35وتار

تاران و بەغدا نیوەی کارەکە و ئەنقەرەش نیوەکەی تری تەواودەکات

6/29/2024 1:50:00 PM
داهێن هاشم

هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوخاکی هەرێمی کوردستان لەبست تێپەریوەو تاقوڵایی ناوچەی بادینان هاتوە.

لەشکری تورکیا ئەمجارە بەبێ هیچ نارەزایەتیەکی نهێنی و ئاشکرا پێشرەوی دەکات، بازگە و بنکە و بارەگای نوێ دادەنێن، ناسنامە لە هاوڵاتیان وەردەگرن و گوندان بەگوندنشینان چۆڵ ئەکەن، رەزوباخ ئەسوتێنن و رەنگە تاڵانیش دەستپێبکەن.

چاوەرێ بوین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گرفت و گرێکوێرەی موچەی خەڵکی کردبێتەوە و ئیتر وەزیر و کاربەدەستەکانمان دەنگ دژی داگیرکاریە نوێیەکە هەڵبرن، کەچی بێدەنگ بون.

لەناوچە داگیرکراوەکانی خواروی کەرکوک و سەرگەران و تد، جوتیار و هاوڵاتی کورد خۆی بەرگری لەخاک و ناسنامەکەی دەکات ، ژنی کوردی ئازا لەوناوچانە پەیام ئەدەن بە  هێزە چەک بەدەستەکانی هەرێم و کە تەنها شایەنی رسوابونن، هیج هێزک و هیچ حزبێک ناچێت بەدەنگ هاواری ئەم خەڵکە بەشمەینەتەی وا سەد ساڵە خوێن لەپێناوی پاراستنی خاکەکەمان ئەدەن.

بێدەنگی و بێهەڵوێستی حزب و لایەنەکان ، بێدەنگی و بێهەڵوێستی روناکبیر و نوخبەی سیاسی مەترسیدارە بەقەد مەترسی داگیرکاریەکە، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەدەست بازرگانی سیاسی و زەبونەوە وەک ئێستا گیرۆدەنەبوە .

ئەم لەشکرکێشیە نوێیەیی تورکیا جگە لەئامانجە سەربازیەکەی، ئامانجی هەرە رونی زیاتر بچوکردنەوەی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئەو شەرعیەتە یاساییە کەکورد بە سەدان ساڵ دروستیکردوە ، بەدڵنیاییەوە وەک چۆن له رۆژئاوایی کوردستان هەموو توانایی سەربازی خۆی بۆ لەباربردنی هەڵبژاردنەکان خستەکار و سەرەنجام هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا ، هەمان نەهج لەهەرێمی کوردستانیش دەگرنه بەر ، بەغدا وتاران نیوەی کارەکەیانکردوە و ئەنقەرەش تەواوی دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن