69وتار

کەرکوک بە ژمارە

11/18/2024 3:52:00 PM
بارام سوبحی

لە سەرژمێرى (1957)دا ڕێژەى ئەوانەى زمانى کوردییان بە زمانى دایکى خۆیان دانابوو لە لیواى کەرکوک (48%) دانیشتوانی پێکدەهێنا، بەڵام لە سەرژمێرى (1997)دا لە پارێزگاى کەرکوک تەنها (21%) دانیشتوان بە کورد تۆمارکران.

- بەپێى بەڵگەنامەکان لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعسدا (1968 - 2003)، لە چوارچێوەى سیاسەتى زۆرەملێى (راستکردنەوەى بارى نەتەوەیى - تصحیح قومیە)دا، (38147) کورد کراون بە عەرەب یان خۆیان کردوە بە عەرەب، هەروەها (42386) تورکمان خۆیان کردوە بە عەرەب یان کراون. واتە بەگشتى (80533) کەس ناسنامەى نەتەوەییان گۆڕدراوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هەر لەو ماوەیەدا کۆى گشتى عەرەبى هاوردە بۆ کەرکوک (26476) خێزان بووە کە (214696) کەس بوون. لەو ژمارەیەش (16104) کەسیان فەرمانبەر بوون و هێنراونەتە ناو کەرکوک، زۆربەشیان خراونەتە کۆمپانیاى نەوتەوە.

- عەلى حەسەن مەجید (عەلى کیمیایى) بەرپرسى نووسینگەى باکورى حیزبى بەعس، واتە دەسەڵاتدارى یەکەمى بەعسیەکان لە کەرکوک و کوردستان، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى حیزبى بەعس، ئەمن و سوپا لە کەرکوک لە (15/4/1989)، دەڵێت: کاتێک هاتمە ئێرە ژمارەى عەرەب و تورکمان لە (51%) دانیشتوانى کەرکوک زیاتر نەبوو. بۆ ئاگاداریتان شەست ملیۆن دینارم خەرجکرد تا گەیشتینە ئەم دۆخەى ئێستا. هەموو ئەو عەرەبانەى کە هاوردمان بۆ کەرکوک، ڕێژەکەیان نەگەیاندە (60%)، لەبەرئەوە لە کوردانى کەرکوک و دەوروبەرەکەى قەدەغەم کرد لە دەرەوەى ناوچەى ئۆتۆنۆمى کاربکەن.

-بەر لە ساڵى (1976)، ڕووبەرى شارى کەرکوک (پارێزگاکە) بریتى بووە لە (19.543 کم2)، هەروەها کەرکوک بریتى بووە لە حەوت قەزا و (23) ناحیە و (1438) گوند. دواى ئەو مێژووە بووەتە سێ قەزا و نۆ ناحیە و (590) گوند، ڕووبەرەکەشى بووەتە (9426 کم2)، واتە بەگشتى (10.117 کم2) لە ڕووبەرەکەى دابڕێنراوە.

-لەماوەى هەردوو ساڵى (1987 - 1988)دا لە سنورى کەرکوک (781) گوند ڕوخێنراوە، شەش ناحیە وێرانکراوە و هەڵوەشێنراوەتەوە کە لەو گوندانەدا (37726) خێزان ژیاون. (39187) خانوو ڕوخێنراوە. (45777) خێزان راگوێزراوە و بەشێکى بەر شاڵاوى دڕندانەى ئەنفال کەوتوە.

-لە کەرکوک لە (1/7/2007) تا (31/8/2014)، ژمارەى ئەو خێزانە ئاوارانەى بۆ قەرەبووکردنەوە ناویان نووسرابوو، کە لە سەردەمى بەعسدا بەر شاڵاوى ڕاگواستن و تەعریب و سڕینەوە کەوتوون (130) هەزار خێزان بوون. ئەو خێزانە عەرەبانەش کە فۆرمى قەرەبوویان بۆ پڕکرابوەوە تا بگەڕێنەوە شوێنى پێشوویان (30384) خێزان بوو.

سەرچاوەکان:
1. دکتۆر جەبار قادر: کەرکووک نەفرەتى نەوت و ستەمى دیمۆگرافیا، لەبڵاوکراوەکانى ئەکادیمیاى کوردى، چاپى دووەم، هەولێر، 2022.
2. لەتیف فاتیح فەرەج: برینەکانى قودس و دڵ، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى رۆشنبیرى جەمال عیرفان، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران، 2021.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن