67وتار

نیشتمانپەروەری و یاسا لە ژێر دەسەڵاتی خێڵەکیی

9/24/2024 4:47:00 PM
فارس حسين

لەو کۆمەڵگایانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە خێڵەکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، چەمکەکانی نیشتمانپەروەری وسەروەری یاسا لە بنەڕەتدا بەرەوڕووی تەحەدا دەبنەوە. نیشتمانپەروەری کە لە دەوری دڵسۆزی بۆ میللەت و بەرژەوەندی گشتی دەسوڕێتەوە، لەم سیستەمە خێڵکیەدا  دەشێوێت، چونکە هۆزەکان بەرژەوەندییەکانیان لە سەرووی بەرژەوەندیی گەل  بە گشتی دادەنێن. سەبارەت بە یاساش کە  کەرەستەیەکە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری ویەکسانی، دەوڵەت دەکاتە ئامرازێک بۆ دەستبژێرە خێڵەکییەکان  خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان یان بۆ پاراستنی تاکەکانیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بەکاردێت. 

ئەمەش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی دەوڵەت وەک قەوارەیەکی هەمەلایەنەی  گەل کە نوێنەرایەتی هەموو هاووڵاتیان بکات . ئەو دەسەڵاتە ڕاستەقینەیەی کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان کۆنترۆڵ دەکات، لە ئاسایشەوە تا ئابووری و سیاسەت، بۆ بەرژەوەندی خێڵکی. لەئەنجامدا چینێک لەو دەستبژێرە خێڵەکییە سەرهەڵدەدەن کە سوود لە ئیمتیازاتی دارایی ویاسایی لەسەر حیسابی زۆرینەی ڕەهای خەڵک وەردەگرن.

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس و"پرۆسەی ڕزگاری عێراق_٢٠٠٣" لە دەسەڵاتی شۆڤێنی ڕەگەزپەرستانە، دەرفەتێک هاتە پێشەوە بۆ ڕزگاربوون لە چەمک وپراکتیکەکانی بەعس و  بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. سەرەڕای کەمی ئەزموون لەبەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەکان و گواستنەوە بەرەو شارنشینی بە نیعمەتی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد. بەڵام ئاغا و هەڵپەرستەکان بوونە هێزی کارا لەکۆمەڵگەی نوێدا ومیراتی بەعسیان بەردەوام کرد وبە شێوازی نوێ جێبەجێی کرد.

بە تێپەڕبوونی کات، یەکسانی نێوان تاکەکان لەبەردەم یاسادا دەستی بە کاڵبوونەوە کرد. ئاغاکان دەسەڵاتی خۆیان بۆ لەناوبردن وشێواندنی کولتووری کۆمەڵگا بەکارهێنا، بەرژەوەندی خێڵەکی لەپێش سەروەری یاسا ودادگاکانەوە بوو.ئەوان ئیمتیازاتی دارایییان لەبودجەی دەوڵەت وەرگرت،هێزی چەکداریان دامەزراند بۆ پاراستنیان،ئەمەش نزیکەی پارێزبەندییەکی ڕەهای پێ بەخشیون. لەهەندێک حاڵەتدا پەناگەیەکی ئارامیان بۆ تاوانباران وهەڵاتووەکان دابین دەکرد، ئەمەش ئاسانکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی تاوان ودەستبەسەرداگرتنی سەروەت وسامانی وڵات بە زۆر.

لەهەرێمی کوردستان هۆزە کاریگەرەکان بەهۆی کاریگەری وتۆڕە بەرفراوانەکانیانەوە توانای ئەوەیان هەیە لەسزا ڕزگاریان بێت. ئەم دۆخە هەستێکی قووڵی نادادپەروەری لەنێوان چین وتوێژەکانی دیکەی کۆمەڵگادا دروستکرد،بووە هۆی وەرینی متمانە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت. یاسا لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ جیاکردنەوەی حەق لەهەڵە، بووەتە ئامرازێک لە دەستی هێزە خێڵەکییەکان بۆ ئاراستەکردنی وڵات بەپێی بەرژەوەندی خۆیان.

لەلایەکی ترەوە نیشتمانپەروەری لەژێر دەسەڵاتی  خێڵەکیدا کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە. بیرۆکەی دڵسۆزی بۆ نیشتمان دژایەتی کولتوری خێڵەکی دەکات، کە شوێنی سەر بە خێڵەکە لەپێش هەموو شتێکەوەیە. عەشیرەت بوو بە یەکەی بنەڕەتی ناسنامە، ئەمەش بیرۆکەی سەر بە نەتەوەیی بوونی کوردستانی تێکشکاند ویەکڕیزی هاووڵاتیان لەنێوان خۆیاندا زەحمەت کرد. نیشتمانپەروەری بۆتە دروشمگەلێک کە تەنها کاتێک بەرز دەکرێتەوە کەخزمەت بەبەرژەوەندی خێڵەکییەکان بکات.

دەبوو کۆمەڵگا درکی بەم گۆڕانکارییە مەترسیدارە بکردایە و بە تایبەتی دەبوو ئۆپۆزسیۆن ئاگاداری ئەو شتانە بوایە کە ڕوودەدەن و خۆی لەم هێزانە جیابکاتەوە کە بە زەبری هێز دەسەڵات بەڕێوە دەبەن. بەڵام، بەداخەوە وڵات کەوتۆتە ژێر قورسایی نەفرەتێکی سیاسی، بەو پێیەی ئاغاو سەرۆک  عەشیرەتەکان بوونەتە سەرکردەی بانگەشەی هەڵبژاردن و هاوپەیمانی دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین نیشتمانپەروەری و سەروەری یاسا لە ژێر دەسەڵاتی خێڵەکی داوەشایەو  بۆ گەیشتن بە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە و سەروەری یاسا پێویستە دەوڵەت لەچنگی دەستبژێری خێڵەکی ڕزگار بکرێت و سیستەمێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و یاسا بنیات بنرێت . بەبێ ئەم گۆڕانکارییە، دەوڵەتی مۆدێرن دروست نابێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن