوەشکردنەوە وداڵدەدان و بەھاناوەچوونەیە کە گەلی کوردستان لە رۆژە سەختەکانی کوشتوبر و تۆڵەکاریی مەزھەبی و لە شاڵاوی رەشی داعشدا بۆ کۆی ئەوانەی دابین کرد کە بەرھەڕەشە کەوتن و ماڵ و حاڵیان لێشێوا.

ئامادەیی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە باڵاکانی ھەرێم و پیاوانی ئایینی ھەموو ئایینەکان و نوێنەرانی پێکھاتەکانی کوردستان بۆ پیشوازیی گەرم و شایستە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپای فاتیکان، تەئکید کردنەوەیەی پابەندیی خەڵکی کوردستانە بە کولتوری پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئاینیەوە، گوزارشتە لە تێگەیشتنی میانڕە و سەردەمیانەی موسڵمانانی کوردستان لە ئایینەکەیان، دووپاتکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان و نیشاندانەوەی رووی شارستانییانەی ئەم ھەرێمەیە بە جیھان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن