كوردانی سوریا و روانگەی ڕۆشنی سەرۆك نێچیرڤان
2/16/2025 10:19:00 PM
ئاریان فەرەج
كورد لەم چوار وڵاتەدا میللەتێكی ستەملێكراوە، بۆیە لە هەر یەكیاندا ستەمكارێك بڕوخێت، دەبێ خێرێكی كوردی تێدا بێت، ئەگەر تێیدا نەبوو و بە خێری كورد نەشكایەوە، مانای وایە خەلەلێك هەیە و خودی كوردەكەش تێیدا بێ خەتا نییە!.
كە شای ستەمكاری ئێران ڕوخا، دەبوا كوردی چەوساوەی دەستی و شۆڕشگێڕلە دژی، لە ڕوخانی ئەو ستەمكارە خێرێك چنگ خۆیان بخەن و هەرچۆنەكی كردوویانە نەهێڵن بێ دەستكەوت لێی دەرچن. كە لە توركیا كەمالیزم و نەژادپەرستی پاشەكشەی كرد، دەبوا كوردەكە سودێك لەو گۆڕانكارییە جەوهەرییە بچنێتەوە ودەرفەتەكە بقۆزێتەوە و شتێك دەستخۆی بخات و لە هەمان حاڵ و كاودانی پێشوودا نەمێنێ. ئێستاش كە ڕژێمی سەركوتكاری ئەسەد لە سوریا ڕوخاوە و هەموو جیهان بە ئەرێنی لەو روداوە دەڕوانن و خەریكی پشتگیریی دروستبوونی سوریای نوێن، ناكرێ تەنها كوردانی سوریا لەو ڕوداوە بسڵەمنەوە و لە پێگەی گۆشەگیریدا بن و لە دورەوە لێی بڕوانن. دەبێ بە چاوی ئومێد و لە پێگەی سەركەوتنەوە باوەش بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوتگەلێك بكەنەوە كە روخانی ستەمكارو زەمینەی دوبارە بنیاتنەوەی ووڵاتەكە هێناویەتە ئاراوە. دەنا گۆڕانكارییەك كە هەموو جیهان بە خێرداری بزانێ و بەڵام خێرێكی بۆ كوردەكە تێدا نەبێ، كەواتە دەبێ لە گەڕان بە دوای هۆكارەكەیدا، لە خودی خۆشماندا بۆ خەلەل بگەڕێین.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كە لە سەروبەندی گۆڕانكارییەكانی سوریا و لە روانگەی پەرۆشی و ئاگالێبوونی ڕەوشی كوردانی ئەوێ، بەردەوام لەسەر خەت بوو و توانا و كاریگەرییە دیبلۆماسییەكانی سەركەوتووانە خستەگەڕ تا لە مەترسیی لەشكرێشی و شەڕی نابەرابەر بیانپارێزێ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە میونشن دەستی لەسەر برینێك دانا كە نەك هەر كوردانی سوریا، بەڵكو كورد بە گشتی هەمیشە پێوەی گیرۆدە و لێی زەرەرمەندن، ئەویش گۆشەگیری و خۆ بەخاوەن نەزانینی ئەو وڵاتانەیە كە تێیدا شەریك و برابەشن، كە هەر ئەوەش دەرفەت دەداتە ستەمكاران بە ئاسانی مافیان بخۆن و بۆیان بچێتەسەر و ئینجاش بە یاخی و جوداخواز لەقەڵەمیان بدەن.. بۆیە بە راشكاوی پێی گووتن: خۆ بە خاوەنی سوریای نوێ بزانن، خۆ بە براوەی گۆڕانكارییەكان بزانن، دیمەشق بە پایتەختی خۆتان ببینن و ڕووی تێبكەن و چاوەرێ مەبن وەك میوان بانگ بكرێن ، كە چوویشن پێكەوە بچن..
سەرۆك داوای لی كردن سوود لە سەركەوتنەكانی ئەزمونی كوردستانی عێراق و هەروەها لە كورتهێنان و كەموكاسییەكانیشی ببینن. وەك هێزەكانی كوردستانی عێراق كە لە ساتەوەختی روخانی رژێمی ستەمكاردا، (پێكەوە) بەرەو (بەغدا )بەڕێكەوتن تا هەم لە بنیاتنانەوەی عێراقێكی نوێدا بەشدار و كاریگەر بن و هەم سۆراغی مافەكانی كوردستانییان بكەن، ئێوەش (پێكەوە) رووبكەنە (دیمەشق) و هەم لە دیزاینكردنی سوریای نوێدا بەشدار بن و هەم مافێكی ڕەوا بەڵام واقیعبینانە كە لەگەڵ هەلومەرجی خۆتان و وڵاتەكە بگونجێ، بۆ كوردانی سوریا بەدەستبێنن. دەرفەت لەدەست مەدەن و مەبنە مایەی بێ بەشبوونی گەلەكەتان، دەست لە تەفرەقە و دووبەرەكیش هەڵگرن كە لە ئەزموونی هەرێمی كوردستانی عێراقدا خەریك بوو هەموو ئەو دەسكەوتانە لەناوببات كە بە یەكدەستی و پێكەوەیی بەدەستهاتبوون.