بەپارەبوون
2/19/2025 12:47:00 PM
سەردار عەزیز
ئەم ماوەیە هەندێک کاری
کەمم لە سەر نایەکسانی کرد لە باشوری کوردستان. پەیوەندی نێوان بەپارەبوون و نایەکسانی
پەیوەندییەکی ئاڵۆزە. ئەوەی نوسیومە نزیکەی ٤٠٠٠ وشەیەکە بە هیوام بەم زوانە بکەوێتە
بەردەستان. لێرەدا باس لە هەندێک سەرنج دەکەم کە لەوێ باسم نەکردوون.
نایەکسانی دیاردەیەکی
جیهانییە. دونیای ئەمڕۆ لە هەموو ساتێکی تر لە مێژودا نایەکسانە. لە هەمانکاتدا جۆرێک
لە قبوڵکردن هەیە بۆ ئەوەی زۆرینەی زۆری خەڵکی گۆی زەوی ئازار بچێژن بۆ نانێک، جێگایەک،
دەرمانێک و کەمینەیەک خەمی هەرە سەرەکییان ئەوەبێت چۆن ڕێگای نوێ بدۆزنەوە هەتا زۆرترین
پارەی تیادا سەرف بکەن. ڕۆژنامەنوسی بنکوڵکار ژاک پارتیەی باس لەوە دەکات کە مێگا-دەوڵەمەندەکان نەک تەنها خۆیان بە پارەدار دەزانن بەڵکو خۆیان
بە خەڵکێکی باڵاتر لە قەڵەم دەدەن. ئەوان لە توخمێکی جودان. لای ئەوا دونیا بە سادەیی
و ئاسانی دەبینرێت، ئەویش ئەوەیە کە هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت دەوڵەمەندبێت، بەڵام
زۆرینە خۆیان نایانەوێت.
ڕۆژێکیان لە گەڵ بەرپرسێکی
پێشوی عێراقدا بە ئۆتۆمبیل بە لەندەندا دەڕۆشتین، ئەو ووتی لەندەن خۆشە. منیش
ووتم، پەناگەی پارەی دزراوی دونیایە، لە نێویاندا پارەی عێراقیش. ئەو نکوڵی لێنەکرد
و ووتی پارەیەکی زۆری دزراوی عێراق لە لەندەنە.
لەندەن ئەگەر دەوڵەت
بوایە حەوتەم دەوڵەمەندترین وڵاتانی دونیا دەبوو، کەچی نزیکەی بیست و پێنج لە سەدی
خەڵکی لەندەن لە هەموو ڕویەکەوە هەژارن. دوو لە سەر سێیان بژی و مەمرەن.
ئەم دیاردەیە لە
کوردستان بە چڕی بەڕێوەیە. بونیادەکانی ئەمە تەنها پارە و موچە و گەندەڵی نیە، بەڵکو
زۆر هۆکاری ترە، کە بە ڕژێمی نایەکسانی ناودەبرێت.
یەکێک لە خەسڵەتە سەیرەکانی
نایەکسانی ئەوەیە کە قسە لە سەر نەکراوە. هەموو ئەوانەی کە نوخبەی کۆمەڵگان، بە سیاسی
و بازرگان و میدیاکار و ڕۆشنبیر و چالاکوان و مامۆستای زانکۆ و ئەوانیتر، بە کێشەی
نابینن. لە هەمانکاتدا خاوەنی ئەو توانا ئەخلاقی و مەعریفیە نین کە سەرتاپا ڕەهەندەکانی
لە بەرچاو بگرن.
بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە
کە خەڵک بێزاری و ئازاری بە دەستەوە ناچێژێت. کاتێک نەدارێک نەخۆش دەکەوێت، تەنها
لە ڕوی جەستەییەوە داماو و پڕ ئازار و خەم نابێت بەڵکو زیاتر هەژار و قەرزاربار و
بێ خۆراک و بێ زۆر شتی تر دەبێت.
نرخی شەوێک نوستن لە نەخۆشخانەی
فاروق یەک ملیون دینارە. ئەمە بە هەموو پێورێک تاوانە. ئەگەر ئەمە بژاردەبێت و
ناچاری نەبێت پرسێک نیە، بەڵام کاتێک خەڵکی ئاسایی لادێی ناچار دەبێت، ئەوا نەخۆش
کەوتنەکەی چەند قات دەبێت.
نایەکسانی لە کردەیەکی
بچوکەوە دەست پێدەکات، لە سڕینەوەی چەمکی یەکسانی و نایەکسانی لە خیتابی سیاسی
کوردیدا. لە شەرعیەتدان بە پارە بە هەرجۆرێک بێت، لە خەونی نەخۆشی دەوڵەمەندبون، لە
وەهمی ئەوەی کە بۆخۆت بشێ، یان خۆت بگرە.
کۆمەڵگای کوردی هێندە
ئالودەیە بە پارە، هەموو بەهاکانی تری لە دەستداوە. بەڵام لە بەرامبەردا هیچی بە دەست
نەهێناوە.
لە ٢٠١٣ لە کاتی بانگەشەدا
ووتم ئەگەر پارەم دەست بکەوێت بەکاری دەهێنم بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە. ئەوە بوو بە
گەورەترین ڕەخنە لە سەرم، نەک بەوەی مەعریفەم بە پێویست زانی و چۆن هەوڵی ئەوە بدرێت
ناوەندی بەرهەمهێنانی مەعریفە هەبێت، بەڵکو لە بەر ئەوەی ئاماژەم بە پارەدا. ئەو سەردەمە
من کۆمەڵگای کوردیم نە دەناسی، وامدەزانی دەیانەوێت لە سەر بنەمای زانست و مەعریفە
دەزگا و حوکمڕانی بونیادبنێن بۆ هەموان. بەڵام تومەز تەنها پارەکە گرنگ بوو.
پەیوەندی پارە و مرۆڤ
سەیرە. لە ڕاستیدا مرۆڤ کاتێک پارە یان کاش دەدات بە کەسێکی تر هەست بە ئازار دەکات.
دەمارناسێکی سربی لە زانکۆی هارڤەرد ئەم پرسەی وروژاند، پاشان بوو بە بنەمای
دروستبونی پەی-پاڵ، لە لایەن پیتەر تەیل و هاوەڵەکانی، لە نێویاندا ئیلۆن ماسک. پلانەکەی
ئەوان ئەوەبوو کە چۆن وەها بکەن کە خەڵک پارە سەرف بکەن بەبێ ئەوەی هەست بە ئازار
بکەن، لە ڕێگای دیجیتاڵ کردن و بە کارتکردنی سیستەمی پارەدانەوە. پیتەر و ئەوانیتر
بوون بە ملیاردێر.
پارە کە کرۆکی بازاڕە،
ئەگەر ئیدارە نەدرێت، ئەوا هەموو بنەماکانی تر هەڵدەوەشێنێتەوە وەک ئابوریناسی گەورە
پۆلانی ئاگاداری کردنیەوە.
بە پارەبوون هەتابێت
نایەکسانی زیاتر دەکات. لە دونیادا ئەمڕۆ فاشیزم یەکێکە لە پەرچە کردارەکانی. لە
کوردستان کەرتی گشتی و کۆچ دوو ڕێگا چارەی کاتی بوون کە هەردوکیان بە بن بەست گەیشتوون.
ئەگەر ئەخلاق و سیاسەت و ڕەفتارو. ئابوری نەگۆڕێت داڕمانەکی گەورە بەڕێوەیە، بە تایبەتی
کاتێک پرسی داڕمانی ئابوری عێراق تەنها مەسەلەی کاتە.