448وتار

نیشتیمان لە شوێنانی تر

4/11/2023 3:38:00 PM
فازڵ کوردی



باوک و دایکێکی کوردی کۆچبەر لەگەڵ سێ کوڕ و کچێکی منداڵی ھەڵاتوو لە دۆزەخی ڕژێمەکەی بەعس و سەرۆکە نەخۆشەکەی (سەددام حوسەین) ئاوارەی ئەمریکا دەبن لە دوای ئاشبەتاڵ و نسکۆ و داڕمان و ئاشبەتاڵی هەرەسی شۆڕش! منداڵەکان لە ووڵات و نیشتیماێکی دیکە پەروەردە و گەورە دەکرێن، جیاواز لە نیشتیمانی دایک و باوکی، لە بەشە دەست کوورت و نیمچە ھەژارەکەی کۆمەڵگاکەدا وەک بیانییەک گەورەدەبن و گەشە دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کوڕەکان لە قۆناغەکانی ژیان سەرکەوتوون، بەڵام من باسەکەم لەسەر کچە ژیر و زیرەگ و دیپلۆماتکارە پێگەیشتوەکەیە، کە ئەو لەو نیشتیمانەدا گەشە دەکات و بەرەوپێشەوە دەچێت و لە تەمەنێکی گەنجیدا دەبێت بە باڵوێزی ئەمریکا لە ووڵاتان.

لەو گەشەکردن و بەرەوپێشەوە چوونەدا کەس ناپرسێت تۆ سەر بە کام خێڵ و خێزان و بنەماڵەی سیاسییت؟ باوک و باپیر و براکانت پێشمەرگە بوون یان نا؟ کچە شەھیدی یان کچی کەسێکی ئاسایی؟ نزیکی لەم یان لەو خێزانی دەستڕۆیشتو و حوکمڕان، یاخود ھاوڵاتییەکی ئاساییت؟ سەر بەم ھێڵ یان ئەو باڵی ناو حیزب و مەکتەبی سیاسیت، یاخود پشتگیری ئەم یان ئەو مەڵبەند و لق و بارەگای سەرۆکت ھەیە یان نیتە؟

ئەم خانمە گەنجە ترسی ئەوەی نەبووە ژنی دووھەم و سێھەمی بەسەردا بھێنن، یاخود خۆی ببێت بە ژنی دووهەم و سێهەمی کەسێکی "خوداناس" یان پیسخۆر و پارەداری ووڵاتەکە! ئەوەی ئەم خانمە خەمی لێخواردوە و کاتی خۆی تیادا تەرخانکردووە تەنها و تەنها پێشخستنی تواناکانی خۆی بووە، هەر ئەو خەمخۆریەش بردویوتیە پێێشەوە و گەیاندویەتیە پلەیەکی سیاسی بەرزی خاوەن بڕیاری ڕاست و درووست و ڕاستەقینە، ئەو خانمە ئەو شوێنەیە لێدەگەڕێ خەون ببینی، ئەمریکا دەبێتە نیشتیمانی و وەدیهاێنانی خەوناکانیشت دەخاتە بەردەم. "سەرەتایەکی یەکسان"ت پێدەبەخشێ و لە خاڵیکدا وەک هەمووان بە هەمووان یەکسان دەکا، لە دوای ئەو خاڵەوە کۆشش و ئومێد و خولیا و تواناکانی خۆت ئاڕاستەت دەکەن و دەتکەن بەو کەسەی کە دەتەوێ ببیت.


لەمڕۆدا، کام منداڵ لە کوردستاندا لە دەرەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە سیاسییە دەستڕۆیشتوەکانی ئەو وڵاتە و لەدەرەوەی نزیکبوون لەم یان لەو باڵ و کەسایەتی دەسەڵاتداری وڵاتەکەدا دەتوانێت خەونی ئەوەش ببینێت تەنانەت ببێت بە بەڕێوەبەری خوێندنگایەکی سەرەتایی! کام منداڵ دەتوانێت خەونی ئەوەی ھەبێت پلەیەکی ئیداری سادەشی ھەبێت بەبێ مەرحەمەت و بڕیار و ئیمزای خێزان و گروپە دەسەڵاتدار و منداڵەکانیان؟ 

جیاوازیی نیشتیمانێک لەسەر ڕێز و ماف و سەرەتای یەکسان دروستببێت لەگەڵ نیشتیمانێکی تردا کە ھەموو پێگە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی قۆرخکرابێت لەم خاڵەدایە.

لەیەکەمیان مرۆڤ وەک ھاوڵاتیی و بوونەوەرێکی خاوەن ماف و یەکسان مامەڵەدەکرێت و لە دووەمیان وەک ڕەعیەت و خزتمەکارێکی بێ نرخ. لەیەکەمیان مرۆڤێکی کامڵە و لە دووەمیان مرۆڤێکی پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار. لە یەکەمیان مرۆڤە بە مافەوە، لە دوھەمیان ڕەعیەتە بە ئیتاعەتکردن و گوێڕایەڵیەکی بەردەوام و درێژخایەنەوە.
سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری کوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن