سەرژمێری دانیشتوان و رۆژی جیهانیی فەلسەفە لە ساڵی 2024
11/20/2024 8:21:00 PM
نەوزاد جەمال
ساڵانە یونسکۆ لە سێیەم پێنجشەمەی مانگدا لە سەرتاسەری جیهاندا، کۆمەڵێ دیدار و سەمینار سەبارەت پرسەکانی مرۆڤەیاتی وەک ژینگە، ئاسایش، سەقامیگیر، هەژار و هتد... لە روانگەی فەلسەفەوە رێکدەخات.
ئەم ساڵ رۆژەکە(21-11) تەریبە بە 'سەرژمێریی گشتی دانیشتوان'. رێکەوتەکە لە وەدایە، بابەتی سەرەکی رۆژی جیهانی فەلسەفەی ئەمساڵ تێمای "inclusion and sustainability"- پەرەپێدانی بەردەوام و لەخۆگرتن-گشتیگیریی- لە جیهانە.
وەک لە گوتاری فەرمی دەوڵەتدا باسدەکرێت، سەرژمێریی لە پێناو دانانی پلانی پەرەپێدان و باشکردنی ئاستی بژێویی و گوزەرانی هاوڵاتیانە. کۆکردنەوەی داتا، دەبنە ژێرخانێکی زانستیی کە دۆخی هاوڵاتی دیاریدەکات.
دواکەوتنی پەرەپێدان و گەشەکردنی ژیانی هاوڵاتیانی ئێراق بە تەنها بۆ نەبوونی سەرژمێریی زانستیی ناگەڕێتەوە. ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن لە چوار دەیەی رابووردوودا بە هۆی دۆخی 'جەنگە'وە، وایکرد وڵات ژێرخانی ئابووریەکەی لە دەستی خۆیدا نەبێت. هەروەها، داتای تایبەت بە سەرچاوەی مرۆیی و سروشتییەکان نەکەونەسەر پلانی ستراتیجی وڵاتەکە. بەڵکو لە پێناو ئامانجی داکوتنی دەسەڵاتخوازییدا بەکارهات.
سەرژمێرییەکە نەک هەر بودجەیەکی گەورە دەبات، چەند رۆژێکی کاری هاوڵاتیانیش دەوەستێت و نیشانەی ئەوەشە کە لەم وڵاتەدا قەیرانی داتاو زانیاریی هەیە. لە کاتێکدا سەدان دامەزراوەی فەرمیی هەن، رۆژانە لە فەرمانگەکاندا داتا کۆدەکەنەوە. لە پسۆڵەیەکەوە، پێبژاردن و ناوتۆمارکردن و باج و هتد... لەبەرچی و بۆ کوێ کۆدەکرێنەوە؟
راست نییە کە داتا نییە، بەڵکو شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکان جا بە ئەنقەست بێ یان نا، نازانستییە. لەم سۆنگەوە، تێمای 'پەرەپێدان و لەخۆگرتن' کە یونسکۆ خستوویەتە ئەجێندای رۆژی جیهانی فەلسەفەوە لە جێی خۆیدایە. یەکەم؛ لەبەرئەوەی ئێراق دەوڵەتێکی سامانی سروشتی و مرۆیی زەبەلاحی هەیە و کەچی لەپێاوی پەرەدان بە ژیانی هاوڵاتییانی بە شیاوی بەکارنایەت. هێشتا لەسەر هێڵی هەژاری و بێکاری و خراپی کەرتی تەندرووستییە. ناعەدالەتی ئابووری و نایەکسانی بەرئەنجامی گەندەڵییەکی زەبەلاحە. لێکەوتەیەکی کۆچکردنە.
دووەم؛ لەخۆگرتنیش بە واتا ئابوورییە گشتیەکەی یان لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان گرنگە. لە خۆگرتن ئەوەیە کە نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لە پرۆسەی پەرەپێدان و گەشەکردنی ئابوورییدا بێبەشکرێن. دەیەک پترە مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتن و ناهاوتابوونی لەگەڵ بەغدا هەیە. ترس و نیگەرانی 'هەرێم' لە سەرژمێرییەکەش لایەنی سێیەمە. پاش پتر لە ساڵانێکی پلاندانی بۆ سەرژمێریی، تازە لەم مانگەی دوواییدا پرسیار و گومان لەسەر پرۆسەکە دروستبوو!
ئەگەڕێمەوە سەر رۆژەکەی خۆم. بۆنەیەکی ساڵانە لەسەر ئاستی یونسکۆ، وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و ئەو ئایدۆلۆجیایەی کە بانگەشە بۆ وەدەرنانی زانستە مرۆیی و فەلسەفە لە زانکۆکاندا دەکات.
فەلسەفە نەریتێکی دێرین و بەهاداری مرۆڤایەتییە. ئەرستۆ ووتەنی مرۆڤ "گیانەوەرێکی بیرکەرەوە/ئاخێوەرە". هەتا ئەقڵ بیربکاتەوە، فەلسەفە هەر دەمێنێت. بۆیە، ئەم رۆژە دەرفەتێکە سەرلەنوێ فەلسەفە پێناسە بکەمەوە.
لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ هەوڵدراوە پێناسەی واتا و ئامانج و ئەرکی فەلسەفە بکرێت. فەیلەسوفەکان بە جیا لە سۆنگەی پرسیارکردن و بیرکردنەوە لە پرسەکانی ژیانی مرۆڤ، فەلسەفەیان پێناسەکردووە.
فەلسەفە وەک چالاکیەکی هزریی سەبارەت بە مژار و کێشەیەک پێناسەی جیاواز هەڵدەگرێت و لەبەرئەوە یەک پێناسەی جێگیر و رەهای نییە.
بەپێی ئەزموونی خۆم، فەلسەفە لە دایکبوونی دووەمی مرۆڤە لە ژیاندا. بە ئاگاهاتنەوەیەکی سەرتاپاگیرە. لە دایکبوونێکە کە دەستپێکی بیرکردنەوە و ژیانکردن سەرلەنوێ دادەنرێتەوە.
هەموو پرسیارکردنێکی فەلسەفیی، تێهەڵچوونەوەیە بەوەی کە بە 'راستی رەها 'و پیرۆز و باڵا و بەڵگەنەویست' دادەنرێ. فەلسەفە هەمیشە ئەمانگێڕێتەوە بۆ بنەماو بنەڕەتی ئەوەی کە ناوی 'راستیەکان'ە.
لێرەوە، بیرکردنەوەی فەلسەفیی، بادانەوە، گەڕانەوە و پێچکردنەوەیەک لەو ئاڕاستەیەی کە لە ژیانتدا هەتبووە. ئەمەش، بوێری و ویستی گۆڕانکاریی و لە خۆڕابینینی ئەوێت. چونکە، سفرکردنەوەی ئەوانەی پێشترە کە 'هەبووە' و 'هەیە'.
لە دایکبوون، هاتنەدەرەوەیە لە قۆزاخەکانی 'کولتور، ئایین و باوەڕە چەسپیووە دەروونییەکانت. چاوکردنەوەیە لەو ئەشکەوتەی کە ناوی "جیهان"ە. فڕێدانی هەرچی وەڵامێکە کە پێشتر زانیوتە و بەبیرتداهاتوە. ئەبێت دیکارت ووتەنی، تەنانەت بۆ ساتێکیش بێ، گومان لە هەبوونی خۆت بکەیتەوە.
فەلسەفە ئەو دەرفەتەیە کە مرۆڤ لە ژیاندا ئیستێک دەکات و لەسەر بڕیارەکانی هەڵوەستەدەکات.
ئەکرێ ئەم پرسیارە ساکارانە بێت؛ ئەرێ ناکرێ بارودۆخەکە وانەبێ؟ بۆچی هەر بەمجۆرە چارەنووسمان دیاری بکرێ؟ ئێ؛ ناکرێ "تاکە وەڵامێک" بۆ هەتاهەتایە ژیانم ئاڕاستە بکات؟ ئایا لە پشت ئەوەی کە هەیە، راستیی درکپێنەکراو نەووتراو بە دەستهێنراویتر نەبێت؟
خۆ 'ژیان' وەستان نییە، بەڵکو بەردەوام لەبەری ئەڕوات. کەواتە، تەنها یەک رستە، یەک بیرۆکە، یەک بیردۆز و یەک سیستم، دەرەقەتی گۆڕانکاری و خواستەکانی ژیان نایەت. پرسیاری فەلسەفی شکاندنی قوفڵەکان و کلیلی هەموو ئەگەرەکانە.