چاوەڕێ ناکرێ ئەم ئابڕوو تکانە لاببەن!
9/24/2021 10:16:00 AM
تەها سلێمان
رۆژی ٢٢/٩/٢٠٢١
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی
كوردستان، "كاكەمین نەجار"، بەئاشکراو لەپێش چاوی خەڵک و کامیرادا، دانی
پیاناو سەلماندی كە كوردستان بۆتە شوێنی پاراستنی تاانبارانی جینۆساید لە عێراق، بەو
پێیەیی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە كوردستان ئەژین و داڵدە دراون کە "گوایە پەشیمانن لەوەی بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆساید
بەرامبەر بە گەلەكەمان، لەوانە تاوانەكانی "ئەنفال و هەڵەبجە".
ئەم قسانە یان شەکر
شکاندنەی "نەجاڕ" لە كاتێكدایە زۆربەی ئەوانەی باسیان ئەکات وەك
تاوانبارو تۆمەتباری بەشدارو جێبەجێکاری تاوانەکانی جینۆساید لەکوردستان لە لایەن
دادگای باڵای تاوانەکان لەعێراق ناویان هاتوەو داواکراون و نەچوونەتە بەردەم
دادگاو سزای خۆیان وەرنەگرتووەو هیچ یەکێکیشیان دانیان بە تاوانەكانیان نەناوەو
داوای لێبوردنیشیان نەكردووە.
قسەکان و سەلماندنەکەی
نەجاڕ دوو دیوە، دیوێکیان سەلماندنی ڕاستیەکی تا حەزبکەی تاڵ و دیوەکەی تریشی گەورەترین
ئابڕوو تکانە بۆ دەسڵاتی کوردی و خودی حزبەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە
ئەگەر دەسڵاتێک لەماوەی سی ساڵی حکومڕانیدا نەیتوانیبێ تاوانبارو تۆمەتباری گەورەترین
تاوان دادگایی بکات، جگە لەگۆڕنانی هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ. هەرچی حزبەکەیشیەتی
خۆ مەعلومە کە زۆرترینی ئەو تاوانبارو خۆفرۆشە کوردانە لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١وە لەباوشیدا
دەحەوێنەوەو کەس ناتوانێ پێیان بڵێ "پشتی چاوتان برۆیە"!
جگە لەمەش پێش
٢٠٠٣ و دوای ٢٠٠٣ دەسڵاتی کوردی و پارتی و بەشێکی تر لەحزبەکان بوون بەباوان بۆ
تاوانبارو تۆمەتبارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وەک بیلبیلەی چاو پارێزراون و
کەس لەگوڵ کاڵتری پێنەوتن و بگرە شوێنی شاهانەی ژیانیان بۆ دابین کراو خەرجی بێ ئەندازەشیان
خرایە بەردەست.
ئێستا تێگەیشتن
بۆچی لەمانگی ڕابردوو کە جەنابی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی
کوردستان، چاپکردنی کتێبەکەی ئێمەی "بەراوردێک لەنێوان تاوانی ئەنفال و هۆڵۆکۆست"
ڕەد کردەوەو داوای ئەکرد ناوی "جاش و موستەشار" لەکتێبەکە هەڵبگرین ئەوکاتە
چاپی ئەکەن!
سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیرانی وڵاتی کەنەدا پاش سەدو پەنجاساڵ دێت و داوای لێبوردن لەجینۆسایدکردنی هاوڵاتیە
ڕەسەنەکانی کەنەدا ئەکات، دەوڵەتی ئاڵمان زۆر ئازایانە تاوانی قڕکردنی جولەکە بەجینۆساید
ئەناسێنی و قەرەبووی مادی و مەعنەویان ئەکاتەوەو ئەوەی مابێ لەئەنجامدەرو بەشداریکەری
تاوانەکە دادگاییان ئەکات، ئەرمەن ئازایانە جینۆسایدکردنیان ئەکەنە پڕۆژەی هەڵسانەوەو
درووستبوونەوەیان و زۆربەی ئەو نەتەوەو گروپانەی ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید بوونەتەوە،
تەگبیری ئایندەی خۆیان ئەکەن، تەنیا میلەتی کورد نەبێ!
لەڕاستیدا کۆی ئەو
قسانەی کەحزبی کوردی و لەسەروویانەوە حزبەکەی "کاکەمین نەجاڕ" و دەسڵاتی
کوردی لەبارەی تاوانەکانی جینۆسایدو ئەنفال و هەڵەبجەو بەرزانیەکان و فەیلیەکان و
قەڵادزێ و سەیدسادق و ئاوایی سۆریاو ئەشکەوتی دەکان و سمێڵ و شەنگال کردویانەو ئەکەن،
تەنیا قسەکانی "نەجاڕ" ڕاستن و ئەوانی تر درۆیەکی شاخدارن.
بۆیە چاوەڕێ مەکە
ئەمانە نە:
یەکەم: بوێرو دڵسۆز
بن بۆ دۆسییەی تاوانەکانی جینۆساید
دووەم: کاربکەن
بۆ دادگای کردنی تاوانبارو تۆمەتبارەکان
سێیەم:
تاوانبارو تۆمەتبارەکان لەڕیزەکانیان بکەنە دەرەوە
چوارەم: دیوخانانەو
پاداشتەکانیان ببڕن
پێنجەم: هەوڵەکانیان
یەک خەن بۆ قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری قوربانیان
شەشەم: ئێسک و
پروسکی قوربانیان لەئاستی پێویستا بێننەوە
حەوتەم: بیر لەوەبکەنەوە
ڕێگری بکەن لەدووبارە بوونەوەی تاوانەکان
هەشتەم: جینۆسایدکردنی
گەلەکەیان بکەنە پڕۆژەی هەڵسانەوەو دامەزراندنەوە
بەم دۆخەوەو لەناو
ئەم ڕاستیە تاڵەدا، چاوەڕێ ناکرێ ئەم ئابڕوو تکانە لاببەن!