زۆر لەمێژ بوو هەستمان بە داڕمانی سیستەمی دارایی و ئابووری لە عیراق و کوردستان کرد! بەڵام کەس گوێی نەگرت!
1/26/2023 7:31:00 PM
فازڵ کوردی
ستی بانک یەکێکە لە
بانکە گەورەکانی ئەمریکا و جیهان لە ساڵی ٢٠٠٧ ئامادەبوو بە هاوکاری مایکرۆسۆفت سیستەمی
دارایی بە ئەلیکترۆنی بکەن بۆ ڕێگرتن لە دزی و ڕاوڕووت و سپی کردنەوەی پارە بە
قاجاغ! ڕێک وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە عیراق و کوردستان کە ڕۆژانە بە دەیان ملیۆن
دۆلار بە قاچاغ دەبردرێتە دەرەوەی سنوورەکان.
تەنها لە ساڵی ڕابردوو
زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار دزراوە و بە قاچاغ ڕەوانەی ووڵاتان کراوە!
ئەمەی خوارەوە یەکیکە
لە بیرەوەریەکانم کە کاتی خۆی لە خەمی بە سیستەم کردنی سیستەمی دارایی و دراو بووم
لە عیراق بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی.
--- کوردستان و مایکرۆسۆفت و ستی بانک و فەرگەسۆن
لە گەرمەی بایکۆتی
سوننە لە حوکمڕانی عیراق و چالاکی چەکداری ڕۆژانەی گروپە چەکدارە تیرۆریستەکان لە
دژی حکومەتی خۆجێیی و ناوەند و هێزەکانی ئەمریکا، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ (کۆتا
چارەگی ساڵی ٢٠٠٥ هەتا چارەگی یەکەمی ٢٠٠٧) بەڵێندەری حکومەتی ئەمریکا بووم لە موسڵ
لەگەڵ (پی ئاڕ تی) وەک نوێنەری (یو ئێس ئەی ئای دی) بۆ کارکردن لەسەر تواناسازی
حکومەتی خۆجێیی و جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان
کە لەلایەن ئەمریکاوە بودجەی بۆ تەرخان کرابوو!
بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی
(پی ئاڕ تی نەینەوا) بەشێک بوو لە قونسوڵگەری موسڵ بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ
پارێزگای نەینەوا و دهۆک و هەولێر.
(پی ئاڕ تی کەرکوک)
بەشێک بوو لە قونسوڵگەری کەرکوک بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ پارێزگای کەرکوک و
تکریت و سلێمانی.
ئەو کات نە قونسوڵگەری
هەولێر، نە (ئاڕ ئاڕ تی) بوونی نەبوو و دەست بەکار نەبوون، هەرێمی کوردستان سەر بە
پی ئاڕ تی نەینەوا بوو.
ئەو کات باری ئەمن و
ئاسایش لە نەینەوا بەگشتی و ناو شاری موسڵ بەتایبەتی زۆر خراپ و ناجێگیربوو، هەفتە
نەبوو هاوەن باران نەکرێین یان مین و بۆمب نەچێندرێ لەسەر ڕێگامان لەلایەن چەکدارە
توندڕەوە تیرۆریستە ئیسلامیەکان!
ئەمریکا بە هەموو
توانای هەوڵی بەرقەراری ئەمن و ئاسایشی دەدا لە موسڵ لە ڕێگای پڕۆژەی خزمەتگوزاری
و وەبەرهێنان لە شارەکە، بەجۆرێک داوا لە مایکرۆسۆفت و ستی بانک و کۆمپانیای تراکتۆری
فارگەسۆن کرا وەک سێ وەبەرهێنەری زەبەلاح پڕۆژەی وەبەرهێنان بە چەندین ملیۆن دۆلار
وەبەرهێنان بکەن لە موسڵ!
لە بەغدا تیمەکە ڕەوانی
موسڵ کران، پێشوازیم لە هەرسێ نوێنەرەکە کرد لە فڕۆکەخانی سەربازی کە بە فڕۆکەیەکی
سەربازی لە بەغدا بۆ موسڵ نێردرابوون.
لەو ماوەی مانەوە لە
موسڵ و بۆ شارەزابوون لەباری ئەمنی و پڕۆژەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژانەی (پی ئاڕ تی)
بەشدار بوون، سەردانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگامان کرد و چەندین جار کۆبوونەوەمان
ئەنجام دا، پێویستە بگووترێ کە لایەنی حکوومی خۆجێی موسڵ زۆر هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی
پڕۆژەکان! سەرئەنجام هەموومان گەیشتن بەوەی کە لەم بارودۆخە ئەمنیە خراپە و ناجێگیرە
پڕۆژەکانی ئەوان لە موسڵ جێبەجێ ناکرێ و تیمەکە بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ بەغدا! بەڵام
من هەولێرم پێشنیار کرد وەک شارێکی ئارام و ئەلتەرناتیڤێک بۆ موسڵ هەتا بارودۆخی
شارەکە چاک دەبێ! بیرۆکەکەی منیان پەسەند کرد و دەستمان کرد بە ئامادەکاری و پلان
دانان بە تەنسیق لەگەڵ ئۆفیسی (یو ئێس ئەی ئای دی) هەولێر و پەیوندی کردن لەگەڵ
حکومەتی خۆجێی و پارێزگار و وەزارەتە پەیوەندی دارەکان. لە ئۆفیسی هەولێر پێیان ڕاگەیانین
کە هەموو ئامادەکاریەک کراوە و حکوومەتی هەرێم چاوەڕێی سەردانی سێ نوێنەرەکەن بۆ هەولێر!
بە کاروانێکی سێ
ئوتومبێلی سەربازی و سترایکەرێک بەیانی زوو بەڕێکەوتین بەڵام لە ناوچەی پیشەسازی کەوتینە
بەر دەستڕێژی گولە و (ئاڕ پی جی)! بڕیاری سەربازی گەڕانەوە بوو بۆ ناوشار بۆ ئەوەی
ئەمجارەیان لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی موسڵ دەرچین، بە هەمان شیوە لە ناو تاقی دەروازەکەش
کە پێکهاتبو لە دوو تاق بۆمبیان چاندبوو پێمان تەقیەوە.
" لە ڕوداوێکی هاوشێوە، جارێکی تر لە نیوان
موسڵ و تەلەعفەر بۆمبێکی تریش لەژێر کاروانە هەمڤیەکەمان تەقیەوە"!!
بەهەرچی چۆنێک بێ گەیشتینە
ئۆفیسی هەولێر، بۆ پاشنیوەڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوە بکەین لەگەڵ لایەنی حکومی بەڵام
بەبێ ئاگادارکردنەوە نەهاتن! بۆ بەیانی بڕیاردرا کە ئێمە بچین بۆ لای ئەوان، ئەویشیان
هەڵوەشاندەوە! دەستی دەستیان پێکردین بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێک
ببینین! لە دوایین ڕۆژ نوێنەری پەیوەندیەکان لە حکومەتی هەرێم پەیوەندیان کرد بە ئۆفیسی
هەولێر و پێیان ووتن بە قسەی خۆیان کە ئەو پارەیەی تەرخان کراوە بۆ ئەم پرۆژانە پێویستە
بدرێ بە وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی خۆیان پڕۆژەکان جێبەجێ بکەن، هەر لەلایەن
خۆیان چەند کەسێکی سەرپەرشتیاری کارگێڕیش دادەنێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی وەبەرهێنەرەکان
بکەن!! ئەم داوایە لەلایەن هەرسێ کۆمپانیا ڕەتکرایەوە و ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریە
باشانە لەدەست چوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکان بۆ تواناسازی و بوژاندنەوەی کەرتی
تایبەت بوو بە هاوکاری حکومەت!!