65 کوردستان

هۆشیار زێباری: 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ تەواو بوون

11:25 - 21/02/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی شاندی دانووستانكاری ئەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕایدەگەیەنێت، "پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكە و دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم تەواوبووە."

پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی كۆبوونەتەوە و شاندی تەكنیكی هەردوو حیزبیش چەندین جار كۆبوونەتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردن.

میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە لێدوانێكی هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە داوە،

- بەوەی كە پارتی چەندین كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن كردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی كورسی لایەنە براوەكان بكات، بەڵام زۆرترین كۆبوونەوە و نزیكبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.

- "دەتوانم بڵێم 90%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتمان تێپەڕاندووە و لەسەر نۆ تەوەر ڕێككەوتووین."

- "تاوەکو ئێستا دەرگای گفتوگۆمان بەڕووی هیچ لایەنێك دانەخستووە كە نیازی بەشداریكردن لە حكومەتیان هەبێت، بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوومان نزیكبوونەوە و هاوڕاییمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاترە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن